دەسەڵات هۆکارە بۆ نەمانی هەستی نیشتمانی لەناو گەنجاندا

هەستی نیشتمان پەروەری لەناو گەنجان بەرەو لەناوچوون دەچێت و توێژە جیاوازەکانیش گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و ژیانی شایستە بۆ گەنجان بە هۆکار دەزانن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- قەیران، نەبوونی هەلیکار، نەبوونی خزمەتگوزاری، خراپی باری دارایی، کاریگەری داگیرکاری لەسەر کۆمەڵگە و چەندین هۆکاری دیکە، هەستی نیشتمانیی لەناو توێژی گەنجان بەرەو لەناوچوون بردووە و ئەوەی ڕوودەدات، لەم چەند ساڵەی دوایدا تەوژمی کۆچی گەنجانی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەدوای خۆیدا هێنا، گەنجان بوون بە قوربانی ڕێگەی کۆچ و چەندین خێزان لە نێوان ڕێگەی مەرگ و ئاودا خێزانەکانیان لەدەستدا، هاوڵاتیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە کۆمەڵگە بووە بە کۆمەڵگەی مافیا و بەرپرسەکان و ژیان بۆ هاوڵاتی نەماوە.

 

جیاوازی چینایەتی و هۆکاری نەمانی هەستی نیشتمانییە

ڕەنگین سەلام، ڕۆژنامەنووس، باس لەوەدەکات کە گەنجەکانمان ئێستا نیشتمان بە هی خۆیان نازانن، چونکە جیاوازی چینایەتی دروستبووە و چینی دەسەڵاتدار و بەرپرس و منداڵی بەرپرسەکان بوونەتە خاوەنی نیشتمان و بۆ خەڵکی فەقیر نییە، وتیشی" هاوڵاتیان گلەیی دەکەن کە دامەزراندن نییە و گەنجان هەلیکاریان دەستناکەوێت، ئەمەش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە کە خزمەتگوزاری بۆ گەلەکەی نییە".

 

سرودی ئەی ڕەقیب چێژەکەی جارانی نەماوە

ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لەوەدەکات کە جاران گوێیان لە سرودی ئەیرەقیب بووە چێژێکی تایبەتی هەبووە بەڵام ئێستا بە شتێکی ئاسایی دێتە بەرگوێیان و نەیشاردەوە کە گەنجەکانمان بێ هۆکار نییە باوەڕیان بە نیشتمان نەماوە، گەنجان دەست بۆ هەر کارێک ببات، بە دەستی ناگات، زۆربەیان لە ڕێگەی کۆچدا گیانیان لەدەستدا و حکومەت نەهاتە سەرخەت، بچوکترین خزمەتگوزاری هەبوونی ڕێگا و بانێکی سەلامەتە ئەویش بوونی نییە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری خاڵیبوونەوەی هەستی نیشتمانی گەنجانمانە

شادان حەبیب، وەک هاوڵاتیەک باس لەوەدەکات کە هۆکاری نەمانی هەستی نیشتمانی ئەوەیە کە گەنجەکانمان لە پشت فەیسبووک و سۆشیال میدیاوە خۆیان خاڵی دەکەنەوە و قسەدەکەن بەڵام بە کردار ناتوانن هیچ بسەلمێنن، "نەبوونی هێزی کارو پلاندانان بۆیان هۆکارێکە کە بە شەپۆل گەنجەکانمان وڵات بەجێدەهێڵن و هەستی نیشتمانی پەلکێشیان ناکات بۆ مانەوەیان".

 

هاوڵاتیان خوازیاریشن کە بیر و باوەڕی گەنجان بگۆڕدرێت و لەپێناو تیکۆشان و بەدەستهێنانی مافەکانیان بجەنگن.