دوای خۆرئاوابوون، سارا و سێ کچەکەی کۆمەڵکوژکران

خێزانی "سارا محەمەد" کە لە شەش کەس پێکهاتبوون لەگەل زۆرینەی کەسوکارەکەی بەر قۆناغی سێیەمی شاڵاوی ئەنفال کەوتن، منداڵێکی سارا کە لە تاوانەکە ڕزگاری بووە بووەتە گەواهیدەر بۆ گێڕانەوەی ڕاستییەکان.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ-  ئەنفالی گەرمیان کە سێیەمین قۆناغی ئەنفال بوو، لە ٧ی نیسانی ١٩٨٨ دەستیپێکردو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، زنانە، قادر کەرەم، دوز، پێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە، بە دەیان هەزار کەس برانە بیابانەکانی عەرعەر و زیندانەکانی نوگرەسەلمان و ئەنفال کران، لە ١٤ی نیسانی هەمان ساڵ نزیكه‌ی‌ ٢٠ هه‌زار‌ کەس لە ژن، پیاو، پیر و منداڵ لە گوندی ملە سوورەوە گواسترانەوە بۆ قەلای سەربازی قۆرەتوو، دواتر بەرەو نوگرەسەلمان و دوبز و تۆپزاوا، سارا محەمەدو هاوژینەکەی و سێ کچی بە ناوەکانی "گێلاس، لاولاو، سنور" کوڕێکی بە ناوی "تەیمور" و چەندین خزم و کەسوکاری لەناو ئەو ٢٠ هەزار کەسەدا بوون.

 

ماڵی سارا لە کوڵەجۆ بوو کە دێیەکی گەورەیە و ئەوکات ٤٠ بۆ ٤٥ ماڵی تێدابوو، هاوژینەکەی دەبوایە بچوایە بۆ سەربازی بەڵام نەیدەویست سەربازی بکات پێێان دەوت "عەسکەری فیرار" واتە حکومەت بەدوایاندا دەگەڕا، کاتێک حکومەت بە هێزێکی زۆرەوە لەسەر زەوی دەوری گوندەکانی گرت خیزانی سارا لەگەڵ چەند ماڵێکی دیکەی کوڵەجۆ بە سێ تراکتۆر بەرەوە تیلەکۆ بەڕێکەوتن چونکە بۆ خۆپاراستن بڕیاریاندا بچنە ئۆردوگای سمود لە نزیک کەلار، کەسێک کە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەعس هەبوو پێیان دەوتن "موستەشار" بەڵێنی پێدابوون ڕزگاریان بکات و بیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست، بەڵام بەهەر هۆکارێک بێت لەکاتی خۆیدا ئامادە نەبوو بۆیە گەڕانەوە بۆ دێکەی خۆیان.

 

بۆچی برانە قۆرەتوو؟

بۆ ڕۆژی دواتر چوونە ملەسورە و دوو ڕۆژ مانەوە بەڵام دووبارە گەڕانەوە بۆ کوڵەجۆ بۆ ئەوەی پێداویستی و خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن، کاتێک گەڕانەوە دەنگی کۆپتەر و زرمەی تۆپیان گوێ لێبوو بۆیە تەواو بێئومێد بوون و بە تەواوی ماڵئاواییان لە گوندەکەیان کردو چوونە ملەسورە، دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە ملەسورە سەرباز و هێزێکی زۆر بەرەوە گوندەکە چوون و بە خەڵکەکەیان وت کە حکومەت لیبوردنی دەرکردووەو دەیانگوازنەوە بۆ ئۆردوگا، بۆیە هەموو خەڵکەکە لە خۆشیدا سواری تراکتۆرەکان بوون و بە قافڵەیەکی ئێجگار گەورە بەرەو کەلار بەڕێکەوتن، بەڵام لەگەڵیاندا جاش "ئەو کەسانەی لەگەڵ ڕژێمی بەعس ڕێککەوتبوون" و سەرباز هەبوو، هەلیکۆپتەریش بە ئاسمانەوە بەسەر سەریانەوە بوو، پاشنیوەڕۆ بەڕێکەوتن و لەکاتی خۆرئاوابوون گەیشتنە قۆرەتوو کە ئۆردوگایەکی بچوک بوو حکومەت قەڵایەکی گەورەی سەربازی لێ دروست کردبوو کە وەک زیندان بەکاری دەهێنا، لەسەر ڕێگاکەیان لە سمود و کەلار ژن و منداڵ دەهاتنە بەردەم تراکتۆرەکان و شین و گریانیان بوو چونکە دەیانزانی کە حکومەت چی بەسەر ئەو خەڵکە دەهێنێت، کە گەیشتنە قۆرەتوو هەموو تراکتۆرەکانیان بردە حەوشەی قەڵا گەورە چەند نهۆمییەکەوە، ترس لە دڵی خەڵکەکە نیشت، ماوەی ١٠ ڕۆژ لەوێ بە بێ خواردن مانەوەو تەنها ئاویان پێدەدان، بەڵام خەڵکەکە خۆیان کەمێک خواردنیان پێبوو لەناو یەکدا دابەشیان دەکرد.

 

چەکەکان ڕوویان لە خەڵکەکە بوو، منداڵەکان دەترسان

لە ڕۆژی یانزەیەمدا زۆرینەی خێزانەکان کە برابوونە قۆرەتوو خرانە لۆرییەکەوە، ژمارەیەکی زۆر لۆری ئامادەبوون بۆ ئەوەی خەڵکەکە بگوێزنەوەو بیانبەنە تۆپزاوا، ڕۆژانە پرۆسەکە بەردەوام بوو، لەناو لۆرەییەکان سەربازەکان بە شێوەیەک وەستابوون ڕوی چەکەکانیان کردبووە خەڵکەکە بۆیە ترسێکی زۆر لای مندالەکان دروست ببوو هەموو کات چاوەڕێی ئەوەبوون تەقەیان لێبکرێت.

 

لەناو لۆرییەکەدا لە ڕێگەی قۆرەتوو بۆ تۆپزاوا "گێلاس" زۆری تینوو بوو بۆیە دەستی دایە دەبەیەک نەوت و وایزانیبوو ئاوە خواردبوویەوە، بەوهۆیەوە باری تەندروستی تێکچوو ڕشایەوە، لە ڕێگا داوای هاوکارییان کردوو لە سەربازگەیەک دەرمانیان پێدا، دوای سێ کاتژمێرو کاتی ئێوارە گەیشتنە تۆپزاوا کە وەک جەهەننەم وابوو سەربازگەیەکی گەورە بوو ساحەی زۆر گەورەی تێدابوو ناوەوەشی ژوور ژوور بوو، ساحەکان ڕەشی دەکردەوە چونکە خەڵکی زۆر تێکرابوو، لەوێ خەڵکەکە ناونوس دەکران و بە پێی تەمەن جیا دەکرانەوە، پیاوی گەنج بەتەنیا و ژن و منداڵ بەیەکەوەو ژن و پیاوە بەتەمەنەکانیش بەیەکەوە جیاکرانەوە.

 

وایاندەزانی بە دەستگرتن بە جلەکانی دایکیان لە دڕندەیی سەربازەکان ڕزگاریان دەبێت

سارا، جلی کوردی لەبەربوو کە کراس و کەوا بوو لەگەڵ سەرپۆشێکی سپی، منداڵەکانی سارا لە ترسا دەستیان بە جلەکانی دایکیانەوە گرت و وایاندەزانی کە بەو جل گرتنە لە دڕندەیی سەربازەکان ڕزگاریان دەبێت، لەناو ژوورێکی قەڵاکەی تۆپزاوا لەناو قەرەباڵغییەکی زۆردا بوون و ڕۆژانە تووشی زەحمەتییەکی زۆر دەبوون، لەناو پەنجەرە بەرزەکانی ژوورەکانەوە دەرەوەیان دەبینی کە چی ڕوودەدات و ڕۆژانە دەیانبینی خەڵکێکی زۆر دەبرانە ئەوێ و وەک خێزانەکەی سارا لەیەک جیا دەکرانەوە.

 

سارا دوو خوشکی دیکەشی هەر لەگەل ئەو خەڵکەدا دەستبەسەرکرابوون، کە ناویان "حەمدیە" و "مەعسومە" بوون و مەعسومە ١٠ منداڵی هەبوو لەگەڵیدا بوون.

 

دوای ماوەیەک بەیانییەک زوو کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی سەرداپۆشراو برانە بەردەم ژوورەکان، ساراو منداڵەکانی لەگەڵ دوو خوشکەکەی و ١٠ خوشکەزاکەی لەگەڵ ژن و منداڵی دیکەی گوندەکەیان خرانە ئۆتۆمبێلێکەوە، منداڵی زۆر بچوک هەبوون بە شێوەیەک منداڵی تەمەن سێ مانگ بە باوەشی دایکیانەوە بوون، هەروەها لەبەر گەرمای ناو ئۆتۆمبێلەکان دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا، دنیا زۆر گەرم بوو لەتاو  گەرماو نەبوونی هەوایەکی پاک ژن و منداڵەکان خەریک بوو دەبورانەوە، دوای ماوەیکی زۆر لە ڕۆیشتن ئۆتۆمبێلەکان  لە ڕێگەی قیر لایانداو چوونە سەر ڕێگەی خۆڵ، دوای نیو کاتژێمر ئۆتۆمبێلەکان وەستان، ژن و منداڵەکان بە چاوی ترسەوە تەماشای یەکیان دەکرد و لە چاویاندا ئەو پرسیارە دروست ببوو کە ئایا چییان بەسەر دێت؟ خەڵکەکە بە زۆر برانە خوارەوەی ئۆتۆمبێلەکان کە ئاسمانێکی ڵێڵ و بیابانێکی چۆڵ هەبوو، سەربازەکان دەبەیەکی گەورە ئاویان پێبوو لەبەر ئەوەی ژن و منداڵەکان زۆر تینوو بوون بە سەرە دەبەکە یەکی قومێک ئاویان پێدان، ژنەکان ئەوەندە دڵیان پاک بوو لە بەرامبەر ئەو قومە ئاوەدا دوعای خیریان بۆ سەربازەکان کرد و بێ ئاگا بوون لەوەی کە ئەوان نیازیان چییە و چییان بەسەر دێنن.

 

ژن و منداڵەکان کۆمەڵکوژ کران

بە پەڕۆیەکی ڕەش چاوی ژن مندالەکانیان بەستەوە مەگەر منداڵە تەمەن زۆر بچووکەکان بە چاو کراوەیی مابێتنەوە، خەڵکەکەیان خستەوە ناو ئۆتۆمبێلەکان و کەوتنەوە ڕێ، دوای دوو خولەکێک دووبارە ئۆتۆمبێلەکان ڕاوەستانەوە، خەڵکەکە زانیان کە ئیتر ئەوە دوا مەنزڵگەی ئەوانە چونکە هەر ئۆتۆمبێلەو چووە بەردەم چاڵێک و ژن و مندالەکان لەبەردەم چاڵەکان دانران، چاڵەکان قوڵییەکانیان ڕەنگە مەترێک بووبێت و خەڵکەکە بەزۆر خرانە چالەکانەوە.

 

یەکێک لە خوشکەکانی سارا بەر لەوەی تەقە بکەن خۆی کەوتە سەرزەوی و دیار نەبوو کە ئایا بوراوەتەوە یان گیانی لەدەستداوە، منداڵەکانی سارا لە ترسا چمکی کراسەکەی دایکیان گرتبوو، لەسەر چاڵەکان دوو سەرباز هەبوون کە چەکەکانیان ڕووکردبووە خەڵکەکەو دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکان بوو، دەنگێک لە دوورەوە فەرمانی کرد بۆ تەقە کردن بۆیە سەربازەکان هەموو بەیەکەوەو لە یەک کاتدا دەستڕێژی گولـلەیان لە ژن و منداڵەکان کرد وەک ئەوەی ئاوڕشێن بکەن دەستیان دەجولاند و بەناو هەموو خەڵکەکەدا تەقەیان دەکرد.

 

سارا کە یەکەم فیشەکی بەرکەوت دای لە سەری و سەرپۆشە سپییەکەی کەوت، خوێن بە لا ڕوومەتیدا هاتە خوارەوە، گولـلەیەکیش لە ڕوومەتی "لاولاو"ی داو "سنور" لە ترساندا لەپی دەستی ڕاستی کردبووەوە بۆ ئەوەی نەهێلێت گولـلە بەری بکەوێت بەڵام بەر لەپی دەستی کەوت و خوێن فیچقەی کردو کەوتە سەر جەستەی، گێلاسیش کەوتبووە پشت دایکی نازانرێت چۆن گولـلەکان بەری کەوتوون، پێدەچێت زۆرینەی ژن و مندالەکانیش گولـلەیان بەر نەکەوتبێت بەڵام هەر بە زیندوویی زیندە بەچاڵ کرابن.

 

منداڵێکی سارا کە "تەیمور" بوو لەو کاتەدا تەمەنی نزیکی ١٢ سالان بووە، هەرچۆنێک بێت بە برینداری لە چاڵەکان خۆی دەرباز کردو کەوتە دەست خیزانێکی عەرەب، دوای چەندین ساڵ مانەوە لای ئەو خێزانە کە لە پارێزگای سەماوە بوون، لە ڕێگەی کوڕێکی ئەو خێزانەوە کە لە زاخۆ سەرباز بوو گەڕان بە دوای کەسوکاری تەیمور دەستیپێکرد، دوای نزیکەی دوو ساڵ توانرا ماڵی پورێکی بدۆزرێتەوەو دواتر ماڵی مامەکانی، مامەکانی توانیان بچنە سەماوەو لە گوندی "ئالعێش" تەیموریان دۆزییەوەو بەیەک شادبوونەوە.

 

"نەنە حەلاو، نەنە زوبێدە ڕزگاریان ببوو"

تەیمور کاتێک گەڕایەوە کەلار بێجگە لە ماڵی مامەکانی داپیرەشی "نەنە حەلاو" لە ژیاندا مابوو کە دایکی سارا بوو، تەیمور باوەشی بە داپیرەیدا کردوو بۆنی دایکی لێدەهات، داپیرەکەی دیکەشی "نەنە زوبێدە" دایکی باوکی مابوو بەویش شادبووەوە، بەڵام تەیمور ئەوانی بێهیواکرد کاتێک پێیوتن کە خێزانەکەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، چونکە ئەوان پێیان وابوو لە ژیاندا ماون و ڕۆژێک لە ڕۆژان دەچنەوە لایان.

 

تەیمور لە دادگایی کردنی سەدام حوسێن بووە گەواهیدەر

تەیموری سارا دەڵێت: "دوای چەند ساڵێک و دوای ڕاپەرینی کوردستان، لە کۆتایی ساڵی ١٩٩١ بوو پێیان وتم کە ڕۆژێک دێت سەدام حوسێن دادگایی دەکرێت و من دەبمە گەواهیدەر، دوای ئەوەی بە هاوکاری ڕێکخراوە مرۆییە ئەمریکییەکان چوومە ئەمریکا و چەند ساڵێک لەوێ ژیام، لە ساڵی ١٩٩٧ دووبارە پێیان وتم کە ڕۆژێک دێت سەدام دادگایی دەکرێت، دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس بە کە بەسەرۆکایەتی سەدام حوسێن بوو ڕووخا، ساڵی ٢٠٠٥ گەڕامەوە کوردستان و بەو هیوایە بووم بچمە سەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێموابوو حکومەتی هەرێم خۆی ئەوەی دەوێت و هەموو کار ئاسانییەک دەکات بەلام هیچ هەڵوێستێکم نەبینی و چوومەوە ئەمریکا،  دواتر لەکاتی دادگایی سەدام حوسێن، لە ڕۆژی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ چوومە هۆڵی دادگاو لەکاتی دادگایی کەیسی ئەنفال گەواهییم دا، ئەو کاتە گەیشتمە باوەڕێک کە هیچ تاوانێک تا سەر نابێت، دەڵێن خوداوەند ڕۆژی قیامەتی داناوە بۆ حەق و حسابی زاڵم و زوڵم بەڵام نەخێر من باوەڕم وایە کە خودا لەسەر زەوی تۆڵە لە زاڵمەکان دەکاتەوە".

 

گەواهییەکانی تەیمورو گەواهیدەرەکانی تر لەسەر تەواوی تاوانەکان لە دادگا وەرگریران و پەسەندکران، ئەوەبوو سەدام حوسێن لە بەرەبەیانی  ٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا.

 

دوای ٣٤ ساڵ لەو تاوانە، بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان تا ئێستا وەک پێویست هەنگاو نەنراوە لە کاتێکدا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ، گۆڕەکان هەڵبدرێنەوەو پشکنینی "DNA"یان بۆ بکرێت و ڕوفاتەکان بدرێنەوە کەسوکاریان یاخود شوێنێکیان بۆ دیاری بکرێت بۆ بەخاک سپاردن.