توندوتیژی دژ بە منداڵان و کاریگەریەکانی لەسەر دەروونی منداڵ

سەرەڕای هەبوونی یاسایەک بۆ پاراستنی مافی منداڵ، ڕۆژ بە ڕۆژ منداڵان تووشی توندوتیژی دەبنەوە و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش بەدەر نین و زیاتر لە منداڵانی ئاسایی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

شیرین ساڵح 

 

سلێمانی- پاراستنی منداڵ بەڵگەیە بۆ هۆشیاری، شارستانی و پەروەردەیەکی پێشکەوتووی هاوچەرخی کۆمەڵگە، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی کۆماڵگەکاندا پێشێلکاری و توندوتیژی زۆر بەرامبەر بە منداڵ ئەنجام دەدرێت.

 

توندوتیژی دژ بە منداڵان، زیان گەیاندنە بە کەسی بەرامبەر، کە ئەم زیان گەیاندنە کاریگەری دەروونی و جەستەیی بە جێدەهێڵێت لەسەر کەسەکە و کار دەکاتە سەر ژیانی، یەکێکە لە گەورەترین ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە.

 

  بە پێی ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ داکۆکی لە مافی منداڵ، ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار ڕێژەی منداڵانی قوربانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە جیهاندا لە زیاد بووندایە، لەو وڵاتانەشی کە باری ئەمنیان ناسەقامگیرە توندوتیژی زیاتر بەرامبەر بە منداڵ ئەنجامدەدرێت عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە.

 

دینا عەباس، پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت و مامۆستا لە زانکۆ سلێمانی، باسی لە توندوتیژیاکان و جۆرەکانی توندوتیژی کرد کە بەرامبەر بە منداڵ ئەنجامدەدرێت، باسی لەو دۆخە کرد کە منداڵ دوای توندوتیژی ڕووبەرووی دەبێتەوە و کاریگەری دەبێت لەسەری لە کاتی گەورەبوونیدا.

 

"توندوتیژی جەستەیی باوترین جۆری توندوتیژیە"

دینا عەباس باسی لە جۆرەکانی توندوتیژی کرد و وتی" توندوتیژی چەند جۆرێکی هەیە وەک توندوتیژی جەستەیی کە خۆی دەگرێتەوە لە لێدان، داخکردن، کە باوترین جۆری توندوتیژیە بەرامبەر بە منداڵ دەکرێت، توندوتیژی دەروونی، کە سەرزەنشتکردن، گاڵتەپێکردن، ئیهمال کردن و وتنی خاڵی لاوازی کەسی بەرامبەر دەگرێتەوە، توندوتیژی ڕەگەزی کە دەست لێدان دەگرێتەوە، توندوتیژی خێزانی، کە هەبوونی کێشەی خێزانی کە دواتر ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر منداڵ، توندوتیژی بە کۆمەڵ کە کۆمەڵێک منداڵ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵێک ئەنجام بدەن."

 

هۆکارەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ

دینا عەباس باسی لەوەکرد کە هۆکارەکانی توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری خێزانەکان و دەوروبەر یان هەندێک جار بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتاری منداڵەکان توندوتیژی جەستەیی بەکاردەهێنن کە ئەمەش لە لایەن خێزانەکان، مام، خاڵ و کەسە نزیکەکان، مامۆستایانی قوتابخانەکەی و هاوڕێکانی ئەنجام دەدرێت، بە تەنها جێهێشتنی منداڵ لە ماڵەوە کە ئەم ڕەفتارانە بەرامبەر بە منداڵ تەنها زیان بە منداڵ دەگەیەنێت.

 

 جیاوازیکردن و فەرزکردنی منداڵی کوڕ بەسەر منداڵی کچدا، بەچاو سەیرکردنی هێزی کوڕ بەرامبەر بە لاواز سەیرکردنی کچ، ڕێگری کردن لە کچ و بواردان بە کوڕ بۆ چوونەدەرەوە، ئەمانە هۆکاری ترن بۆ توندوتیژی، دینا عەباس ئەوەشی وت کە منداڵی ئێستا چاو کراوە نین و ناتوانن پشت بە خۆیان ببەستن بە هۆی بەکارهێنانی ئامیرە ئەلیکترۆنیەکانەوە و سنووردار نەکردنی لە لایەن خێزانەوە کە ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی هەڵەی خێزان.

 

منداڵانی خاوەن پێداویستیش بەشێکێ سەرەکی کۆمەڵگەن کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە لایەن چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەوە زیاتر تووشی توندوتیژی دەبنەوە لە چاو منداڵانی ئاساییدا بە هۆی ئەوەی کە زۆریان ناتوانن قسە بکەن و ڕووبەڕووی گاڵتەپێکردن و سەرزەنشتکردن دەبنەوە.

 

نیشانەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان

دینا عەباس لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی باسکرد کە نیشانەکان کاتێ دەردەکەوێت کە منداڵێک توندوتیژی بەرامبەر کراوە، ئەگەر منداڵەکە تەمەنێکی وای هەبوو قسە بگێڕێتەوە ئەوە باسی ئەوە دەکات کە توندوتیژی بەرامبەر کراوە، هەندێکی تر لە توندوتیژییەکان لەسەر جەستەی منداڵەکە دەردەکەوێت، گریانی منداڵ، بێتاقەتی، توڕەبوون و ترسی لە ڕادەبەدەر، دووبارەکردنەەوی هەمان ڕەفتار لەگەڵ منداڵانی تردا، هەندێک جار دەبێت خێزانەکان چاودێری ڕەفتاری منداڵەکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن توندوتیژی بەرامبەر کراوە یان نا.

 

"توندوتیژی بە پێی تەمەن دەگۆڕێت"

ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە منداڵان دەکرێت بە پێی تەمەن دەگۆڕێت، توندوتیژی جەستەیی زیاتر تووشی ئەو منداڵانە دەبن کە لە تەمەنێکی کەمتردان، توندوتیژی ڕەگەزی زیاتر تووشی ئەو منداڵانە دەبن کە لە تەمەنی باخچەدان.

 

"بەهۆی شەرمەوە توندوتیژیەکان بەرامبەر بە منداڵ دەشاردرێنەوە و کاریگەری دەبێت لە کاتی گەورەبوونی"

دینا عەباس وتیشی" لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی ئەو منداڵانەی کە دەست درێژی سێکسیان دەکرێتە سەر زۆرە بەڵام تا ئێستا هیچ ئامارێک نییە بۆ ئەو جۆرە توندوتیژییە، چونکە خیزانەکان لەبەر ترس، شەرم، لەکەی کۆمەڵایەتی و کێشەی قانونی ئەوە ئاشکرا ناکەن کە منداڵەکانیان دەسترێژیان کراوەتە سەر."

 

دینا عەباس ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەو کەیسانەی دێنە لامان کەسانی گەورەن چونکە بە منداڵی کەس نەبووە یارمەتیان بدات یان لە کاتی باسکردنی بۆ خێزانەکانیان باوەڕیان پێنەکراوە و ترساندویانە، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر منداڵەکە بە جێدەهێڵێت لە کاتی گەورەبوونی و کێشە دروست دەکات لە پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری.

 

دینا عەباس لە کۆتایدا وتی" پێویستە خێزانەکان هۆشیاریان هەبێت لە سەر توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵەکانیان و ئەگەر منداڵەکانیشیان تووشی توندوتیژی بوو گوێیان لێبگرن و یارمەتیان بدەن، هەروەها ئاگاداربن لەوەی کە منداڵەکانیان چۆن ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بەکار دەهێنن، چاودێری هاوڕێکانی منداڵەکانیان بکەن، پشکنین بۆ منداڵەکانیان بکەن و سەردانی توێژەری کۆمەڵایەتی بکەن چونکە لە کۆمەڵگەدا هەموو جۆرە توندوتیژیەک هەیە."

 

٢٠ی تشرینی دووەمی١٩٥٩ ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە لایەن نەتەوە یەرکگرتووەکانەوە دەرچوو، بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی منداڵان دیاریکرا، کە لەم ڕۆژەدا منداڵان ئاهەنگ دەگێڕن و خۆشی دەردەبڕن.