ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی نەورۆز، دڕکێک لە چاوی تاڵیبان دا
دەسەڵاتی تاڵیبان زیاتر لە هەفتەیەکە مەلاکانیان لە مزگەوت و تەلەفزیۆنەکان بانگەواز دەکەن کە قەدەغەیە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز بگێڕدرێت، سەرەڕای ئەوە خەڵک بە ئاشکرا ئاهەنگیان بۆ ئەم ڕۆژە گێڕا.
بەهاران لاهیب
کابول- نەورۆز یەکێکە لەو ڕۆژە دێرین و مێژوویانەی ئەفغانستان کە خەڵک ساڵانە لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و هەوڵدەدەن لە ماڵەکانیان دەربچن و بچنە شوێنە سەوزەکان، چونکە باوەڕیان وایە، "ئەگەر بچینە ناوچە سەوزەکان، تا کۆتایی ساڵ بە سەوزیی و ژیاوەیی دەمێنینەوە"، جگە لە چوون بۆ ناوچە سەوزەکان، جلوبەرگی نوێ، حەوت میوە و سەمەنەک ئامادە دەکەن، بەڵام دەسەڵاتی بناژۆخوازانی جیهادی و تاڵیبان ئەم ڕۆژە بە کوفر دەزانن و هەوڵ دەدەن ڕێگری لە ئاهەنگگێڕانی ئەم ڕۆژە بکەن.
لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، زیاتر لە هەفتەیەکە مەلاکانیان لە مزگەوت و تەلەفزیۆنەکان بانگەواز دەکەن کە قەدەغەیە ئەم ڕۆژە ئاهەنگ بگێڕن، سەرەڕای ئەوە خەڵک بە ئاشکرا ئاهەنگیان بۆ ئەم ڕۆژە گێڕا و کۆمەڵێک گەنج وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دروشمی "دژ بە پڕوپاگەندەی تاڵیبان" بڵاوکردەوە و لە لایەکی دیکەشەوە "بزووتنەوەی خۆبەخۆی ژنانی ناڕازیی ئەفغانستان" بە ئاهەنگێک ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
لە ویلایەتی بامیان سەرەڕای هەژاری و نەبوونی پیداویستییەکان و سەرکووتی دەسەڵات تا خەڵک بێبەش بکەن لە هەموو شتێک، خەڵک وەک ناوچەکانی تری ئەفغانستان ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا، "پارکی یاری بامیان" کە تا ئێستا تاڵیبان قەدەغەی نەکردووە ژنان ڕووی تێبکەن، خێزانەکان ڕوویان تێکرد و کاتیان تێدا بەسەربرد.
نورجان برات لەگەڵ منداڵەکانیدا بۆ بەسەربردنی کات هاتووەتە "پارکی یاری بامیان" و دەڵێت: ئێمە خەڵکی پارێزگای غورین، بەهۆی هەژارییەکی زۆرەوە کۆچمان کرد بۆ بامیان کاتێک تاڵیبان هات، کوڕێک و دوو کچم هەیە، منداڵەکانم ئەمڕۆ ناچاریان کردم بێمە ئێرە و ئاهەنگی نەورۆز بگێڕم.
نورجان و فەزیلە گۆڵئەحمەد دوو بنەماڵە بوون کە هاتبوون بۆ ئەم شوێنە و بە دانیشتن لەسەر گیای سەوزی نوێیەکان، بۆ ساتێک ناڕەحەتییەکانیان لەبیربردەوە، ئاواتی نورجان بۆ هەموو خەڵکی ئەفغانستان ئەوەیە کە ساڵێکی ئارام و پڕ خێر و بەرەکەت بەسەربەرن، ئاواتێک کە هێشتا تەنها لە خەونەکاندا خەیاڵ دەکرێت.