"پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان ساڵانە پلانی جیاوازیان هەبێت"

عایشە عەبدولحەکیم، لیپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی سکرتاریەتی یەکێتی ژنان، باسی لەوەکرد، توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، چونکە کۆمەڵگە لە ژێر کاریگەری ئەقڵیەتی پیاوسالاریدایە.

 سلێمانی

 

ساڵی ٢٠٢٣ ڕێکخراوەکانی ژنان چەندین چالاکی جۆراوجۆریان بەڕێوەبرد، لە پێناو هۆشیاری کۆمەڵایەتی، ژنان، ئابوری، سیاسی و ژینگەیی، بە تایبەت بەرزی ئامارەکانی کوشتنی ژنان، کە بە پێی ئاماری ساڵانەی نوژنها ٨٣ حاڵەتی توندوتیژی و کوشتن بووە، ڕێکخراوەکان ناچار دەکات ساڵی ٢٠٢٤ تێکۆشانیان دژی توندوتیژی سەر ژنان بەرز بکەنەوە.

 

"لە ساڵی ٢٠٢٣دا کارمان کردووە و خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ساڵی ٢٠٢٤"

عایشە عەبدولحەکیم، لیپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی سکرتاریەتی یەکێتی ژنان، دەربارەی کارو چالاکییەکانیان لە ساڵی ڕابردوودا و پلانیان بۆ ساڵی نوێ ڕونیکردەوە، هەمیشە وەک یەکێتی ژنان دەرگایان کراوە بووە بۆ ئەو ژنانەی ڕوویان تێکردوون بەهۆی کێشەکانیانەوە، یاخود ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان کراوە، بەتەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا توانیویانە زیاتر لە سەد کەیس وەربگرن و تا ئێستاش هەندێک لە کەیسەکان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت تا چارەسەر بکرێت.

 

عایشە باسی لەوەکرد، هەندێک لە کەیسەکانیان چارەسەر کردووە، لە بەرامبەریشدا هەندێک لەو کەیسانە لەسەر خواستی خۆیان دراوەتە یاسا و یاسا کاری لەسەر دەکات، جگە لەمانەش سیمیناری تایبەتیان کردووە بۆ ئەوەی ژنان ئاگاداری ماف و ئەرکەکانیان بن و گەنجان هۆشیار بن لەسەر ماف و ئەرکەکانی خۆیان.

 

"تا ئێستاش ژنان بە پلە دوو تەماشا دەکرێن"

عایشە عەبدولحەکیم، ڕوونیکردەوە کۆمەڵگە لە کۆنەوە تا ئێستا لەژێر بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاریدایە، هەرچەندە لە ئێستادا پێشکەوتن هەیە بەڵام تا ئێستاش ژنان لە هەندێک شوێن و ناوچەدا بە پلەی دووەم تەماشا دەکرێت، پیاوان هەمیشە دژ بە ژنان و هێز و تواناکانیان دەوەستنەوە، بۆ ئەمەش چەند پلان و پێشنیارێکیان هەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٤.

 

عایشە عەبدولحەکیم بە پێویستی دەزانێت ڕێکخراوەکانی ژنان کار و چالاکییەکانیان ببەنە ناو سیستمی پەروەردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگە و خێزان، هەروەها بابەتی مافەکانی ژنان بخرێتە ناو سیستمی خوێندنەوە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بزانن ژنان و پیاوان یەکسانن لە هەموو ڕوویەکەوە.

 

"پێویستە کەسانی شارەزا هەوڵی چارەسەری کێشەکانی ژنان بدەن"

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا عایشە ڕوونیکردەوە، وەزارەتی ئەوقاف پێویستە هەوڵ بدات بۆ هۆشیارکردنەوەی پیاوان لە ڕێگەی وتاری ئاینییەوە بۆ ئەوەی مافی ژن و کچەکانیان پێشێل نەکەن، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، وتیشی: لە ڕووی پەروەردەیی خودییەوە بە پێویستی دەزانێت ژنان خۆیان بە پەروەردە بکەن، کار بکەن بۆ دۆزینەوەی خودی خۆیان ئەویش لە ڕێگەی خوێندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری خۆیان، تا بزانن پێگەیان لەناو کۆمەڵگەدا لە چ ئاستێکدایە.

 

عایشە عەبدولحەکیم، باسی لەوەکرد ژنان پەروەردەکاری نەوەی ئێستا و داهاتوون بۆیە گرنگە هۆشیار بن، هەروەها بە پێویستی دەزانێت هەر ڕوودا و کەیسێک هەبێت، لە کات و ساتی خۆیدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت، ئەمەش لە ڕێگەی کەسانی شارەزا و دەرووناس و کەسانی شارەزا لە بواری یاسایدا، وتی: دەرەنجام و چارەسەرکردنی کێشەکان نابێت نهێنی بن، بەڵکو دەبێت ئاشکرا بێت لەناو کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی حاڵەتەکان کەمتر ببنەوە.

 

"پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان ببنە فشار بۆسەر دەسەڵات"

مامۆستا عایشە، باسی لەوەکرد لەناو ڕێکخراوەکانی ژناندا پێویستە کلینکێکی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و یاسایی هەبێت، بۆ ئەوەی کێشەکان بە شێوازێکی دروست چارەسەر بکرێت، هەروەها ساڵانە هەڵمەتی هۆشیاری هەبێت لە دەزگا و شوێنە جیاوازەکاندا بەتایبەت لە خوێندنگەکاندا بۆ ئەوەی کچان هۆشیار بن بەرامبەر ئەو توندوتیژی و حاڵەتانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەشڵێت: ڕێکخراوەکانی ژنان هەندێک کات بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەریانە و دڵنیانەبوون لە سەلامەتی ژیانیان، چالاکییەکانیان کەم دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هێزە ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار بیانپارێزێت.

 

لە کۆتایدا بە ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانی دەزانێت ببنە فشار بۆ سەر دەسەڵات و کۆمەڵگە بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی بەرەو کەمبوونەوە بڕوات، ئەمەش بە یەکگرتووی ڕێکخراوەکان، وتی: گرنگە ڕێخکراوەکانی ژنان یەک وتار و یەک هەڵوێست بن، یەک ئامانجیان هەبێت، ئەویش داکۆکیکردن بێت لە مافەکانی ژنان.