"پێویستە ژنان بەردەوام بن لە خەبات تا گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی"

ویدا جەمالی دووپاتی کردەوە کە ژنان لە ئێراندا لەو مافە سەرەتاییانە بێبەشن، لەکاتێکدا هەموو ژنێک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا لێی سودمەندن، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی درێژەدان بە خەبات تا گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی جێندەری.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- پیاوان هەمیشە باسی خۆیان و ژنانیان کردووە، زۆربەی ئەو شتانەی لەسەر دونیا دەیخوێنینەوە و دەیبیستین و دەیزانین لە دەنگی پیاودایە، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە کە ژنان پلاتفۆرمەکان بگرنەدەست و ببن بە دەنگی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن مافە زەوتکراوەکانیان و یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان بگەڕێننەوە.

 

مرۆڤ نابێت پشت بە گێڕانەوەی جیهانی ژن ببەستێت تەنها لە ڕوانگەی ڕۆشنبیران و بیرمەندانی دیکەوە، بەڵکو ئیستا ژنان خۆیان دەنگی خۆیان و گوزارشت لە دەنگی خۆیان دەکەن.

 

بە هۆی دابونەریتەوە ڕووبەڕووی چ جۆرە جیاکاری و سنووردارکردنێک بوویتەوە؟

ویدا جەمالی، ناوی خوازراوی ژنێکی خێزاندارە، کە خەڵکی شاری کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرچووی زانکۆی ئەلڕازییە، وەها باس لە ژیانی دەکات: لە منداڵیدا بچوکترین جیاکاریم لە دایک و باوکم یان خوشک و براکانم نەدەبینی، بەڵام لەگەڵ تەمەنمدا سنووردارکردنەکە دەستیپێکرد، هەمیشە حەزم دەکرد وەک براکانم بە ئازادی جلوبەرگ بپۆشم و بە ئازادی بجوڵێم، وردە وردە تێگەشتم بۆچی لەگەڵ تەمەنمدا سنورەکان دەستپێدەکات، ئەوە بۆ ئەوەبوو من ژنم، بەڵام ئێستا کە ژنم دڵخۆشم.

 

ڕەنگە پرسی جلوبەرگ لە چاوی زۆر کەسدا ڕووکەش و بێ بایەخ بێت، بەڵام کاتێک ئاوڕێک لە دواوە دەدەمەوە، دەبینم کە پرسی جلوبەرگ لە هەموو قۆناغەکانی ژیانمدا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕامگرتووە.

 

خۆی دەنوێنێت، کاتێک بیرم لە هاوسەرگیری دەکردەوە، یەکێک لە خەمە گەورەکانم هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک بوو وەک خۆم قبوڵم بکات و هەوڵی گۆڕینی من نەدات، بەڵام هاوسەرگیریم لەگەڵ کەسێک کرد کە ئاڵۆزتر بوو، بێگومان پێم وت کە ناگۆڕێم، بەڵام دوای هاوسەرگیری هەموو شتێک گۆڕا و لەبەرکردنی حیجاب بوو بە یەکێک لە بنەماکانی هاوسەرگیری.

 

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەم پیاو هەیە کە ڕێز لە ئازادی جلوبەرگی ژنان بگرێت، هەمیشە بۆچوونی خۆیان بەسەر ژنەکانیاندا دەسەپێنن، چونکە هەموو کۆمەڵگە و گەورەکان پاڵپشتی ئەم بیرە دەکەن.

 

پرسی حیجاب لە کۆمەڵگەی ئێراندا زۆر گرنگە، چونکە تا من ژن بم بێبەش دەبم لە سەرەتاییترین شتەکان کە هەموو ژنێک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا چێژی لێ وەردەگرێت، کەواتە چۆن دەتوانم پێداویستییە باڵاکانی وەک سەربەخۆیی دارایی و کەسی و یەکسانی لە میرات و ...هتد بەدیبهێنم، ژنێک کە جلوبەرگەکانی هەڵدەبژێرێت، متمانەی بەخۆی زیاترە و دەتوانێت بیر لە ئامانجی باڵاتر بکاتەوە لە ژیان و پێشکەوتندا.

 

ئایا چەوساندنەوەی ژنان لە ئێراندا دەرئەنجامی وابەستەیی ئابوورییە؟

ویدا جەمالی دەڵێت: ئەگەر ژن و پیاو بیانەوێت دابونەریتی کۆمەڵگە بگۆڕن، دەتوانن ئەوە بکەن، وەک ئەو بابەتانەی کە پیاوان گرنگی پێدەدەن بە بوون بە "سەرپەرشتیار" بەسەر ژن لە دوای باوکی، بەڵام ئەگەر ژنەکان خۆیان ئەوەیان نەوێت یان هاوژینەکان وەک هاوڕێ مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر لەگەڵ یەکتردا پێکەوە بژین.

 

دڵخۆشم کە زۆرێک لەو کێشانەمان بە هەوڵی خۆم و هاوکاری هاوژینەکەم چارەسەر کرد، بەڵام کۆمەڵگە هێشتا بە چاوی سووک سەیری ژنان دەکات و دادپەروەرییان لەگەڵ ناکات، هەرچەندە ئێمە وەک ژن لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبینەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پیاوانەی کە هەلی کاریان زۆرە، ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر بەهێزترن لە پیاوان، چونکە ژیانێکی سەختتریان بەسەر بردووە، بۆیە ئەگەر ژن سەربەخۆیی دارایی نەبێت، هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەوەی یان لە ماڵی باوکی یان لە ماڵی مێردەکەی بمێنێتەوە.

 

ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ژیانی ژناندا، ئایا دەنگی ڕاپەڕین ڕەنگدانەوەی داواکاری ژنانە؟

ویدا جەمالی: ئەم دوایین ڕاپەڕینە لە ماڵەوە دەستیپێکرد و خۆی لە کۆمەڵگەدا نیشان دا، بەڵام ڕێگایەکی دوور و درێژ ماوە بۆ ئەوەی حکومەت و کۆمەڵگە و خەڵک بگۆڕدرێن، هیوادارم کچەکەم بتوانێت چێژ لە ژیان لە کۆمەڵگەیەکی باشتر و ئازادتردا وەربگرێت، ئەوەی من لە ناڕەزایەتییەکاندا بینیم ئەوەیە کە پیاوان بۆ یەکەمجار پشتیوان و هاوسۆزی ژنان بوون، ئەمجارەیان شەرمیان نەدەکرد لە پشتی ژنێکەوە چەپڵە لێدان و ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە بەڕای من.

 

چاوەڕێی ئەو ڕۆژەم کە لە یاسا پیاوسالارییەکانی ئەم وڵاتە ڕزگارمان بێت و یاسایەکی نوێ دابڕێژین، کە ژن بە خاوەن ماف لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بزانێت، بە بۆچوونی من، بۆ ئەوەی ژنان بگەنە ئەو ئامانجەی هەیانە، پێویستە ئامادەیی بەهێزتریان هەبێت، ئەگینا وەک هەمیشە پیاوان بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵکردنی ژنان و جێبەجێکردنی یاسای پیاوسالاری بەسەریاندا، بۆ ئەوەش پێویستە بەرگری لە مافەکانمان بکەین و بەدەستی بهێنین.