دوو چالاکوان جەخت لەسەر گرنگی گۆڕینی ئازاری هاوبەش بۆ هێزێکی هاوپشتی نێودەوڵەتی دەکەنەوە
لە ناو ئەو وێرانکاری و مەینەتیانەی شەڕی غەززە بەجێی هێشتووە، دەنگی ژنانی مەغریبی سەرهەڵدەداتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارەساتی ژنانی فەڵەستینی کەیسێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی فراوانترە کە ژنان لە ناوچەکانی وەک سودان ئەزموونی دەکەن.
حەنان حارت
مەغریب- دوو چالاکوانی مافی ژنانی مەغریبی داوای فراوانکردنی بازنەی هاوپشتی ژنانی فرانتەیشناڵیان کرد، بە ئامرازێک بۆ فشاری ئەخلاقی و سیاسی و ئامرازێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە نێوان ڕزگاربووانی ناوچە جیاوازەکانی ململانێدا، بە وتەی ئەوان، ئەو پرسە تەنها لە سنوورە جوگرافییەکاندا قەتیس نییە، بەڵکو یادەوەرییەکی هاوبەشی مرۆیی پێکدەهێنێت کە پەیوەندی بە هەموو ئەو کەسانە هەیە کە باوەڕیان بە دادپەروەری و شکۆمەندی هەیە.
زەهرە قوبەیع، چالاکوان لە کۆمەڵەی ژنانی "کۆبوونەوە" لە ناوچە گوندنشینەکان و ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مەغریبی، ئەوەی دانیشتووانی غەززە لە کاتی شەڕدا بەرگەیان گرتبوو، بە ئاوارەی زۆرەملێ و پاکتاوی نەتەوەیی کە ئاراستەی خەڵکی مەدەنی کراوە پێناسە دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان و پەناگەی ژنان تەنها بەشێکە لە سیاسەتێکی ڕێکخراو کە ئامانج لێی تێکدانی بەردەوامی گەلی فەڵەستین لەسەر هەردوو ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووری.
پێی وایە شەڕەکە بە تایبەتی ژنانی کردۆتە ئامانج، چونکە بەردەوامی نەوەکانە، هەر بۆیە بەئامانجکردنی ئەوان بە واتای هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی داهاتووی هەموو کۆمەڵگە، هەروەها ئەوەی ژنانی غەززە ئەزموونی دەکەن ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو بەشێکە لە نەخشێکی دووبارەبووەوە کە ژنان لە بەرامبەر شەڕدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
سودانی وەک نموونەیەکی توندی هێنایەوە، کە ملیۆنان ئاوارە تێیدا دەژین، وە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها زۆرێک لەو ژنانە تووشی چەوساندنەوە و پێشێلکاری سێکسی بوون کە دەکاتە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، وتیشی: جیهان شاهیدی دیمەنی هاوشێوەی عێراق و سووریا بووە، کە ژنان قورسترین باجیان لە ئاوارەبوون و مردن و لەدەستدانی هاوژین و منداڵدا داوە.
سەبارەت بە هاوپشتی مەغریب، زەهرە قوبەیع پێشوازی لە دەستپێشخەرییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ژنان کرد و هاودەنگی بە هەنگاوێکی گرنگ لە تیشک خستنە سەر مافی چارەی خۆنووسینی فەڵەستین زانی، دەستپێشخەریی "کاروانی خۆڕاگری"ی وەک یەکێک لە دیارترین دەستپێشخەرییە هێماییەکانی هێنایەوە کە ژنانی چالاکوانانی مەغریبی تێیدا بەشدارییان کردووە، بە تایبەتی باسی لە خەدیجە ڕیازی کرد وەک نموونەیەک لە بەشداری چالاکوانان و یەکسانی ژنان لەگەل پیاوان لەم بزووتنەوەیانەدا.
خوازیاری درێژەدان بە خەباتی ژنان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بە ئاماژەدان بەوەی کە هاودەنگی ژنان درێژدەبێتەوە بۆ بنەماڵە و بنکەیەکی فراوانتری پشتیوانی بۆ دۆزی دادپەروەرانە بەهێزتر دەکات، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتی کرد هەنگاو بنێن بۆ وەستاندنی ئامێری ستەم و سیاسەتەکانی داگیرکاری.
مافەکان دابەش ناکرێن
نەعیمە واهلی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، ئەندامی ئۆفیسی ناوەندی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مەغریبی، ڕووداوەکانی غەززەی گرێدا بە ئەزموونەکانی پێشووی هاوپشتی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی "کاروانیخۆڕاگری" کە ژنانی وڵاتانی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، جەختی لەوە کردەوە، وێنەی ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە کاروانی خۆڕاگریدا کردووە لە یادەوەری بەکۆمەڵماندا ئامادەیە، چونکە واتای بەرخۆدانی مەدەنی بەرجەستە کردووە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، ئەم بزووتنەوەیە هێمای ئیرادەی گەلانی ئازادە لە بەرامبەر ئەو شەڕەی کە هێزە داگیرکەرەکان بە پشتیوانی زلهێزەکان بەڕێوەی دەبەن.
سەبارەت بەو دۆخە مرۆییەی کە شەڕی غەززە و ناوچە فەڵەستینییەکان بەجێی هێشتووە، بە "کارەساتبار و بە ئازار" پێناسەی کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فەڵەستینییەکان بەرگەییان گرتووە بە پێشێلکارییەکی قورس و تاوانی جینۆساید، وەک پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵەنگاری ئیرادەی گەل.
ڕوونیشیکردەوە، خەڵکی غەززە لە ژێر قورسایی کوشتن و برسێتی و ئاوارەبوون و کۆچکردنی زۆرەملێدا ژیاون، ژنان ڕاستەوخۆ دەکرانە ئامانج، جا چ لە ڕێگەی دەستگیرکردنەوە بێت، یان لەدەستدانی هاوژین و کوڕەکانیان، یان بۆردوومان بکرێن لەکاتی ئاوارەبووندا، کە ئەمەش دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.
نەعیمە واهلی جەختی لەوەکردەوە، کە ژنان قورسایی هەموو قەیرانێک لە ئەستۆ دەگرن، وتیشی: لە هەموو کارەساتێک یان قەیرانێکدا ژنان یەکەم کەسن کە ئازار دەچێژن، لە هەموو بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا ژنان لە پێشەنگن، کاتێک دۆخەکان بەرەو شەڕ دەچنە پێشەوە، دیسان ژنان دەبنە قوربانی یەکەم، چونکە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، تووشی چەوساندنەوە و دەستدرێژی و برسیکردن و پێشێلکردنی شکۆمەندی خۆیان دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە سودان و ناوچەکانی دیکەدا ڕوودەدات زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات، هەروەها گرنگیدانێکی چڕ بە پرسی فەڵەستین نابێت سێبەری ئازارەکانی ئەو ژنانەی دیکە بکات کە ڕۆژانە تووشی ئاوارەبوون و پەناگە و توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، لەگەڵیشیدا تیشکی خستە سەر دۆخی نالەباری ژنانی کۆچبەر کە لە سەرەتاییترین مافەکانیان کە لە تەندروستی و خوێندن و دامەزراندن بێبەشن.
وتیش: مافەکان دابەش ناکرێت، خەباتی ئێمەش ناتوانرێت جیابکرێنەوە یان دابەشبکرێن، وەک ژنانی مەغریبی هاودەنگی ڕەهای خۆمان بۆ ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان، لەگەڵ کۆچبەران، وە ژنانی زیندانی، هەروەها ئەوانەی لە دۆخە ناجێگیرەکاندا دەناڵێنن، ئێمە داوای پێویستی دامەزراندنی پاراستنی نێودەوڵەتی ڕاستەقینەیان بۆ دەکەین، و مسۆگەرکردنی مافی ژیان و شکۆمەندی و ژیانێکی شایستەیان.
لێدوانەکانی ئەو دوو چالاکوانە لەسەر ئەو تێگەیشتنە یەکدەگرنەوە کە شەڕەکە تەنها فەڵەستینی نییە، بەڵکو شەڕێکی مرۆیی دژی توندوتیژی چەکداری و بێ سزایە، هەردووکیان لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرن کە ژنان هێڵی یەکەمی بەرگری بۆ ئاشتی مەدەنی پێکدەهێنن و لە هەمان کاتدا، ئەوانن کە قورسترین باج دەدەن کاتێک ئەم ئاشتییە دەڕووخێت.
سەرەڕای ئاگربەستی ناسک لە غەززە، پرسیارەکان سەبارەت بە دادپەروەری، قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە ماونەتەوە، هەر ئەو پرسیارانەی کە دەنگی ژنان لە سەرانسەری ناوچەکەدا لەسەریان کۆدەبنەوە، وە ئەو دوو چالاکوانە مەغریبییە دووپاتی دەکەنەوە، کە هاوپشتی ژنان کردەوەیەکی ساتەوەختی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە بۆ پرسیارکردن لە ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی، ئایا لە داگیرکاری، پەراوێزخستن، یان هەموو جۆرە ستەمێک کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، خۆی دەردەخات، کاتێک دەنگی ژنان لە مەغریبەوە تا فەڵەستین و لە سودانەوە بۆ سووریا یەکتر دەبڕن، تەنها گریانی وێرانکارییەکان ناکەن، بەڵکو ئاسۆیەکی دیکە بۆ ئاشتی دەکێشن، ئاشتییەک کە بناغەکانی لەسەر دادپەروەری و شکۆمەندی و مافی ژیانی ژنان بونیاد نراوە.