چیرۆکی ژنانی داعش لە کامپی ڕۆژ

ژنانی داعش لە وڵاتانی عێراق و ئەڵمانیا کە لە کامپی ڕۆژ دەژین، باسیان لە کردەکانی داعش کرد کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- کامپی ڕۆژ دەکەوێتە شاری دێرک لە کانتۆنی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم کامپە یەکێکە لە مەترسیدارترین کامپەکان لە دوای کامپی هۆل و لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن ئیدارەی خۆسەر دامەزراوە و نزیکەی ٨٠٠ خێزان و ٢٥٠٠ کەسن کە هەموویان ژن و منداڵی عێراق و پەنابەری سوری و بیانین لە گەلانی عێراق و ئەوروپییە داعشییەکان کە خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە کردووە لە شەڕی داعش لە ڕۆژهەڵاتی فورات.

 

دوو ژنی داعشی عێراق و ئەڵمانی کە لە کامپەکەدا دەژین قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد و باسیان لە دۆخی خۆیان و ئەو ڕووداوانە کرد کە بەسەریاندا دێت.

 

هیبا عەباسی عێراقی، لە تەمەنی ١١ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ چەتەیەکی داعش کردووە و لەگەڵیدا چووەتە سوریا، دەڵێت: "خێزانەکەم داعش بوون، لە تەمەنی ١١ ساڵدا بووم کاتێک چەتەیەکی یەمەنیان ناسی و هاوسەرگیرییان پێکردم، ژیان لەناو داعش زۆر سەخت بوو، هەستم دەکرد لە زینداندام، ئازادی لای داعش نییە، من منداڵێکی بچوک بووم خەتای من چی بوو لە شووکردن بە چەتە؟"

 

"هەر کەس دەگیرا بە بیانووی کوفر دەکوژرا"

هیبا عباسی باسی ڕووداوە دڕندانەکان دەکات كە لە داعشیەکانەوە بینیویەتی، "كاتێك ئێمە لەناو داعشدا بووین، دڕندەیی زۆر هەبوو، زۆر كەسی بێتاوان بوونە قوربانی تیرۆر لەلایەن چەتەكانی داعشەوە، هەرکەسێک لە دەرەوە دەهات بە بیانووی کوفر دەگیران و دەکوژران، زۆر زەحمەت بوو. تەنانەت منداڵانی بچووکیش لە دڕندەیی و تیرۆری ئەوان ڕزگار نەبوون و دەکوژران، جارێک کە لە ڕەقە بووم بینیم چۆن پیاوێک کوژراوە، بە چەقۆ سەر بڕدرا، کاتێک بە چاوی خۆم ڕووداوەکەم بینی، بیرم دێتەوە کە ئەو شەوە نەمتوانی بخەوم. هەرچەندە دەیانگوت ئەو پیاوەی کوژراوە گوناحیان نییە، بەڵام چەندین کردەوەی ترسناک و دڕندانەی داعشم بینیوە، ئەوان مافی مرۆڤیان نییە و تیرۆریستن".

 

"هیبا ئاماژەی بەوەدا، کاتێک مامەڵە و نزیکایەتی قەسەدەی لەگەڵ ژنان و منداڵانی داعش بینیوە، درکی بە هەڵەکەی کردووە و وتی: کاتێک هاتمە کامپی ڕۆژ، تەمەنم ١٤ ساڵ بوو، جیاوازییەکی زۆرم بینی لەلای کوردەکان، من بە چاوی خۆم بینیم کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قەسەدە چۆن مامەڵە لەگەڵ ژنان و منداڵان دەکەن، دواتر تێبینیم کرد و درکم بە هەڵەکەم کرد. کاتێک بۆ یەکەمجار هاتمە ئێرە لە ژنانی داعش دەترسام چونکە باڵاپۆشەکەم لابردبوو، داعش ناچاری کردم عەبای ڕەش لەبەربکەم. بەڵام لە ئێستادا کەس ناتوانێت ناچارم بکات. هیوادارم حکومەتی عێراق داوای گەڕانەوەم بکات، خێزانەکەم سەر بە داعشن و هەڵاتوون بۆ تورکیا، بۆیە خێزانەکەم ناتوانن داوای من بکەنەوە.

 

"ژنان لای داعش هیچ مافێکیان نییە"

زەکیە، کە لە ئەڵمانیاوە هاتووە و پەیوەندی بە داعشەوە کردووە، چیرۆکی ٨ ساڵ لەمەوبەری خۆی دەگێڕێتەوە و ئاماژەی بەوەدا ژنان هیچ مافێکیان لای داعش نییە و وتی: ٨ ساڵ لەمەوبەر لە ئەڵمانیاوە هاتوومەتە سوریا، ٣ ساڵ لەناو داعش مامەوە و دواتر هەڵهاتم و ماوەی ٥ ساڵە لە کامپی ڕۆژ دەژیم. من هاوسەرگیریم لەگەڵ پیاوێکی هەڵە کرد، هاوژینەکەم فێڵی لێکردم، وتی کاری لە تورکیا هەیە و من و کچەکەم لەگەڵی هاتین، ٨ ساڵە دایک و باوکم نەبینیوە، لەناو داعشدا ژن هیچ مافێکی نییە و تەنها دەبێت دەمی دابخات.

 

"کە عەبا ڕەشەکەم فڕێدا وتیان تۆ کافری"

زەكیە خستیەڕوو كە عەقڵیەتی داعش لەسەر بنەمای كوشتن و دڕندەیی دامەزراوە و وتی: عەقڵیەتی داعش تەنیا كوشتن و لێدان و دڕندەییە، هیچ شتێكی باشیان نییە، ژنانی داعش لە کامپەکاندا دەڵێن ئێوە کافرن چونکە من باڵاپۆشەکەمم لابردووە، ئەگەر قسەی خراپیشم پێبڵێن من گوێیان لێ ناگرم، من کێشەم لەگەڵ ژنانی داعشی ناو کامپەکە هەیە، چەند مانگێک لەمەوبەر نزیکەی ٢٠٠ ژنی توندڕەو هەوڵیاندا بمکوژن، چونکە لەگەڵ پیاوێکدا قسەم کرد، ئەمە زۆر ئاساییە بۆ ئێمە وەک میللەتێک، بەڵام بۆ داعش هەموو شتێک حەرامە و بە واتای کوفر دێت.