"دەتوانیت" دەستپێشخەرییەکی مصرییە ڕووبەڕووی هاوسەرگیریی پێشوەختە دەبێتەوە و کچان دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێگای خوێندن
دەستپێشخەریی «دەتوانیت» لە پارێزگای ئەسیووتی میسر هەوڵ دەدات بە گۆڕینی کەلەپوورە کۆمەڵایەتییەکان، مافی منداڵانی کچ بۆ خوێندن و ژیانێکی ئارام بپارێزێت و لە هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕێگری بکات.
ئیمان سەمیر عەلی
مسر – لە گوندی "حەواتکە" لە پارێزگای ئەسیوت لە مسر، مەها عەبدولوەهاب هەڵیبژارد ڕووبەڕووی یەکێک لە دیارترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان ببێتەوە کە هەڕەشە لە داهاتووی منداڵانی کچ دەکات، کە ئەویش هاوسەرگیریی منداڵان و دابڕانە لە خوێندن، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتییەوە بە ناوی "دەتوانیت" (تقدري)، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاگادارییە لە مەترسییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە، بەهێزکردنی ڕۆڵی خێزان و کۆمەڵگەیە لە پاراستنی منداڵانی کچ و تواناداركردنیان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و بونیادنانی داهاتوویان.
دەستپێشخەریی "دەتوانیت" بەر لە نزیکەی چوار مانگ لە ئەزمونێکی ڕاستیەوە دەستی پێکرد کە مەها عەبدولوەهاب لە گوندەکەی خۆیدا چەشتبووی، لەوێ تێبینیی زیادبوونی حاڵەتەکانی دابڕان لە خوێندن و هاوسەرگیریی پێشوەختەی کردبوو، ئەوەش پاڵی پێوە نا کە ڕاپرسییەکی مەیدانی بکات، دەریخست نزیکەی ٥٠٪ی حاڵەتەکانی وازهێنانی منداڵانی کچ لە خوێندن پەیوەندیی بە هاوسەرگیریی پێشوەختەوە هەیە، لەسەر ڕووی ئەمەش، ئامانجی ڕوونی بۆ دەستپێشخەرییەکە دانا کە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و تواناکانیدا.
لە سەرەتاکانییدا، مەها عەبدولوەهاب و گروپەکەی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ ببوونەوە، لە دیارترینیان ڕەتکردنەوەی هەندێک خێزان بوو بۆ بیرۆکەی دواخستنی هاوسەرگیریی منداڵە کچەکانیا ، بەهۆی کەلەپوورە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە ڕۆڵی منداڵی کچ لە هاوسەرگیری و بەڕێوەبردنی ماڵدا کورت دەکەنەوە، وتی: لە دیارترین ئەو هۆکارانەی لە هەندێک لە خێزانەکانەوە دەیبیست وتنی ئەوە بوو "سودی خوێندنی منداڵی کچ چییە؟ لە کۆتاییدا شوێنی چێشتخانەیە"، بەکارهێنانی هاوسەرگیریکردنی لە تەمەنێکی پێشوەختەدا وەک هۆکارێک بۆ "پۆشین و شاردنەوەی"، بێجگە لەو بڕوایەی کە بارودۆخە ئابوورییەکان ڕێگە نادەن منداڵانی کچ درێژە بە خوێندنیان بدەن.
لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستانەدا، مەها عەبدولوەهاب درکی بەوە کرد کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە ناکرێت تەنها کورت بکرێتەوە لە ئاڕاستەکردنی لۆمەکردن بۆ خێزانەکان، بەڵکو پێویستی بە گرتنەبەری دیالۆگی ڕاستەوخۆ و سەردانی ماڵان هەیە بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی خێزانەکان و هۆشیارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە، لەبەر ئەوە، پشتی بە سەردانی ماڵان و هەڵمەتی لە دەرگادان بەست، بۆ گەیشتن بە خێزانەکان و منداڵانی کچ، ولل گوێگرتن لە ئەزموونەکانیان، ڕەخساندنی دەروازەیەک بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی منداڵانی کچ و مافی لە خوێندن و ژیانێکی ئارامدا.
بەپێی ئەوەی ڕوونی کردووەتەوە، دانیشتنەکان لەگەڵ ئەو منداڵە کچانەی لە تەمەنێکی پێشوەختەدا هاوسەرگیرییان کردووە، درزێکی گەورەی لە نێوان ئەو وێنە و بۆچوونانەی پێش هاوسەرگیری هەبوون و ئەو ڕاستیەی دوای چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە ڕووبەڕووی ببوونەوە ئاشکرا کرد، ئەم شایەتحاڵانە هاندەرێکی زیادە بوون بۆ دەستپێشخەرییەکە، بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی نەک تەنها بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری نوێ، بەڵکو بۆ پشتگیریکردنی ئەو منداڵە کچانەی کە پێشتر هاوسەرگیریان کردووە، یارمەتیدانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەکانیان بە کەمترین زیان.
کێشە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان
ئەو ئاستەنگانەی دەستپێشخەرییەکە دەستنیشانی کردبوون تەنها لە بارگرانیی ڕۆژانە و دەروونیدا کورت نەدەبوونەوە، بەڵکو درێژ دەبوونەوە بۆ کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتیی ئاڵۆز، بەتایبەتی لەو حاڵەتانەی کە هاوسەرگیرییەکە بە شێوەیەکی ڕەسمی تۆمار نەکراوە.
مەها عەبدولوەهاب چەندین ڕووداو دەگێڕێتەوە کە لە کاتی کاری مەیدانیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە، لەوانە حاڵەتی گەنجێک کە کۆچی دوایی کردبوو لە کاتێکدا هاوژینەکەی دووگیان بوو بە دووانەیەک، هاوسەرگیرییەکەی ئەوان بە فەرمی تۆمار نەکرابوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێشە سەبارەت بە تۆمارکردنی منداڵەکان و دامەزراندنی دایک و باوکیان، ئەمەش خێزانەکەیان خستە ناو ناکۆکی یاساییەوە، لە حاڵەتێکی دیکەدا باسی لە ژنێکی گەنج کردووە کە هاوژینەکەی لە دەرەوەی میسر مردووە، خێزانەکەی ئامادە نەبوون دان بە باوکایەتی منداڵەکەیاندا بنێن، بۆیە باوکی ژنەکە منداڵەکەی بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە، دواتر ئەمەش بووە هۆی ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە ڕەچەڵەک و میرات، کە دوای مردنی باپیرەکە بە ناکۆکی خێزانیی جددی گەیشتە لوتکە.
لە ڕێگەی پێشاندانی ئەم ئەزموونانە لە چالاکییە هۆشیارییەکانیدا، دەستپێشخەرییەکە هەوڵ دەدات خێزانەکان ئاشنا بکات بە ئەنجامە ئەگەرییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە و تۆمارنەکراو، یارمەتییان بدات بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەو بڕیارانەی وەک چارەسەرێکی خێرا بۆ هەندێک کێشە دیارن دەشێت دەروازە لەسەر قەیرانی ئاڵۆزتر لە داهاتوودا بکەنەوە.
چالاکییە هۆشیارییەکان
مەها عەبدولوەهاب درکی بەوە کرد کە گۆڕینی ڕاستی منداڵانی کچ پێویستی بە بەشدارکردنی خێزان هەیە، لەبەر ئەوە چالاکیی هۆشیاریی بۆ دایکەکان و سەرپارشتیارەکان و خەسووەکان تەرخان کرد، بەهۆی کاریگەرییان لەسەر ژیانی منداڵانی کچ، بەتایبەتی لە خێزانە گەورەکاندا، پشتی بە سیمینار و کۆبوونەوە ڕاستەوخۆکان بەست بۆ هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە و ئەوەی بەسەر منداڵانی کچدا دەیسەپێنێت لە بارگرانیی ماڵ و بەرپرسیارێتیی هاوسەرگیری و دایکایەتی بەر لە ئامادەییی دەروونی و جەستەیی بۆی.
لە دیارترین ئەو ئەنجامانەی دەستپێشخەرییەکە هەستی پێکردووە دەركەوتنی گۆڕانکاری بوو لە هەڵوێستی هەندێک خێزان لە گوندی "حەواتکە"، شوێنێک کە دایکەکان دەستیان کرد بە دەربڕینی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیریکردنی منداڵە کچەکانیان لە تەمەنێکی پێشوەختەدا، دوای ئاشنابوون بە مەترسییە پەیوەندیدارەکان بەم ڕەفتارەوە، هەروەها هەندێک لە دایکەکان بڕیاریان دا بەشدار بن لە چالاکییە هۆشیارییەکان، و دەستیان کرد بە گواستنەوەی ئەزموونەکانیان بۆ خێزانەکانی گوندەکانی تر، لە هەنگاوێکدا کە گرنگیی سودوەرگرتن لە شایەتحاڵیی ژنان و ئەزموونە ڕاستیاکانیان لە گۆڕینی بڕوا کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە.
ڕوونیکردەوە، کە دانیشتنەکانی هۆشیارکردنەوە یارمەتیی هەندێک خێزانی دا بۆ تێگەیشتن لە مەترسییە تەندروستی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە، ئەوەی بەسەر منداڵانی کچدا دەیسەپێنێت لە بەرپرسیارێتییەک کە لە توانای ئامادەییی ئەو زیاترە، دەستپێشخەرییەکە هەوڵ دەدات ئەو چەمکانە ڕاست بکاتەوە کە هاوسەرگیریی پێشوەختە بە پاراستن و جێگیرییەوە دەبەستنەوە، جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی خوێندن و دابینکردنی بارودۆخێک کە ڕێگە بە منداڵانی کچ بدات گەشە بکەن و فێر ببن و بڕیارەکانی خۆیان لە کاتی گونجاودا بدەن.