تا چەند ئاگاداری ساڵنامەی کوردیت؟

ژنانی گەنج بێئاگابوونی هاوڵاتیان لە مێژووی نەتەوەکەیان دەگەڕێننەوە بۆ پەراوێزخستنی ڕۆژژمێری کوردی لە بوارەکانی ژیاندا، ڕۆڵی ڕاگەیاندن، میدیا و مامۆستاکانی خوێندنگاکانیش وەک ڕێگا چارەسەری بە گرنگ دادەنێن.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- لەگەڵ هاتنی سەری ساڵی کوردی و چوونە ساڵی تازەی ٢٧٢٢ کوردییەوە، بەڵام بەشیکی زۆری هاوڵاتیان ئاگاداری ساڵنامەی کوردی نین و ژنان بۆ ئاژانسی نوژنها باسیان لە بەشێکی ئەو هۆکارانە کرد کە بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ساڵنامە-ڕۆژژمێری کوردی و بێئاگابوونی هاوڵاتیان لەو بەروارە سەرباری مێژووە گرنگەکەی.

 

"تاکەکان ئاگاداری مێژووی نەتەوەی خۆیان نین"

ڤیۆنا ئەحمەد، وەک ژنێکی گەنج باسی لەوەکرد کە کورد ڕۆژژمێر و کلتور و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ئاگادارنەبوون لە ساڵنامەی کوردی بەهۆی بێئاگابوونی تاکەکانە لە مێژووی خۆیان و وتی: " دەبێت نەورۆز بە خەڵک بناسێنین کە گەلی کورد نەتەوەیەکە خاوەنی مێژووی خۆیەتی."

ئەو ژنە گەنجە لە قسەکانیدا وتی: "ڕۆژژمێری کوردی پەراوێزخراوە و مەگەر تەنها لە بۆنەکاندا بیری خەڵکی بخرێتەوە. لە کاری دامودەزگاکانی وڵاتدا بەکارناهێندرێت بۆیە لە بیری کورددا نیە."

 

"ڕۆژژمێری کوردی پەراوێزخراوە تەنانەت لە وانەکانی خوێندنگاکانیشدا"

سۆزیار فەرهاد، تەمەنی ٢٢ ساڵە و خوێندکاری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سلێمانییە، دەربارەی بێئاگابوون لە ڕۆژژمێری کوردی ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژژمێری کوردی لە ژیانی رۆژانەدا بەکارناهێندرێت و لەبەرچاودا نیە بۆیە لە هزری تاکدا نامێنێتەوە و وتی: "شتەکە بووەتە شێوەیەک کە ڕۆژژمێری کوردی لەبەرچاو نییە و مۆبایل، تەلەفزیۆن و هەموو ئەو ئامێرانەی پێمانە ڕۆژژمێرەکانی کە تیایدایە زاینییە و بووەتە شتێکی بنچینەی و هەموو بەروارەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بە زاینی دەنووسین".

 

سۆزیار فەرهاد لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە مامۆستاکان لە خوێندنگا دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن و وتی: "تەنانەت لە خوێندنگاکانیشدا مامۆستاکان بە تەنها ڕۆژژمێری زاینی دەنووسن بۆ خوێندکاران و ڕۆژژمێری کوردی کار پێناکەن."

 

لە دیدی ئەو ژنە گەنجەدا بنچینەی هەموو نەتەوەیەک مێژووەکەیەتی و ئەرکی مامۆستاکانی خوێندنگایە کە هەر لە قۆناغەکانی بنەڕەتییەوە خوێندکارەکان فێری بەروار و ناوی مانگە کوردییەکان بکەن و بەشێوەیەک پەروەردەیان بکەن و زانیارییان پێبدەن کە ئاگادار بن لە مێژووی نەتەوەکەیان.

 

"میدیا و ڕاگەیاندن ڕۆڵیان هەیە لە یادکردنەوەی لایەنی مێژوویی"

ویستی مەحمود، ئەندمی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی بناری گۆیژە، باسی لەوەکرد: "لایەنی مێژوویی وەلانراوە و خەڵکی ئاگادارنین لە مێژووی کورد و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە بەشێکی زۆری خەڵکی ئاگادارنین کە ئەمساڵ دەبێتە ساڵی چەندی کوردی."

 

ویستی مەحمود وەک چارەسەری ڕۆڵی میدیا و ڕاگەیاندنی بە گرنگزانی لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی دەرباری یادکردنەوەی مێژووی نەتەوەکەیان کە بەردەوام لە یادیان بمێنێتەوە لە ڕێگەی ڕیپۆرتاژ و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانەوە کە بەردەوام بیخەنە پێشچاوی هاوڵاتیان لەو ڕێگایەوە دەتوانن هۆشیاری بە تاکەکانی کۆمەڵگە بدەن.

 

ت.پ