دایکان لە بناری قەندیلەوە بانگی یەکڕیزی دەکەن

دایکانی بەشداربوونی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل خۆشحاڵن ئەمساڵیش لە قەندیلن و داوای یەکڕیزی لە گەلی کورد دەکەن.

لاڤین مەحمود

 

ڕاپەڕین- ٢١ی ئادار، بە ئاهەنگێکی هەزاران کەسی، سەرباری سەرمای قەندیل، بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی و بە جۆشی گۆرانی کوردی، جەژنی نەتەوەیی کورد، جەژنی نەورۆز پیرۆزکرا و پەیامی یەکڕیزی و بڵند کردنی تێکۆشان درا.

 

دایکانی بەشداربووی ئاهەنگی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل، بۆ نوژنها دوان و نەورۆز لە چوار پارچەی کوردستان و کوردان پیرۆزکرد، ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە گەلی کورد یەکڕیز بێت و لە تێکۆشاندا بێت.

 

شوکریە ڕەسوڵ، دایكێکە و لە ڕانییەوە بەشداری ئاهەنگەکە بووە، یەکەمجاریەتی بەشداری ئاهەنگی بناری قەندیل دەبێت و دەڵێت: دڵخۆشم بە جەژنی نەورۆز و پێویستە کوردستان یەک پارچە بن، هیوادارم کوردان یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بن".

 

پەخشان حەمە ئەمین لە سلێمانییەوە یەکەمجارە بەشداری نەورۆزی قەندیل دەبێت، ئاماژەی بەوەدا ئەمساڵ دڵخۆشە کە توانیویەتی لە نەورۆزی قەندیل بەشدار بێت و هیواخوازە هەموو ساڵێک نەورۆز لە قەندیل بە جۆشەوە پیرۆز بکرێت.

 

"نەورۆز جەژنێکی نەتەوەییە و دەبێت کوردان یەکڕیز بن"

فەوزیە عەلی، لە شاری ڕانییەوە بەشدارە و جەژنی نەورۆز بە جەژنێکی نەتەوەیی دەزانێت، دەڵێت هەموو ساڵێک دێینە قەندیل و هیواخوازە کوردان یەکڕیز بن.

 

جەمیلە محەمەد، دایکێکی خەڵکی قەندیلە و لە ڕانییە دادەنیشێت، هیواخوازە کوردان یەکڕیز و سەرکەوتوو بن، دەڵێت: "هەموو ساڵێک دێمە ئێرە بۆ جەژنی نەورۆز، هیوادارم کوردستان ئازاد و سەربەرز بێت، خاکەکەی پارێزراو بێت و سەرشۆڕی دوژمنان نەبێت"

 

دایکێکی دیکە لە کۆبانێوە هاتووەتە بناری قەندیل و دڵخۆشە کە ئەمساڵ لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی بناری قەندیل بەشدارە، دەڵێت "سڵاو و ڕێز دەنێرم بۆ خەڵکی قەندیل"

 

ت.پ