دایکێک واز لە کاری خزمەتگوزاری دەهێنێت و دەچێتە بەر خوێندن

ژنێکی نیپاڵی واز لە کاری خزمەتگوزاری ماڵان دەهێنێت و لەگەڵ کوڕەکەیدا دەچێتە هەمان قوتابخانە و دەست بە خوێندن دەکات و دەیەوێت پۆلی ١٢ تەواو بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرواتی سونار، دایکی دوو منداڵە و نیپاڵییە، لەگەڵ کوڕەکەیدا لە هەمان قوتابخانە دەست بە خوێندن دەکات، پەرواتی واز لە خوێندن دەهێنێت کاتێک لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی ٧ ساڵ گەورەتر دەکات، دوای چەندین ساڵ ئێستا ئەو ژنە دەست بە خوێندن دەکاتەوە و دەیەوێت پۆلی ١٢ ببڕێت.

 

پەرواتی لە گوندی پونارباس لە لێواری باشووری ڕۆژئاوای نەتەوەی هیمالایا لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا دەژی لە خانوویەکی هەژاردا کە تەنانەت دەستشۆریشی تیادا نییە، هاوژینەکەشی لەبەر هەژاری لە شارێکی دیکە سەرقاڵی کرێکارییە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی.

 

لە وڵاتەی پەرواتیدا تەنها نزیکەی ٥٧٪ی ژنان لەو وڵاتەدا کە ٢٩ ملیۆن کەسن خوێندەوارن و پەرواتی تەمەن ٢٧ ساڵە، لە پۆلی ٧ دەخوێنێتەوە و لەگەڵ کوڕە ١١ ساڵەکەیدا لە هەمان قوتابخانە وانە دەخوێنن، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو چێژ لە فێربوون وەردەگرێت و شانازی دەکات بەوەی لەگەڵ هاوپۆلەکانیدایە، کە ئەوان لە تەمەنی منداڵەکانیدان، هیوادارە ببێتە کەسێکی خوێندەوار، ئەو ژنە ئاماژەی بەوەشکردووە کە نەدەبوو لە کاتی خۆیدا واز لە قوتابخانە بهێنێت، بەڵام ئەو لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بووە بە دایک و لە ئێستادا ئارەزووی گەیشتن بەو وانانەی هەیە کە لەدەستیداوە.

 

هەوڵەکانی پارواتی دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ ژنانی گوندەکان کە تینووی فێربوونن لە دەرەوەی ئاسۆی ناوخۆیی خۆیان لە نیپاڵ، کە هێشتا ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە و هاوسەرگیری کچان لە تەمەنی منداڵیدا بەربڵاوە، هەرچەندە بە نایاسایی ئەنجامی دەدەن.

 

داتا فەرمییەکان دەریدەخەن، ناونووسینی کچان لە خوێندنی بنەڕەتی یان پۆلەکانی یەکەم تا هەشتەم ٪٩٤ ە، بەڵام کریشنا تاپا، سەرۆکی فیدراسیۆنی قوتابخانە کۆمەڵایەتییەکان، دەڵێت: نزیکەی نیوەی کچان وازیان لە خوێندن هێناوە، بە هۆکارێک لە کەمی کتێبی خوێندنەوە تا هەژاری و سەختی ژیانی کچان لەناو خێزانەکانیاندا.

 

یەکێکی دیکە لە سەختییەکانی خوێندن بۆ کچان ئەوەیە، بەشێکی زۆری قوتابخانەکان دەستشۆر و تەوالێتیان نییە، بۆیە زۆربەی کچان لەکاتی سوڕی مانگانەدا واز لە خوێندن دێنن، بەڵام پەرواتی بڕیاری داوە واز لە خوێندن نەهێنێت و پۆلی ١٢ تەواو بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.