"هەموواری یاساکە کۆمەڵگە بەرەو داڕووخان دەبات"
ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە بەغدا باس لەوە دەکەن، تا ئێستا قسەکان لەسەر وەستاندنی توندوتیژی دژی ژنان لە قسەدا ماونەتەوە و کاری پێویست نەکراوە.
شیا كۆیی
بەغدا- شانزەهەمین کۆنفرانسی ساڵانەی ڕۆژی ئیسلامی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، بە دروشمی "ڕێزگرتن لێی گەشەپێدانی نەتەوەیەکە" لە ڕۆژی ١٠ی ئابی ئەمساڵ لە بەغدای پایتەختی عێراق، بە بەشداری سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق و لایەنەکانی دیکەی عێراق و ژمارەیەک لە نوێنەر و وەزیر و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو.
ئەوەی جێگای باسە كۆنفراسە تەواو دیاردەی پیاوسالاری بەسەرەوە زاڵ بوو، بەوەی زۆربەی قسەكەرەكان لە پۆستە باڵاکان پیاو بوون و زۆر كەم ڕۆڵی ژن بە دیارخرا و کەمترین بوار بۆ قسەکردنی ژنان ڕەخسێنرا، زۆرترین قسەکانیش لەسەر هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارەی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراق بوو.
لە میانەی کۆنفرانسەكەدا ئامادەبووان جەختیان لە گرنگی ئەو خزمەتگوزارییانە کردەوە کە پێشکەش بە ژنان دەکرێت و ڕۆڵی میدیا و تەکنەلۆجیای زانیاری لە پاراستنی ژنان و بەرزکردنەوەی پێگەیان لە کۆمەڵگەدا باسی لێوەکرا، هەروەها ئیدانەکردنی کوشتنی ژنان و منداڵان کرا و جەختکرایەوە کە میدیای مۆدێرن دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان و هۆشیاری و پەروەردە و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئەرێنی کە پشتیوانی لە مافەکانی ژنان دەکات.
تا ئێستا نەتوانراوە بە کردار توندوتیژی دژی ژنان بوەستێنرێت
شنۆ عەبدوڵا، ئەندامی سکرتاریەتی ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان، کە لە سلێمانیەوە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوو، سەبارەت بە کۆنفرانسەکە وتی: ئەو کۆنفرانس باشە کە ساڵانە دەکرێت بۆ ژنان، بەڵام بەرای من بەشتێکی رۆتینی دەبینم کە لە وتارێک دەخوێنرێتەوە نابێت ژنان توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە من لە هەر کۆنفرانسێکی هاوشێوەدا ئامادە دەبم دەوترێت، دەبێت ڕێز لە ژن بگرن، بەڵام لە دەرەوەی کۆنفرانسەکان پێچەوانەیە، هیوادارم ئەوانە ببنە هۆی ئەوەی رێز لە ژنان بگیرێت و کاریان لەسەر بکرێت.
شنۆ عەبدوڵا وتیشی: لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بەردەوامە، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت باسی بکەین بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان دایە، کە توندوتیژیەکان لە ئاستێکی بەرزدان و ئامارەکان پێمان دەڵێن توندوتیژیەکان لە هەڵکشاندان، بەداخەوە هەتا ئێستا نەگەیشتوین بەو ئاستەی توندوتیژیەکانی وەک کوشتن و ئیهانەکردن لە ڕووی جەستەیی و دەرونیەوە و پێشێلکردنی مافی ژنان وەک خۆی مافی پێ بدرێت و ئەوانەی هۆکاری توندوتیژیەکانن بە سزای خۆیان نەگەیشتوون، ئەوەش وای کردووە توندوتیژیەکان لەهەڵكشاندابن.
لە كۆتایی قسەکانیدا شنۆ عەبدوڵا وتی: بەداخەوە نەتوانراوە ژنان بە مافی خۆیان بگەن و دادوەری کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە بۆ ژنان.
سورا مەشهەدانی، ئەندامی کۆنفرانسەکە، دەربارەی ئامانجی کۆنفرانسی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆ نوژنها دوا و وتی: ئامانجی کۆنفرانسەکە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان بوو لە کۆمەڵگەدا و پاراستنی داڕشتنی ئەو یاسایانەیە کە بەرهەمهێنان و داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن، بە هەموو یاساکانیشەوە، کە هەمووار دەکرێنەوە و دارشتنی یاسایەک کە مافی ژن بپارێزێت، هیواخوازم کۆنفرانسکەمان سەرکەوتوو بێت.
لە کۆنفرانسەکەدا هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ زۆرترین گفتوگۆی لە بارەیەوە کرا، کە دەتوانێت کۆمەڵگە بەرەو ئاڕاستەی زیادبوونی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگە بکات، لەو بارەیەوە، سورا مەشهەدانی: من دژی بەشوودانی کچانی کەم تەمەنم، چونكە دەبێتە هۆی داڕووخانی کۆمەڵگە بۆ خراپتر، چونکە ئەوانە منداڵن و ئێمە دەبێت دەرفەتی خوێندن و خۆپێگەیاندیان پێبدەین، بێگومان هەموواری یاساكە حاڵەتەکانی هاوسەرگیری کاتی و تەڵاق لەم کۆمەڵگەیەدا زیاد دەكات، بەو واتایەی کە ئەم یاسایە ئەگەر دەربکرێت کۆمەڵگە دەگەیەنێتە کۆتایی، بۆیە هیوادارم ئەم یاسایە هەمووار نەکرێتەوە، چونكە گەر هەمووار بکرێتەوە دەبێتە کێشەیەکی گەورە لە عێراقدا.