عەتیە بە جلوبەرگی کوردییەوە چەندین وڵات گەڕاوە و کولتووری خۆی پاراستووە

عەتیە عەبدولرەحمان، مامۆستا و هونەرمەند، بە سیستمی خۆڕێکخستنی ژنان توانیویەتی کولتوور و ڕەسەنایەتی بپارێزێت، بێ ئەوەی شەرم لە پۆشێنی جلوبەرگی کوردی بکات، چەندین وڵاتی جیهان گەڕاوە و هێزو ئیرادەی ژنانی کوردی بە جیهان ناساندووە.

سلێمانی

 

پاراستی کولتوور و پۆشینی جلوبەرگی کوردی ژنان هەر لە مێژووەوە ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی مێژوو و ڕەسەنایەتی هەر ناوچەیەک، ژنان هەمیشە لە تێکۆشان و پاراستنی ڕەسانایەتی ناوچەکەیاندا کۆڵیان نەداوە و نموونەی زۆرێکمان هەیە، کە تا ئێستا لە ژیاندا ماون و بە ڕەسەنایەتیەوە دەژین، یەکێک لەو کەسانە عەتیە عەبدولڕەحمانە، کە بێ ئەوەی شەرم لە پۆشنی جلوبەرگی کوردی بکات لە گەشتەکانی بۆ هەر وڵاتێکدا دەیپۆشێت و دابونەریتی ناوچەکەی نیشانی هەموو جیهان دەدات.

 

عەتیە عەبدولرەحمان، مامۆستا و هونەرمەند، لە ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایکبووە، چەند ساڵێک لە دووری وڵاتەکی ژیاوە، یەکێکە لەو ژنانەی ڕەسەنایەتی کولتوور و دابونەریتی کوردبوونی خۆی پاراستەوە.

 

"ژنان پێویستە زیاتر ئاشنای سروشتە دڵڕفێنەکەی ناوچەکانی کوردستان بن"

عەتیە عەبدولرەحمان، ئەو ژنە بە تەمەنەی کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پاراستنی شێوازە ڕەسەنەکەی جلوبەرگی کوردی، بە دامەزراندنی گروپێکی گەشتیاری بۆ ژنان توانیویەتی سیستمی خۆڕێکخستنی ژنان پتەو بکات، ئەوەش لە ڕێگەی چەندین چالاکی و کۆکردنەوەی ژنان و پشتگیریکردنی یەکتر و دروستکردنی هەستی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی یەکتر لەناو ژنان، هەوڵیداوە لە ڕێگەی گروپە گەشتیارەیەکەیەوە ژنان لە ماڵەوە دەربهێنێت و وەک مرۆڤێکی ئازاد  ئاشنای سروشتی کوردستانیان بکات.

 

عەتیە عەبدولرەحمان، باسی لەوەکرد، لە منداڵییەوە خولیای پۆشنی جلوبەرگی کوردی هەبووە، کاتێک دایک و باوکی پۆشاکی کوردی ڕەسەنیان بۆ کڕیوە لای پیرۆز بووە، ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە دووری وڵاتەکی ژیانی بەسەر بردووە سەرەيای ئەو هەستی غەریبیەی بینیویەتی، بەڵام زمانی خۆی و کولتوورەکەی پاراستووە، بەردەوام زمان و فەرهەنگی خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەیان بەکارهێناوە تا ئەو زمانە لە یاد نەکەن.

 

"دامەزراندنی گروپی گەشتیاری بۆ ژنان زیاتر ئاشتی و تەبایی لەناویاندا دروست دەکات"

عەتیە عەبدولرەحمان، ماوەی شەش ساڵ لە وڵاتی غەریبی و دوور لە نیشتیمانەکەی بەهۆی بارودۆخی تایبەتی خۆیەوە ژیاوە، ئامانج لە گەڕانەوە بۆ کوردستان بۆنی خاکی کوردستان و خۆشەویستی وڵاتەکەی بووە، هەر بۆیە بڕیاریداوە بە یەکجاری لە کوردستان بمێنێتەوە و بژی، وتیشی: کاتێک گەڕامەوە بۆ کوردستان بینیم ژنان بۆشاییەک لە ژیانیاندا دروستبووە، بیرۆکەی دروستکردنی گروپی گەشتیاری ژنانم بۆ دروستبوو کە پێویستە بۆ ژنان، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستمکرد بە گەشتەکانم بۆ ناوچەکانی کوردستان بۆ ئەوەی شارەزا بم و سەرجەم گەشتەکانیشم بە جلوبەرگی کوردییەوە ئەنجام دەدەم، لە کاتی گەشتەکانم ڕێگریم لێنەکراوە، لە هەر وڵاتێکیش بووبێت سەرسام بوون بە ویست و ئامانجەکانم.

 

عەتیە عەبدولرەحمان وەک سەرپەرشتیاری گروپەکە گەشت لەگەڵ ژنەکاندا ئەنجام دەدات، هەروەها گروپەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک ژنی بە توانا، چالاکوان، بەهرەدار، دەست ڕەنگین کە خاوەنکاری خۆیانن، لە پیاوسالاری و کۆیلەی دابونەریتی کۆمەڵگەی کۆنە پەرست خۆیان ئازاد کردووە، بە تێکۆشانیان کاریگەریان بۆ ژنانی دەوروبەر دروستکردووە.

 

بەسۆز ئەحمەد، دەرچووی زمانی ئینگلیزی زانکۆی موسڵە، وەک ئەندامی گروپەکە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە کات و شوێنی گەشتەکانیان بۆ دیاری دەکات و دەڵێت: ئامانج لە ڕێکخستنی گەشت بۆ ژنان، دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوە لە نێوان ژناندا و پاراستنی کولتووری کوردییە، هەروەها زیندووهێشتنەوەی جلوبەرگی کوردییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەین ژنان کۆبکەینەوە، تا بە ڕێکخستنی ژنان و تابایی لەناو ژناندا ئاشتی و تەبایی دروستبکەین، ڕووبەڕووی داگیرکاری و خۆسەپاندنی پیاوسالاری لەناو کۆمەڵگەدا ببینەوە، بۆ ئەوەی چیتر ژنان نەکرێنە کۆیلە لە ماڵەوە و تەنها کاری ماڵ بکەن، بەڵکو هەوڵ دەدەین جیهانێکی نوێیان نیشان بدەین.

 

"ئامانجمانە ژنان چیتر قبوڵی ئەقڵیەتی پیاوسالاری نەکەن"

شۆخان مەحمود، ئەندامێکی دیکەی گروپەکەیە، وەک چالاکوانێکی مەدەنی وتی: وەک ئەندامێکی ئەم گروپە زۆر ئاسودەم، بە گەشت لەگەڵ ئەم گروپەدا سەردانی سروشتە جوانەکەی کوردستان دەکەین، هەوڵ دەدەین ژنان لە ئەو شێوازی ژیانکردنە بهێنینە دەرەوە کە تەنها لە ماڵەوە بمێننەوە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەریاندا زاڵ بێت، لە ڕێگەی هێز و ئیرادەی ژنانەوە دەتوانین گەشتەکانمان بە خۆشی ئەنجام بدەین.

 

عەتیە عەبدولرەحمان لە کۆتایدا وتی: بە ژنان دەڵێم  ئێوە ئازادن، دەبێت لە ژیاندا مافەکانتان بە تەواوی بەدەستبهێنن، هەر ژنێک بیەوێت ببێتە ئەندام لە گروپی گەشتیارانی ژنانی کوردستان، دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات و بەشداری گەشتەکانمان بکات.