"ئابووری و سیاسەت هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەیە"
ڕازاو گوڵی مەحمود، چالاکوان و پسپۆڕ لەیاسای باری کەسێتی عێراقی، دەڵێت: هەندێك بڕگە لە یاساکاندا هەیە لەگەڵ داواکارییەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان یەک ناگرێتەوە، وەک بابەتەکانی فرە ژنی، جیابوونەوە، وەرگرتنی میرات و وەسێتنامە.
نیهایەت ئەحمەد
سلێمانی- ساڵانە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بە مەترسیی دەبینرێت لەسەر شیرازەی خێزان لە هەرێمی کوردستان، هۆکارەکانی جیابوونەوە لە نێوان هاوژینەکاندا جیاوازە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەندێک دیاردە هەیە هۆکارێکی سەرەکین بۆ جیابوونەوە و زۆر باوە، ئەوانیش، هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جیاوازی تەمەن، فەرامۆشکردنی یەکدی، زاڵبوونی ڕۆتین بە ڕادەیەکی زۆر بەسەر ژیانی هاوسەرگیریدا، و ...هتد، کە ئەمانە دەبنە بابەتی کۆمەڵایەتی، بەڵام لە بنەڕەتدا؛ هۆکارە سیاسی و ئابوورییەکان ڕەگ و ڕیشەی کێشەکانی کۆمەڵگەن لە هەر بوارێکدا بێت، کە شێرازەی خێزانیش لەسەر ئەو دوو ڕەوتە خۆی بنیاد دەنێت و تەشەنە دەستێنێت.
ئامارەکانی ڕێژەی جیابوونەوە و لێک جیابوونەوە، بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەریی بەڕێوەبەرایەتی پلان و ئاماری هەرێمی کوردستان-عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣دا ڕێژەی جیابوونەوە بەم شێوایەیە؛
١- هەولێر/ ساڵی ٢٠٢٢ ئاماری جیابوونەوە ٥٦٤٥
ساڵی ٢٠٢٣ ئاماری جیابوونەوە ٥٨٥٧
بەراوردی نێوان ساڵی (٢٠٢٢)و ساڵی (٢٠٢٣)، (٢١٢) حاڵەت زیادی کردووە.
٢- سلێمانی/ ساڵی ٢٠٢٢ ئاماری جیابوونەوە ٥٥٣٣
ساڵی ٢٠٢٣ ئاماری جیابوونەوە ٤٥٣٨
بەراوردی نێوان (٢٠٢٢)و ساڵی ( ٢٠٢٣)، (٥٩) حاڵەت کەمی کردووە.
٣- دهۆک / ساڵی ٢٠٢٢ ئاماری جیابوونەوە ١٩٩٢
ساڵی ٢٠٢٣ ئاماری جیابوونەوە ١٢٦٤
بەراوردی نێوان (٢٠٢٢)و ساڵی ( ٢٠٢٣)، (١٧٢) حاڵەت زیادی کردووە
٤- کەرکوک، گەرمیان/ ساڵی ٢٠٢٢ ئاماری جیابوونەوە ٧٩٧
ساڵی ٢٠٢٣ ئاماری جیابوونەوە ٨٥٣
بەراوردی نێوان (٢٠٢٢)و ساڵی ( ٢٠٢٣)، (٥٦) ئاماری زیادی کردوە
"یاساکانی عێراق لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام داڕێژراون"
ڕازاو گوڵی مەحمود، چالاکوانی بواری ژنان و پسپۆڕ لە یاسای باری کەسێتی عێراقی، باسی لەوەکرد، کە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ئامارەکان خراوەتەڕوو و ڕێژەی جیاوابوونەوە زۆر زیاترە لە بەرامبەر ڕێژەی هاوسەرگیری، ئەمەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە کاریگەری خراپ بەجێ دەهێڵێت، لە دروستکردنی خێزاندا و لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بابەتی هاوسەرگیری ڕێژەکەی ڕوو لە کەمبوونە و جیابوونەوە زیادی کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها هۆکاری کۆچی زۆری گەنجان بۆ دەرەوەی وڵاتیش بوونی هەیە.
ڕازاو گوڵی مەحمود، لە بارەی مێژووی یاسای باری کەسێتی عێراقی کە بنچینەی ڕێکخستنی تاکی کۆمەڵگەیە، وتی: یاساکانی باری کەسێتی لە عێراق بەشێکی بۆ ساڵی ١٩٥٩ دەگەڕێتەوە، عێراق دەوڵەتێکی دروستکراوە و لە کۆمەڵێك نەتەوە و ئایینی جیاواز و پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە، لە ١٩٢١ تاوەکو ١٩٥٨ چەندین جار لیژنەی یاسایی پێکهێنرا و نەتوانرا بگەیەنرێتە ئەنجام، لەبەر ئەو جیاوازییەی لە نێوان پێكهاتەکاندا هەیە، دواتر کە یاساکان دەرچوون، بەپێی دەستووری عێراقی دەبوو لە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام نەبێت، لەبەرئەوە زۆربەی سەرچاوەی یاساکان لە دادگادا لە شەریعەتی ئیسلامییەوە دانراون، شەریعەتی ئیسلامی کۆمەڵێك مافی یاوە بە پیاو، لە بەرمبەردا ژن ئەو مافانەی پێنەدراوە، وەک جیابوونەوەی یەک لایەن و واتا پیاوەکە بەبێ وستی ژنەکە جیابوونەوە ئەنجام دەدات و بابەتی ژن هێنانی دووەم و سێیەم و چوارەم، هەرچەندە کۆمەڵێک یاسای باش هەیە مافی ژن و پیاوی وەک یەک پاراستوە، بەڵام هەندێك بڕگە لە یاساکاندا هەیە لەگەڵ داواکارییەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان یەک ناگرێتەوە، هەروەها بابەتی شایەتیدانیش، کە دوو ژن بە شایەتێک دادەنرێت، بەشێکی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاساکان لەناو دادگا و بەشێکیشی پەیوەستە بە باوەڕی دادوەرەکان کە هێشتا بیر و باوەڕی پیاوسالاری زاڵە بەسەریانە لە دادگاکان.
"پێویستە ڕێگری لە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا بکرێت"
ڕازاو گوڵی مەحمود لە بارەی زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە و ڕێگاکانی کەمکردنەوەی، وتی: ئەگەر مەبەستمان بێت نەوەی داهاتوو لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست هاوسەرگیری بکەن و کەمترین ڕێژەی جیابوونەوە هەبێت، دەبێت لە دادگادا ڕێگری بکرێت لە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، چونکە لە ئێستادا یەکەم هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی هاوژینانە، کە بە تەمەنێکی نایاسایی هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت. دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە و پەردەردەی خێزانەکان بکرێت کە پەلە لە هاوسەرگیری منداڵەکانیان نەکەن، تا ئەو کاتەی خۆیان بنیاد دەنێن و لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە خۆیان دەبەستن.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕازاو گوڵی مەحمود بە پێویستی دەزانێت کە کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە، لەو رێچکە کۆنە نەمێنن کە ژن دەبێت وابەستەی کولتوور و پەروەردەی کۆنەپەرستی بکرێت و لە ژیاندا نەتوانێت ژیانی خۆی بگۆڕێت، پێویستە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە دادگاکاندا هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن و لە ڕووی دەروونیشەوە دەبێت پاڵپشتی ئەو ژنانە بکرێت کە جیادەبنەوە، پاڵپشتی ئابووریان بکرێت و حکومەت هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنن.
لە کۆتایدا وتی: بۆ ئەوەی لە بناغەوە چارەسەری کێشەی خێزان و جیابوونەوە بکرێت، دەبێت لە پەروەردەوە دەستپێبکرێت.