بەرخۆدانی قەڵای دمدم لە کۆبانێ زیندوو بووەوە

لە جەنگی ١٣٤ ڕۆژەدا شەڕڤانانی کورد لە دژی دڕندەیی چەتەکانی داعش ئەفسانەی مێژووییان تۆمارکرد، ئەو بەرخۆدانەی کە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە قەڵای دمدم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا، شەڕڤانانی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا لە کۆبانێ زیندوویان کردەوە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە هەناوی خاکی کوردستاندا مێژوو شاهیدی چەندین بەرخۆدانی بێهاوتا بووە. بۆیە نەک تەنها خاکەکەی، بەڵکو لە بەدەستهێنانی بوون و شوناسیشدا شاهیدی شەڕی بێ بەزەیی بوو؛ هەموو ئەو بەرد و دار و ڕێگایانەی کە زۆرێک لە تێکۆشەرانی سەربەرزی بەرخۆدان بەسەریاندا ڕۆیشتوون، هەموو کانی و دۆڵ و دەشت و شاخەکان بۆ ئازادی بەرخۆدانیان کردووە و بوونەتە چاوی ئەم کولتوورە خۆڕاگرییە. بەرخۆدانیی قەڵای دمدم لە ساڵی ١٦٠٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە ناو و شوناس لە بەرامبەر لەشکرکێشی و هێرشی سەفەوییەکان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. لە کۆبانێ بۆ ماوەی ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانێکی بێهاوتا دژی چەتەکانی داعش هەبوو، بینایەکی چوار نهۆمی کە ٤ چەکداری یەپەگە-یەپەژە بۆ ماوەی ٣ مانگ بەرخۆدانیان تێداکرد، بووە قەڵای دمدمی کۆبانێ.

 

قەڵای دمدم

داستانی قەڵای دمدم یەکێکە لە بەناوبانگترین و کۆنترین داستانە کوردییەکان. دمدم ناوی قەڵایەکی مێژووییە کە هێمای شەڕ و بەرخۆدانی کوردە دژی سیاسەتی سەفەوییەکان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. ئەم داستانە لە نێوان ساڵانی ١٦٠٥-١٦٠٩ لە ناوچەی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراوەتەوە. بەرخۆدانی قەڵای دمدم مێژوویی و ئەفسوناوییە لەسەر بنەمای ڕووداوێکی ڕاستەقینەیە و ڕووداوێکە لە ئاکامی تێکۆشانی گەلی کورد بۆ بوون و ئازادی و سەربەخۆیی ڕوویدا.

 

ئەم داستانە باس لە ئەزموونی ئەمیر خانی لەپزێڕین، میری هەرێمی برادۆست دەکات، کە قەڵایەک بە ناوی دمدم بۆ پاراستنی بنەماڵە و هۆز و نەتەوەکەی لە لەناوچوون، دروستدەکات، شا عەباسی سەفەوی و سوپاکەی بە شێوەیەکی توند هێرشیان کردەسەر قەڵای دمدم. قەڵاکە بە پلانێک دەورەدرا، چەند کەسێک لەناو قەڵاکەدا خیانەت لە خانی لەپزێڕین دەکەن و نهێنی قەڵاکە دەدەنە دوژمن. هەر بۆیە ژن و منداڵ قەڵا بەجێدەهێڵن و دەچنە چیاکان، پارێزەرانی قەڵاکە بە پێشەنگایەتی خانی لەپزێڕین دەروازەی قەڵاکە دەکەنەوە و شەڕێکی بێ وێنە ئەنجام دەدەن، خانی لەپزێڕین لەگەڵ شەڕڤانەکانیدا تا کۆتایی بۆ پاراستنی بوونیان شەڕ دەکەن و گیان لەدەستدەدات.

 

تا ئەمڕۆش داستانی قەڵای دمدم، هێمای یاخیبوون و قارەمانێتی و بەرخۆدانی گەلی کوردە و دەیان کتێب و ڕۆمان و شیعری لەسەرە، ئەگەرچی ٤٠٠ ساڵ بەسەر ئەم داستانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام شەڕ لە هەناوی کوردستاندا کۆتایی نەهاتووە و بەرخۆدانی قەڵای دمدمیش تا ئێستا بەردەوامە.

 

لە بینایەکی ٤ نهۆمیدا ٤ شەڕڤان چەند مانگێک بەرخۆدانیان کرد

لە ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٥ بەرخۆدانێکی هاوشێوەی قەڵای دمدم لە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا. چەتەکانی داعش، کە وەک مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی و دڕندانە لە سەدەی ٢١دا ناسێنران، هێرشێکی بەرفراوان و توندیان کردە سەر کۆبانێ، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە قارەمانێتییەکی گەورەیان بۆ بەرگری لە کۆبانێ نیشاندا. لە هەر کوچەیەکدا داستانێک نووسرایەوە، ئەو داستانەی ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تۆمارکرا، بە قارەمانێتی ٤ شەڕڤان لە بینایەکدا کە ناوی "قەڵای دمدم"ی لێنرا، تۆمار کرایەوە.

 

بینایەک کە لە ٤ نهۆم پێکهاتووە، دوو کۆڵان لە دەروازەی سنووری مورشیدپینار لەسەر سنوری باکوور-ڕۆژئاوای کوردستانەوە دوورە، لە لایەکیەوە ٢ شەڕڤانی یەپەژە و لە لایەکی دیکەش ٢ شەڕڤانی یەپەگە ماوەی ٣ مانگە ناوچەکەیان پاراست.

 

دیرۆک، سورخوێن، دیلۆڤان و ڕۆژهات شەو و ڕۆژ بە چەکی دۆشکە ناوچەکەیان پاراست، چەتەکان دەیانویست دەروازە سنوورییەکە دابخەن، بۆیە بە شێوەیەکی چڕ بیناکەیان دەکردە ئامانج، دیلۆڤان بەهۆی چەکی قورس گیانی لەدەستدا، ڕۆژهات کە ناوی بیناکەی ناوە قەڵای دمدم، بووە جێی ئامانجی قەناس و گیانی بەخشی، ئەو دوو شەڕڤانەی لە بیناکەدا مابوونەوە، قەڵای دمدمیان بەجێنەهێشت، بە بەرخۆدانییەکی زۆرەوە بەرگرییان لە بیناکە کرد و نەیانهێشت بکەوێتە دەستی چەتەکان.

 

مۆزەخانەی کۆبانێ ئەو داستانە بە زیندووی دەهێڵێتەوە

ئەو بینایەی کە ناوی قەڵای دمدم بوو بە هەموو جۆرە چەکێک کرایە ئامانج، زۆربەی بیناکانی دەوروبەری وێران بوون، بەڵام دمدم مایەوە. ئەم بینایە هێمایەکی سەرنجڕاکێشە لە مۆزەخانەی بەرخۆدانی کۆبانێدا، هەرچەندە ٨ ساڵ بەسەر ئەو جەنگەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا خەڵک هەست بەو قارەمانێتییە دەکەن.

 

شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە بۆ ماوەی ٣ مانگ لە بینای قەڵای دمدم شەڕیان کرد. بە خۆڕاگرییان مێژووی قارەمانانەی کوردیان لە قەڵای مێژوویی دمدمدا زیندوو کردەوە، کە چەند سەدەیەک لەمەوبەر ڕوویدا و ئەمجارەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە بووەوە.