هەراسانکردن و توندوتیژی و هەڵاواردن؛ ژیانی ژن و کچانی ڕەشپێست

کچان و ژنانی پێستی ڕەش لە یەمەن ژیانێکی سەختیان هەیە و ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبنەوە کە کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە.

هالە حاشدی

 

یەمەن- ژنان و کچانی یەمەن تووشی چەندین گرفت و مەترسی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، دیارترینیان هەراسانکردنی سێکسییە کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا لە شوێنە گشتیەکانی وەک شەقام و بازاڕەکان، ماڵ و قوتابخانە و فەرمانگەکاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە و بێبەشیان دەکات لە مافەکانیان بۆ ئازادی و سەلامەتی.

 

ژنانی ڕەشپێست لە یەمەن بەدەست کێشە کۆمەڵایەتی و بابەتگەلێکەوە دەناڵێنن کە ڕووبەڕووی هەڵاواردن و پەراوێزخستنیان لە کۆمەڵگەدا دەکاتەوە، هەرچەندە ژنانی یەمەن بە گشتی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری دەبنەوە، بەڵام دۆخەکە بۆ ژنانی ڕەشپێشت قورسترە و بەدەست جۆرێکی تایبەتی جیاکارییەوە دەناڵێنن.

 

جگە لە ئازاردانی سێکسی، کچان و ژنانی ڕەشپێست لە یەمەن ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە، لە ناو ماڵەکانیاندا لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە لێیان دەدرێت و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، ئەم توندوتیژییە کەشێکی نائارامیان بۆ دروست دەکات، ئەمەش تەنها بۆ ژنانی گەنجی ڕەشپێشت نییە، بەڵکو منداڵانی ڕەشپێستیش دەگرێتەوە و بەرکەوتەی دەستدرێژی و هەراسانکردن دەبنەوە و لە کاری سەختدا دەقۆزرێنەوە، ئەمەش تەمەنی منداڵییان لێدەدزێت و دەرفەتی بەهرەمەندبوونیان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکات وەک منداڵ، ئەم ئەزموونە نەرێنیانە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی ژنان و گەنجانی ڕەشپێشت هەیە و ڕێگری لە دەرفەتەکەیان بۆ بەدەستهێنانی پەروەردەیەکی باش و درککردن بە توانا تەواوەکانیان دەکات.

 

نیعمەت ناشیری، ژنێکی ڕەشپێشتە و باسی لەوەکرد، کچە ڕەشپێستەکان لە قوتابخانە و شەقامەکاندا ڕووبەڕووی دەستدرێژی و هەراسانکردن دەبینەوە، وتیشی: جگە لەوەش ڕووبەڕووی قسەی سووکایەتیکردن دەبینەوە کە پێگەی ئێمە کەمدەکاتەوە بەهۆی ڕەنگی پێستمانەوە، تەنانەت کاتێک سکاڵا و ڕاپۆرت پێشکەش بە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان دەکرێت، لێکۆڵینەوە ناکەن یان ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بەرامبەر کچان و ژنانی ڕەشپێست ناگرنەبەر و ئازارەکانیان پشتگوێ دەخرێن و مافە ڕەواکانیان بەدەستناهێنن، زۆرر حاڵەت هەیە کە ڕەشپێستەکان ڕووبەڕووی هێرشی کەسوکاریان و کەسانی دیکە دەبنەوە، بەڵام زۆرجار تاوانباران دەستگیر ناکرێن و تەنانەت ئەگەر دەستگیریش بکرێن، ئەندامانی خێزانەکەیان لە ترسی عەیبە دۆسیەکە لادەبەن.

 

غەدیر عەدنی باس لەوە دەکات کە ژنان و کچانی ڕەشپێست لە یەمەن بەدەست چەندین جۆری جیاکاری و گۆشەگیرییەوە دەناڵێنن، لەوانە ئازاردانی سێکسی و تێڕوانینی کەمتەرخەمی لە کۆمەڵگە و کولتووردا، جگە لەوەش ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە هەلی کار و مووچەی کەمتر لە ژنانی پێست سپی وەردەگرن، حکومەت و کەرتە تایبەتەکان سەرەڕای هەوڵە گەورەکانیان لە بواری پاکوخاوێنیدا، بەڵام ژنانی ڕەشپێشت بەدەست هەڵاواردنی پیشەیی و کارییەوە دەناڵێنن.