"ژنان سیمبوولی خەبات و تێکۆشانن بۆیە داگیرکەر تیرۆریان دەکات"
هاوژین شەهید فەخرەدین ڕوونیکردەوە،کە دەبوو ژنان و گەل ببنە پشتیوانی یەکەمی دەنگی ئازاد و خەباتی ڕاگەیاندنی ئازاد، بۆ ئەوەی چیتر دەوڵەتی داگیرکەر نەتوانێت هەوڵی تیرۆرکردنی ئازادیخوازان بدات.
سلێمانی
دوابەدوای تیرۆرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە بەرواری ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، دوێنێ تەرمی شەهید گوڵستان بە مەراسیمێک بەرەو شوێنی كارەكەی لە كۆمپانیای چەتر بەڕێكرا و لەوێشەوە بەرەو شاری ئیلح "باتمان" لە باكووری كوردستان ماڵئاوایی لێکرا، هەروەها هاوڕێ و هاوپیشەكانی لە دەروازەی شاری سلێمانی بە یەكجاری ماڵئاواییان لێکرد و بڕیارە دوای گەیشتنەوەى بە زێدی خۆی لە مەراسیمێكی شایستەدا بەخاک بسپێردرێت.
تیرۆرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ناڕەزایەتی و چالاکی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا، چالاکوانان و چاودێرانی سیاسیش داوا لە هەموو دەنگێکی ئازاد دەکەن دەنگیان هەڵبڕن و لەسەر خەباتی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بەردەوام بن و ڕێگا و ڕێبازیان بەرنەدەن.
"داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە پێشەوایەتی پەدەکە ئەنجام دەدرێت"
هاوژین شەهید فەخرەدین، چاودێری سیاسی دەربارەی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد، هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا ئاماژەی بەوەکرد کە تیرۆرکردنی ئەو دەنگە ئازادانە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە خەسارەتێکی گەورەیە لە ڕاگەیاندنی ئازاد، دەنگی ئازاد، ژنی ئازاد و خەباتێک کە میلەت هەوڵی بۆ دەدات بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی، وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەمیشە ژنانی ئازای کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی بتوانێت ڕیزی پێشەوەی بەرەکانی هێزی ئازاد کە ژنانن کپ بکات، وە شۆڕشی ژنان و گەلی کورد لەناو ببات.
هاوژین شەهید فەخرەدین باسی لەوەشکرد کە، ئەو داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا ئەیکات و زیاتر لە ٧٠ کم هاتووەتە خاکی باشوور بێگوومان بە ڕێبەرایەتی بەرەیەکی خیانەت ئەنجامی دەدات، دەڵێت: داگیرکەری ترسی هەیە لە ژن چونکە ژنان لە ئێستادا سیمبوولی خەبات و تێکۆشانن، بەتایبەتی ژنانی ئازاد کە خاوەنی فەلسەفە و بیری ئازادن و توانایان هەیە کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە.
"خەباتی ڕاگەیاندن ئازاد و دەنگی ئازاد بەردەوامە"
هاوژین شەهید فەخرەدین ڕوونیکردەوە، تاکێکی هۆشیار کۆمەڵگەیەکی هۆشیار بەرهەم دەهێنێت، بۆیە داگیرکەر هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی دەدات، هەمیشە هەوڵی داوە ژنانی سەرکردە و ئەو ژنانەی خاوەنی قەڵەمی ئازادن بکات بە ئامانج و تیرۆریان بکات، وتی: ئازادیخوازان و تێکۆشەران هەموو کونجێکی ئەم خاکە بە هی خۆیان دەزانن، بەڵام هەموو تاێک مافی ئەوەی هەیە لە کوێ لە دایک بوو لە وێ بە خاک بسپێردرێت، بۆیە گوڵستان تارا نێردرایەوە بۆ خاکی خۆی.
هەروەها باسی لەوەشکرد، دەبوو لە مەراسیمەکانی تایبەت بەو دوو ڕۆژنامەنووسانە ژنانی زیاتر بەشداربن و هەڵوێستیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە بەربەست بۆ دەستی ئەو دوژمنەی هەمیشە لە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازاددا بووە، لە کۆتایدا وتیشی: پێویستە ئەم تاوانە بە تاوانی نێودەوڵەتی بێتە هەژمارکردن، گرنگە چالاکییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە جۆرێک بن چیتر تیرۆرکردنی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە خەباتی ڕاگەیاندن ئازاد بەردەوامە و بەڵێن دەدەین ڕۆژێک دێت ئەم خەباتە بگاتە کەناری ئارامی.