ژنانی ئیدلب کە ناچاری کۆچبەری بوون، توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت

سەرەڕای کۆچ و هەژاری ژنانی کۆچبەر لە ئیدلب، چەتەکانی دەوڵەتی تورک بە توندترین شێوە ئەشکەنجە و سوکایەتی و لێدان بەسەریاندا ئەنجامدەدەن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باکووری سوریا دەستدرێژی بەرامبەر بە ژنانی لێدەکەوێتەوە، لەوانە دەستوەردان لە کارەکانیان و لێدان و سووکایەتیکردن بە ژنان.

 

سەفیە ئەلکروم، ٣١ ساڵ، یەکێکە لەو ژنانەی لەلایەن دەستەی تەحریر شام، کە چەتەی دەوڵەتی تورکیان توندوتیژی بەرامبەرکراوە، چونکە داوای ئەوانی ڕەتکردووە کە دەبێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا کامپەکە بەجێبهێڵن بەبیانووی ئەوەی خاوەن زەوییەکە، زەویەکەی دەوێتەوە.
 

کاتێک سەفیە داوای چەتەکانی ڕەتکردووەتەوە، چونکە هیچ جێیەکی دیکە نییە بۆی بچن، لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕووبەڕووی لێدان و سوکایەتی بووەتەوە، هەروەها لە ژنانی دیکە دراوە، کاتێکیش گەنجان ویستویانە پاراستی ژنان بکەن، زیندانییان کردوون تا کامپەکە چۆڵ بکەن، سەفیە دەشڵێت ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە بەڵام ناتوانین قسە بکەین.

 

لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٢دا چەتەکانی دەستەی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بەناوی مەرام ئەلخەتاب، خەڵکی شاری سەراقب و دانیشتووی شاری بنیشە لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب، چەتەکان لێیانداوە، سوکایەتیان پێکردووە و قژیان ڕاکێشاوە، چونکە دەمەقاڵە لەنێوان منداڵەکەی مەرام و منداڵی یەکێک لە چەتەکان دروستبووە، دراوسێیەکی مەرام کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوە کرد کە باندەکان هێرشیان کردووەتە سەر مەرام، لەچکەکەیان لەسەری لاداوە، بەو بۆنەیەوە مەرام نەخۆش کەوتووە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ماوەتەوە.

 

"چەتەکانی تورکیا دڕندەیی بەرامبەر ژنانی کۆچبەر ئەنجام دەدەن"

دراوسێکەی مەرام پشتڕاستی کردەوە کە مەرام ئەلخەتاب لە هێرشەکەدا بریندار بووە، دوای ئەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی ئەلشیفا لە ئیدلب، سەرەڕای ئەوەی سکاڵا لای داواکاری گشتی تۆمارکراوە، بەڵام هیچ ڕێکارێکی بەرامبەر چەتەکان نەگرتووەتە بەر.

 

لە رووداوێکی دیکەدا دەستەی تەحریر شام چوار خوشکی خەڵکی شارۆچکەی تەقاد لە ڕۆژئاوای حەلەبیان لە ١٥ی نیساندا لە دەروازی خەزاویەی ئیدلب بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکران، پێش ئەوەی بیانگوازنەوە بۆ زیندان لێیان داون.

 

"چونکە قاچاخی سوتەمەنی دەکرد، کوژرا"

١٠ی شوبات، دەستەی تەحریر شام لە خاڵی پشکینی دێر بەلووت لە نزیک کامپی عەتمە تەقەیان لە فاتیمە ئەلحەمیدی ٢٨ ساڵان كرد و کوشتیان، کە تۆمەتباریان كردبوو بەوەی ٢٠ لیتر سووتەمەنی گازوایلیان بە قاچاخ بردووە.

 

فاتیمە ئەلحەمید دایکی چوار منداڵ بوو، خەڵکی گوندی سوفهون و دانیشتووی کەمپی عەتمە بوو، لەڕێگەی قاچاخی سوتەمەنییەوە بژێوی ژیانی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی و منداڵەکانی پەیدا دەکرد.

 

وەفا ئەلئەحمەد، هاوڕێی فاتیمە ئەلحەمیدە، ئاماژەی بەوەدا کە کۆمسیۆن گوێی بە دۆسیەکە نەداوە و لێپرسینەوەی لە تاوانباران نەکردووە بۆیە خوێنی فاتیمە و مافەکانی بەهەدەر چوون.

 

تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن چەتەکانی دەستەی تەحریر شامەوە ئەنجامدراون، گەیشتووەتە ٥٠٥ کەسی مەدەنی، ١٧یان منداڵن، ٧٧ ژنن و نزیکەی ٢ هەزار و ٣٢٧ بەبێ بوون و تەنها بۆ خۆشی خۆیان دەستگیریان کردوون.