پێکەوەژیان، یەکێکە لە پایەکانی ئازادی
ئازادی یەکێک لە پایەکانی پێکەوەژیانیە، لە کۆمەڵگەیەکدا پێکەوەژیانی نەبێت واتە ئازادی نییە، دەسەڵات و سیستم هەندێک کات ڕێگرە لەبەردەم پێکەوەژیانیدا و لە ڕێی بڵاوکردنەوەی فکری نادروست، هەوڵ دەدات ئەم پایەیە بڕوخێنێت.
شنیار بایز
سلێمانی- یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئازادی لە ژیاندا پێکەوەژیانی بیروڕا جیاوازەکانە، کۆمەڵگە کاتێک ئازادە کە تاکەکانی ناوی ئازادانە بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن، ئازادانە بیروڕا جیاوازەکانی ڕەنگ، ئاین، نەتەوە، زمان و ڕەگەز هەڵبژێرن و یەکدی قبوڵ بکەن، بەڵام ئەوەی لە جیهاندا دەبیندرێت زۆرێک لە دەوڵەت و حکومەتەکان، دیموکراسیانە بانگەوازی بۆ دەسەڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا بەو جۆرە نین، نەک تەنها دیموکراتیک نین، بەڵکو دیکتاتۆریشن و کۆمەڵگەیەکیان پێکهێناوە تەواو دوورە لە ئازادی تاکەوە.
دیکتاتۆری و زوڵم کاتێک لەناو سیستم و دەسەڵاتدا بێت، هێندەی بەرامبەر بە ژنان جێبەجێدەکرێت ئەوەندە بۆ پیاوان نییە، واتە کاتێک کۆمەڵگەیەک بە گشتی ئازاد نییە، بۆ ژنان دوو هێندەیە، لەناو کۆمەڵگە دواکەتووەکان و ئەوانەی سیستم بەڕێیانەوە دەبات، جیاوازی نێوان ئاینەکان بەدیدەکرێت، هەندێک لە دەسەڵات و حزبەکان بە مەبەست، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان هەوڵ دەدەن ئاینێک بسەپێنن بەسەر ئاینێکی دیکەدا، بە تایبەت بۆ ژنان، دەیانەوێت ئازادی هەڵبژاردنیان لێوەربگرنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدەن تا دەگاتە لێدان و کوشتن.
سەرجەم ئاینە جیاوازەکان پێکەوەژیانی، پێدانی مافی تاکیان بۆ هەموو ڕەگەزە جیاوازەکان بەلاوە پەسەندە، کاتێک حزب و دەسەڵاتێک وەک زمانحاڵی ئاینەکان ڕێگە بەم ئازادییە نادات، ئەمە توندوتیژییە و زاڵکردنی فکرە جیاوازەکانە بەسەر هاوڵاتیان و ژناندا.
"پێکەوەژیانی لە کۆمەڵگەدا گرنگە بوونی هەبێت"
سەبریە میروەیس، ئەندامی مەکتەبی کۆمەڵایەتی باسی لەوەکرد، هەبوونی پێکەوەژیان لە هەموو توێژەکاندا گرنگە، لە زۆربەی ئاینەکاندا، وەک جووەکان، کاکەیەکان، ئیسلام، مەسیحی و چەندینی دیکە، پێکەوەژیان خاڵێکە گرنگی پێدراوە، نابێت ئاین ببێتە ڕێگر لەبەردەم تاکە جیاوازەکان بۆ هەبوونی ژیانێکی پێکەوەیی، وتیشی: لە قبوڵکردنی بیروڕا جیاوازەکاندا تاک ڕۆڵی هەیە، ئەگەر هەوڵی قبوڵکردن بدات، بێگومان جیاوازی دروست نابێت، بەڵام خودی تاک خۆی خاوەن بڕیار نییە بەڵکو دەسەڵاتێکە بووەتە بڕیاردەری، تاک بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە ئەوەی گرنگە پێکەوەیی ئاینەکانە، کە لە هەندێک ناوچە ئازادن، بەڵام هێشتا جێگا هەیە ڕێگە بە ئازادی تاک نادات.
"ژنان لە هەڵبژاردنی فکری جیاواز ڕێگریان لێدەکرێت"
بیروڕا جیاوازەکان کاریگەری زیاتریان لەسەر ژن دروستکردووە، کە ناتوانێت ئازادانە هەڵبژاردنی خۆی بکات، سەبریە دەڵێت: داواکارین چیتر توندوتیژی و بەزۆر سەپاندنی بیروڕا بەسەر ژناندا نەسەپێندرێت، سەپاندنی بیروڕا نەبێتە هۆکار بۆ کوشتنی ژن.
پێیوایە هەموو ئاینەکان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا ئازادیان داوە بە ژنان، ئەوانەی بانگەشەش بۆ ئازادی دەکەن بە هەڵە بانگەشەی بۆ دەکەن، بە جۆرێک ئاڕاستەی داواکارییەکانیان لەگەڵ دابونەریت و کولتووری کوردیدا ناگونجێت، بۆیە پێویستە ئازادی ژن بە ئاڕاستەیەک داوا بکرێت کۆمەڵگە لەگەڵی بێت، نەک بەرپەرچی باتەوە، تیایدا ڕێز لە ئاین و کلتووری ناوچە جیاوازەکان، هەروەها ئەو ڕێزەی دەدرێت بە ژنان بگیرێت.
ڕەفا حسێن، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا، لە ڕوانگەی بەهائییەکانەوە ئەو کۆمەڵگەیەی فرەجۆری ئاینی تیادایە زیاتر سەرکەوتووە، چونکە ئاینەکان وەک بێستان وایە، هەرچەندە گوڵ و گیاکانی جۆراوجۆر بن، هێندە جوانترە، بەڵام دەسەڵاتی ئاینی کە دەسەپێنرێت، زوڵم و زۆرداری بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت، ئەمەش قبوڵکراو نییە.
ڕەفا حسێن باسی لە ڕۆڵ و پێگەی ژن لە ئاینی بەهائیدا کرد و وتی: لە بەهائیدا باوەڕمان بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، هەر کۆمەڵگەیەک هاوسەنگی و یەکسانی ژن و پیاوی تێدابێت، کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتووە، هەر کۆمەڵگەیەکیش زوڵم و کوشتنی بەرامبەر بە ژنان تیادا بێت، کۆمەڵگەیەکی نەزان دەردەچێت، چونکە ژن بنەڕەتی پەروەردەی نەوەکانە.