یارییە هزرییەکان کاریگەری ئەرێنی بۆ یادگە و هزری منداڵ هەیە

جۆر و چۆنییەتی یاریکردن کاریگەری دەکاتە سەر هزر و دەروونی منداڵ و ئەرکی دایک و باوکانە کە هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ بەکارهێنانی یارییە هزرییەکان و ڕێگریکردن لە ئالوودەبوونی منداڵەکانیان بە یارییە ئەلکترۆنییەکان و یارییە تەقەمەنییەکان.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- لە هەموو جیهاندا منداڵان یاریکردنیان خۆشدەوێت، کاتێک منداڵێک دەچێتە دوکانێکی یاری منداڵان بە دڵخۆشییەوە کۆمەڵێک یاری هەڵدەگرێت چونکە یارییەکان بۆ منداڵان چالاکیەکی چێژبەخشە، یاری زۆر هەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵ دەکات و دەرفەتی فێربوونی شتێکی نوێی دەداتێ.

 

منداڵ هەر لە لەدایکبوونیەوە بە پەرۆش دەبێت بۆ فێربوون و دەیەوێت هەست بە گەشەسەندنی خۆی بکات لە ڕێگەی ئەزموونکردنی هەر شتێک کە دێتە ڕێگای، زۆرێک لە دایک و باوکان لەکاتی کڕینی یاری بۆ منداڵەکانیان دوو دڵ دەبن ئایا ئەم یاریانە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنییان لەسەر منداڵەکەیان دەبێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە یارییەک بەتەنها ناتوانێت کاریگەری هەبێت، بەڵکو چۆنیەتی یاری پێکردنەکەشی گرنگی خۆی دەبێت بۆ نمونە یاریکردن لە دەرەوە لە ڕووی جەستەییەوە منداڵەکەت بەهێز دەکات و یاریکردن لە ماڵەوە لە ڕووی هزری و دەروونییەوە بەهێزی دەکات.

 

 ٪٩٠ی منداڵان لە ئەمریکا پێش تەمەنی چوونە قوتابخانە دەستیان بە یاریکردن کردوو کە یارییەکانیان بەپێی ناوچە، کلتور، منداڵان و خێزانەکان جیاوازن، تەنانەت لە نێوان ڕابردوو و ئێستاشدا، چونکە لە ئێستادا یارییەکان زیاتر ئەلکترۆنین بەڵام لە ڕابردوودا یارییەکان سادە بوون.

 

شێنێ بەهادین، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆییە و لەگەڵ منداڵدا کاردەکات، ماوەی چەند ساڵێکە کار لەسەر پرۆگرامی Magic Math دەکات کە تایبەتە بە بەهێزکردنی یادگە و مێشکی منداڵ بۆ تەمەنی ٣-١٧ ساڵ، کار لەسەر هەردوولای مێشکی منداڵ دەکات بە بەکارهێنانی ئامێرێک کە پێی دەوترێت ئاپاکۆس.

 

ئەم پرۆگرامە لایەنی دەروونی منداڵ بەهێز دەکات لە متمانەبەخۆبوون و ڕادەڕبیندا چونکە وایان لێدەکات بتوانن زۆر بەباشی کردارە ماتماتیکییەکان ئەنجامبدەن بەبێ بەکارهێنانی بژمێر، کە کەسانی دیکە ناتوانن ئەنجامی بدەن و سەرجەم یارییەکانی ئەم پڕۆگرامە هزرییە و کار لەسەر گەشەسەندنی هزری منداڵ دەکات.

 

منداڵەکان یاریکردن بۆ چێژ لێبینین بەکاردەهێنن

شێنێ بەهادین، باسی لە پەیوەندی نێوان منداڵ و یاریکردن کرد و وتی: "یاریکردن حەزێکی زۆر تایبەتە بۆ منداڵ و زۆرجار منداڵ کەلوپەلەکانی ناوماڵەکە وەک یاریکردن بەکاردەهێنێت و یارییەک بۆخۆی دروستدەکات، چونکە دنیای یاریکردن و منداڵ گرێدراوە بەیەکەوە، منداڵ تەنها بیر لە چێژی یاریکردنەکەی دەکاتەوە و نازانێت کامەی سودبەخشە بۆی و کامەی زیانبەخشە."

 

لەناو بازاڕی شاری سلێمانی لە چەند منداڵێکمان پرسی کە ئایا حەزیان لە چ یارییەکە و خۆیان یاریەکان هەڵدەبژێرن یاخود لەگەڵ دایک و باوکیان دەیکڕن، ڤارین هێمن منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ بوو بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە:" حەزم لە بووک و پیاڵە و قۆری و ئەو شتانەیە بۆ یاریکردن، بەڵام ئەو یارییانەی بۆ فێربوونی پیت و ژمارەکانە ئەوانەش یاری پێدەکەم، بەڵام کەمتر و زۆربەی کات یارییەکان بە حەزی خۆم و دایکم هەڵیان دەبژێرین."

 

لێوە هاوڕێ تەمەنی ٨ ساڵ بوو وتی:" زیاتر بە موبایلەکەی دایکم یاری دەکەم و حەزم لە یاری جۆلانە و میکانۆ هەیە، چونکە دەورەی هاوینەم هەیە زۆر یاری ناکەم ئەبێت سەعیش بکەم، یارییەکان من و دایکم بەیەکەوە هەڵیان دەبژێرین و دەیانکڕین هەندێک جاریش من بە حەزی خۆم دەیکڕم."

 

دایکان دەبێت کاتی منداڵەکانیان بە یاری سودبەخش پڕبکەنەوە

یاریەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گەشەسەندنی منداڵەکان بە درێژایی ژیانی منداڵی، لە ڕێگەی یارییەکان منداڵان پەرە بە شارەزایی ڕۆشنبیریان دەدەن، لە ئێستادا زۆربەی منداڵان ئالوودەی یارییە ئەلکترۆنییەکان بوون کە زیان بە مێشک و دەروونیان دەگەیەنێت.

 

سازان سدیق وەک دایکێک، دەربارەی زیانی یارییە ئەلکترۆنییەکان وتی: یارییە ئەلکترۆنییەکان وەک مۆبایل و تەلەفزیۆن زیان بە مێشکی منداڵ دەگەیەنێت و داوا لە دایکان دەکەم کە ڕێگە نەدەن کاتی منداڵەکانیان بە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەفیڕۆبچێت، چونکە هۆکارێکە بۆ تووشکردنی منداڵەکانیان بە نەخۆشی ئۆتیزم."

 

شێنێ بەهادین، ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی، باسی لەوەکرد کە یارییە ئەلکترۆنییەکان زیانێکی زۆر بە منداڵ دەگەیەنێت و تووشی ئالودەبوونی دەکات، وتی: منداڵ لەبەر چێژ یاری دەکات و زیانەکانی نازانێت و زۆرترین کاتەکانی بەسەردەبات، بەڵام قەدەغەکردنی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانیش بە تەواوی لە منداڵ کارێکی هەڵەیە، ڕاستە کە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان زیانی هەیە، بەڵام دەبێت دایک و باوک بۆ سوودی منداڵەکەیان بەکاریبهێنن و کاتەکەی و چۆنیەتیەکەی بۆ دەستنیشان بکەن و دوای سەیرکردنی هەر بەرنامەیەک یاخود کارتۆنێکی منداڵان دەبێت لەگەڵ منداڵەکەیان قسە بکەن بۆ چەند دەقەیەک و پرسیاری لێبکەن کە چی لێوە فێربووە، بەم شێوازە منداڵەکە فێر دەبێت بۆ سوود لێوەرگرتن بەکاریبهێنێت."

 

هەڵبژاردنی یاری گونجاو بۆ منداڵەکان لەلایەن دایک و باوکەوە

یاری هونەری و پیشەیی هانی منداڵان دەدات کە داهێنەر بن، ئەو منداڵانەی چێژ لە دروستکردنی مۆدێل و یاری هەویر و بڕینی کاغەز بۆ شێوەکان وەردەگرن بایەخێکی زۆر بە پیشەگەری دەدەن، بووکەکان و ئاژەڵە پڕکراوەکان یەکێکی ترن لە نیشانەکانی هەڵبژاردنی کاری گونجاوی داهاتوو، بۆیە دەبێت دایک و باوکان یاری گونجاو بۆ منداڵەکانیان دابینبکەن.

 

دێکان جومعە دایکێکی تەمەن ٢٩ ساڵە خاوەنی دوو منداڵە، دەربارەی هەڵبژاردنی یاری بۆ منداڵەکانی وتی: منداڵ حەزی لە هەر یارییەک بێت ئەوەیان بۆ دەکڕم، بۆ نمونە کوڕەکەم حەزی لە تۆپە کچەکەشم حەزی لە بوک و بێشکە و ئەوانەیە منیش بۆئەوەی دڵیان نەشکێت بۆیان دەکڕم، بەڵام هەوڵیش دەدەم یارییەکیان بۆ هەڵبژێرم کە بۆ لایەنی هزریان سودی لێببینن و بۆ مێشکیان باشبێت.

 

ڕاهێنەر شێنێ هاندانی منداڵی بۆ ئەزموونکردنی یارییە سوودبەخشەکان و هزرییەکان باسکرد و وتی: دەبێت دایک و باوک هاندانیان بۆ منداڵەکەیان هەبێت لەبەرئەوەی منداڵەکان لە چواردەورییان زۆربەی کات بەس بووک و تۆپیان بینیووە، بۆیە هەر داوای ئەوە دەکەن کاتێک دەچنە بازاڕ دەبێت هەماهەنگی بکەن لەگەڵ منداڵەکە بۆ نمونە پێی بڵین بوکەکەت بۆ دەکڕین، بەڵام یارییەکی دیکەش دەکڕین و لەگەڵ دایە و بابە دەیکەین و ئەگەر براوە ببیت خەڵاتت دەکەین و جاریکی دیکە یاری زیاترت بۆ دەکڕین بەم شێوەیە دەتوانن منداڵەکەیان ئاڕاستە بکەن.

 

بەکارهێنانی یارییە هزرییەکان هزر و یادگەی منداڵ بەهێز دەکات

سازان سدیق وەک دایکێک دەربارەی یارییە هزرییەکان وتی: لە هەرێمی کوردستان دەبێت گرنگی بە یارییە زیرەکەکان بدرێت بۆ گەشەسەندنی مێشکی منداڵ و چەندین جۆری یاری هەیە کە یارمەتی بەهێزکردنی هەستەکانی منداڵ دەدات، منداڵ کاتێکی زۆری لەگەڵ دایکی بەسەردەبات و دەبێت دایکی کاتەکانی بەشتی بەسوود بۆ پڕ بکاتەوە و چەندین یاری بەسوود هەیە بۆ نمونە ناسینەوەی ڕەنگەکان، میوەکان، ئاژەڵەکان بەڵام دەبێت دایکەکان خۆیان یاری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن نەک تەنها یارییەکەیان بۆ بکڕن و تەواو چونکە ئەوان نازانن بەتەنها یاری پێبکەن.

 

شێنێ بەهادین دەربارەی هاندانی منداڵ بۆ خۆشویستنی یارییە هزرییەکان و بەکارهێنانی وتی: سەرەتا دەبێت دایک و باوک بەتەواوی باوەڕیان بەوە هەبێت کە یارییە هزرییەکان بۆ منداڵ سوودی هەیە، چونکە وا لە منداڵەکە دەکات بیربکاتەوە و بگاتە خاڵی سەرکەوتن تیایدا و ئەنجامێک بەدەستبهێنێت.

 

لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر یارییەکانی وەک دەمانچە و تەقەمەنییەکان هەیە کە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر دەروونی منداڵ و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆئەوەی لە گەورەییدا ببنە کەسانی توندوتیژ، شێنێ بەهادین دەربارەی زیانەکان، وەک هۆکارێک بۆ چاندنی تۆوی توندوتیژی لە منداڵدا وتی:  یارییە تەقەمەنییەکان و دەمانچە زیانێکی زۆری بۆ خودی منداڵەکە و دەوروبەریشی دەبێت و ئەرکی دەسەڵاتە کە قەدەغەی بکات، بەڵام کاتێک دەهێندرێتە بازاڕەکان ئیتر دەبێت دایک و باوک هۆشیار بن بە دوور بن لە کڕینی بۆ منداڵەکانیان.