سەیوان ڕۆستەم: کوشتنی ژینا ئەمینی تراژیدیا بوو بەڵام بوو بە دەستپێکی شۆڕشی نوێی ژنان

سەیوان ڕۆستەم، چالاکوانی مافەکانی ژنان باس لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەکات، لە دوای کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی و وتی: ئەم شۆڕشە مێژوویەکی پڕ سەروەرییە بۆ ژنان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی ژنان و کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵ لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر دەستپێکی ئەو شۆڕشەدا تێدەپەڕێت، لە جیهانەوە ژنان یادی ژینا دەکەن و لە دژی زوڵم و ستەم و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەرەنگار دەبنەوە، لە نمونەی ژنانی هیندستان کە لە دژی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی پەرستارێک بە هەزاران ژن ڕژانە شەقام و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان وتەوە.

 

"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تەنها بۆ فڕێدانی لەچکەکانیان بەرتەسک نەکراوەتەوە"

سەیوان ڕۆستەم، چالاکوانی مافەکانی ژنان لە بارەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە دەڵێت: شۆڕشێکی سەرتاسەری جیهانی بوو، شۆڕشی ژینا ئەمینی سەرەتا لە ڕۆژهەڵات بە شەهیدبوونی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، بەڵام تەنها لە ڕۆژهەڵاتدا قەتیس نەمایەوە، ئەو ئازار و پەنگ خواردنەوەی ژنان لە تەواوی جیهاندا ڕەنگی دایەوە و تەقییەوە، هەڵگیرساندنی ئەم شۆڕشە وای لە ژنان کرد، چیدیکە چەوسانەوە و سەرکۆنەکردن قبوڵ نەکەن، شۆڕشی ژینا ئەمینی شۆڕشێکی مێژوویی بۆ ژنانی جیهان و بە تایبەت ژنانی کورد تۆمار کرد، کەیسی ژینا ئەمینی کەیسێکە زۆربەی ژنانی ژێردەستی دەسەڵاتی سەردەست بەدەستییەوە دەناڵینن و ڕوبەڕووی دەبنەوە، ژنان بەردەوام و ڕۆژانە رووبەڕووی ئەو جۆرە کەیسانەی ژینا ئەمینی دەبنەوە، شۆڕشی ژینا ئەمینی سەرەڕای ئەوەی تراژیدیایەک بوو، بەڵام دەستپێکی شۆڕشێکی نوێی ژنان بوو.

 

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە شۆڕشێکی جیهانی ناسرا، لەلایەن ژنانەوە مێژوویەکی نوێ نووسرایەوە، وتیشی:شۆڕشی ژینا ئەمینی تەنها خۆی لە فڕێدانی لەچکەکانیان نەدەبینییەوە، بەڵکو ئەو ئازار و نەهامەتیانە بوو لە دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەدا بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی مافەکانیان پەنگی خواردبوویەوە، ژنان زۆرێک لە شێوازەکانیان بەرجەستە کرد بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان.

 

"شۆڕسی ژینا ئەمینی خەباتی ژنان لە جیهاندا نیشان دەدات"

سەیوان ڕۆستەم، باسیشی لەوە کرد، سەرهەڵدانی هەموو شۆڕشێک زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموو شۆڕشەکانی دیکە لە جیهاندا، زەنگی مەترسیدارە بۆ تەواوی زوڵمکاران، هەروەها دەستکەوتەکانی ژنان دەردەخات، دەڵێت: شۆڕشی ژینا ئەمینی شۆڕشێک بوو هۆشی بە بەر هەموو زوڵمکاراندا هێنایەوە، ژنان توانیان بە دەنگ و کرداریان تەواوی ناڕەزایەکانیان بگەیەننە هەموو جیهان، هەروەها ژنانی جیهان و بە تایبەت کورد جەختیان لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان کردەوە، لە پێناو بەدەستهێنانی داواکاریەکانیاندا بە گیان قوربانیاندا، هەروەها ژنان لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دیکە دەبنەوە، نمونەی هەموواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقدا، هاوشێوەی شۆڕشی ژینا ئەمینی پێویستی بە هەڵوێستی گرنگ هەیە، هاوکات ئەم یاسایە دۆخی تاک‌ بە ‌تاکی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە.

 

ئەو چالاکوانە لە کۆتاییدا وتی: هەبوونی شۆڕشەکانی ژنان لە هەر جێگایەک بێت سیمبولێک و تۆمارکردنی مێژوویەکی ژنان جێدەهێڵێت، هەبوونی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سیمبولێکی ئازادی بۆ ژنان بە جێدەهێڵێت، خەباتی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان نیشان دەدات.