"پەیوەندییەکی بەهێز، کۆمەڵگەیەکی بەهێز و تاکێکی تەندروست بونیاد دەنێت"

لەیلا عەبدوڵا، چالاکوانی ژنان پێی وایە هەوڵی ژنان و تێکۆشانیان بۆ دەستەبەربوونی مافەکانیانە، کاریگەریان لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.

سلێمانی

 

کۆمەڵگە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک خەڵک کە لە کۆمەڵەی بچوکەوە وردە وردە گەورە بووە، سەرەتا لە خێزانەوە دەست پێدەکەین کە خێزان ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە پەروردەی تاک و دروست بوونی تاکێکی تەندروست، دواتر تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەبێت کە شوێنێكی بەرفراوانترە. سەرەتا خێزان و دواتر کۆمەڵگە کاریگەری سەرەکیان لەسەر دورستبوونی تاکێکی ڕۆشنبیر و دەروون دروست هەیە.

 

"بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان، پێویستە پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانمان پتەوتر بکەین"

لەیلا عەبدوڵا، چالاکوانی ژنان، لێپرسراوی لقی سلێمانی یەکێتی ژنانی کوردستان و بەرپرسی لانەی ئارام، سەبارەت بە پەیوەندیە کۆمەڵەیەتییەکان و کاریگەریان لەسەر دەروونی تاک بەتایبەت گەنجان، ڕوونیکردەوە، هەموو مرۆڤێک لەدایک دەبێت بە تەنها ناتوانێت خۆی دووربخاتەوە لە کۆمەڵگە، چونکە لە ڕوانگەی ژیانەوە فێری بەها مرۆڤایەتی و پەیوەندییە دروستەکانی کۆمەڵگە و خێزان دەبێت، سەرەتای دروستبوونی تاک لە خێزانەکەیەوە، ڕەنگدانەوەی شێوازی ژیان و پەروەردەی خێزان کاریگەری خۆی لەسەر تاک بەجێدەهێڵێت.

 

بۆ بەردەوامی لە ژیان تاک دەبێت پەیوەندی کۆمەڵایەتی پتەوی هەبێت، نابێت تاکی کۆمەڵگە خۆی داببڕێنێت لە هەموو پەیوەندییەکان، بڕیاری ئەوە بدات، ڕوو لە دارستانەکان بکات و پشت لە مرۆڤایەتی خۆی بکات،  وتیشی: تاکێک لەناو کۆمەڵگە یا خێزانێکی تەندروست پەروەردە ڕاست و پەروەردەیەکی دروست گەورە دەبێت، کەسێکی پڕاوپڕ لە بەها کۆمەڵایەتییەکانی لێدەردەچێت، بەتایبەت منداڵ ڕەفتاری خێزان و کۆمەڵگە هەڵدەگرێتەوە و لە داهاتوویدا بەرجەستەی دەکاتەوە، بۆیە ئەگەر منداڵ پەروەردەیەکی دروست وەرنەگرێت کۆمەڵگەیەکی دروست بنیات نانرێت.

 

"گەنجی بە توانا هەوڵی خۆپەروەردەکردن و بونیادنانی خۆی دەدات"

 لەیلا عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەکرد، ناتوانن لەسەر توانا و دەروونی گەنجان بە کۆی گشتی بڕیار بدەن، لە هەندێک بارودۆخدا گەنجان کاریگەری دۆخی خراپی کۆمەڵگە و ژیانی ئێستایان لەسەرە، بەڵام بەشێکیان هەمیشە لە خۆپەروەردەکردندان، هەوڵ دەدەن لە قاڵبە گۆشەگیرییەکە ڕزگاریان ببێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیاکانیان پتەو تر بکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، سیستم و دەسەڵات بە سیاسەت و ئەو ژینگەیەی بۆ گەنجانیان دروستکردووە، هێز و ئیرادەیان لە گەنجان وەرگرتووەتەوە، بەو ئامانجەی گەنجان هۆشیارییان نەمێنێت و گرنگی بە پرسە سیاسی و پرسەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتەوە نەدەن، هەموو هەوڵی ئەم سیستمە دروستکردنی دۆخێکی نائارامە لای گەنجان، بۆ ئەوەی هەمیشە بە دەروونێکی نائارام بمێننەوە ئەمەشە زیان بە پێشکەوتینی کۆمەڵگە دەگەیەنێت، چونکە لە هەر وڵاتێک ژنان و گەنجان ئازادی و ئیرادەیان هەبێت ئەو کۆمەڵگەیە پێشدەکەوێت و دەبێتە سەرمەشقی پێشکەوتینی جیهان.  

 

"ژن لە مێژووەوە تا ئێستا هەوڵی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئارامی داوە"

لەیلا عەبدوڵا، سەبارەت بە بارودۆخ و گوزەرانی ڕابردوو و ئێستای ژنان وتی: ژنان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینیووە، هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ دەستەبەربوونی مافەکانیان زیاتر بووە، بە جۆرێک کاریگەریان کردووەتە سەر کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ژنانی کورد هەر لە مێژووەوە کاریگەریان لەسەر چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هەبووە، لە ئارامی ئاسایشی وڵات و ئاشتی و تەبای لەناو کۆمەڵگەدا ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە.

 

باسی لەوەشکرد، چەندین ژنی پێشەنگ و تێکۆشەر لە مێژوودا هەبوون کە کاریگەریان لەسەر بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە هەبووە و بوونەتە نموونە بۆ گەنجانی ئێستا، دەشڵێت: ژنان لە ئێستادا ئازادیان لە دەربڕینی بیروڕا و بەشداریکردنیان لە هەلی کاردا زیاترە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، چونکە لە سەردەمانی کۆندا کۆمەڵگە داخراوتر بوو، ژنان ئەگەر تێکەڵی کۆمەڵگە ببوونایە و کاریان بکردایە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە و ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی دەبوویەوە، ڕێگری لێدەکرا تێکەڵ بە دونیای ئازادی ببێت.

 

"بە یەکگرتنی ژنان و هەبوونی پەیوەندیەکی پتەو، سەرکەوتوتر دەبن"

لە کۆتایدا لەیلا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد، هەموو تاکێک هەوڵی خۆدروستکردن بدات کەسێکی تەندروستی لێدەردەچێت، چەندین ڕێگە هەیە بۆ خۆ پەروەردەکردن و دروستبوونی تاکێکی ڕۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، وتیشی: گەنج پێویستە لە بوارێکدا خۆی بدۆزێتەوە و پەرە بە کەسایەتی خۆی بدات، بەخوێندنەوەی کتێب، بەشداربوونی سمینار و کۆڕی ئەدەبی خۆیان بەرەوپێش ببەن.

 

لەیلا عەبدوڵا، پەیامی خۆی بە ژنان ڕاگەیاند و وتی: هیوادارم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پتەو تر بکرێن، خیزانەکان زیاتر گرنگی بە لایەنی پەروەردە و دروستبوونی تاکێکی دەروون ئارام بدەن بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری باشیان لەسەر کۆمەڵگە و ژینگەی دەوروبەریان هەبێت، هیوادارم دایک و باوک پەیوەندی کۆمەڵایەتی فێری منداڵەکان بکەن، چونکە پێویستە هاوکاری یەکتر بکەن، هەروەها ژنان گرنگە ببنە ئاوێنە بۆ سەرکەوتنی یەکتر، پەیوەندییەکانیان زیاتر قوڵ بکەنەوە.