چاکەخوازی، هەنگاونان بۆ بەرەو مرۆڤ بوون و یەکسانیخوازی

یەکێک لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی مرۆڤ چاکە کردنە لەگەڵ خودی خۆت و کەسانی دەوروبەر یان سروشت و گیانەوەران، بێ جیاوازی ڕەگەزی، ئاینیی، باوەڕ و نەتەوەیی.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- هەر مرۆڤێک کاتێک لە دایک دەبێت خاوەن چەندین تایبەتمەندییە کە بە شێوازیکی سروشتی ئەوە تایبەتمەندییانە لە هەموو تاکێکدا بوونی هەیە، گۆرانکاری لەو تایبەتمەندییانەدا و ئاڕاستەکردنی بە دەستی خودی مرۆڤ بۆ خۆیەتی.

 

یەکێک لەو تایبەتمەندییانە چاکە کردنە لەگەڵ خودی خۆت و کەسانی دەوروبەر یان سروشت و گیانەوەران.

 

چاکەخوازی بە زنجیرەیەک بنەمای ئەخلاقی وەک نیازپاکی و هاوسۆزی بۆ یەکتری و میهرەبانی بەستراوەتەوە، چاکەخوازی لە سروشتی مرۆڤدایە و کەسایەتی چاکەخواز ئەوە پەسەند دەکات کە تەنیا مرۆڤبوون بەسە بۆ یارمەتیدانی یەکتر و نابێت فاکتەرەکانی وەک "جیاکاری ڕەگەزیی، نەتەوەیی و جیاوازییە ئاینییەکان" ڕێگربن لە یەکتر خۆشویستن و چاکەکردن لەگەڵ یەکتردا، هاوکات هەر ئەم تایبەتمەندییە وادەکات کە هەم دەوروبەرت دڵخۆش بن بە هەبوونت و هەمیش خۆت ویژدانت ئاسوودە دەبێت.

 

چاکەخوازی تەنیا تایبەتمەند بە جوگرافییایەک نییە  و بێگومان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، مرۆڤی چاکەخواز نەک هەر بیری لە ژیانی تاکەکەسی خۆی نەکردووەتەوە، بەڵکو هەموو هەوڵێکی بۆ یارمەتیدانی ئەوانی تر داوە، لەوانەیە زۆرێک لەو مرۆڤە دڵسۆزانە لە خزمەتی یەکتریشدا بمرن کە بە هەوڵ و کۆششی خۆیان جیهانیان کردووەتە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان.

 

چاکەکردن چی دەگرێتەوە؟

زۆرێک پێیان وایە چاکەکردن زۆرتر لە بواری ئابووریدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام بەمێشوەیە نییە، بەڵکو چەندین بواری دیکەی هەیە، وەک یارمەتدانی کەسێک، گرووپێک ، گیاندارێک یان سروشت.

 

ئەگەر ئاوڕێک لە دنیای ئەمڕۆ بدرێتەوە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕووبەڕووی هێرش کراوەتەوە، بۆیە لێرەدا بە تەنیا چاکەکردن لە بواری ئابووریدا ناتوانێت قەرەبووی ئەو هەموو ئێش و ئازارانە بکاتەوە کە گەلانی ناوچەکە دەیچێژن، یان خود ئەو منداڵەی کە داهاتوویان لەدەستداوە، یان ئەو کاولکارییانەی کە لەسەر سروشت کراوە.

 

بۆیە پێویستە مرۆڤدۆستی یان چاکەخوازی ببێت بە فەلسەفەی ژیانی مرۆڤایەتی و هەوڵ بدات بۆ دروستکردنی دنیایەک پڕ لە ئاشتی و سەقامگیری، کە ئەمە چاکەی هەرە گەورەیە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، سروشت و تەواوی گیانداران.

 

ئەگەر مرۆڤایەتی یان فکر و هەستی مرۆڤایەتی وەکوو گەردوونی پیناسە دەکرێت، پێویستە و دەبێت لە هەموو بوارێکدا کار و تێکۆشانێک کە دەکرێت لە ئاستی گەردونی بووندا بێت.

 

کرداری چاکەخوازی ئەو کاتە واتادار دەبێت کە هەموو خەڵکی جیهان، لە دەرەوەی ڕەگەز و سنووری جوگرافی، هەست و سۆزی خۆیان بۆ ئەو ئازارانەی کە چەشتویانە دەردەبڕن، هەروەکو زەردەشتی بیرمەند دەڵێت: بیری چاک، گوتاری چاک، کرداری چاک.