خولی هاوینە ئاینییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە

خولی هاوینە ئاینییەکان لە ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان بە ئامانجی ڕاکێشانی منداڵان و بەرەوپێشبردنی بیرۆکەی ئایینی دەکرێنەوە، بەڵام ئەو وانانە بە تایبەت بۆ کچانی گەنج چەندین کاریگەری نەرێنییان هەیە، لەوانە زوو هاوسەرگیری و وازهێنان لە خوێندن.

نەسیم محەمەدخوا‌هـ

 

بانە- خولی هاوینە ئاینییەکان کە لە ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆ ڕاکێشانی منداڵان دەکرێنەوە، کاریگەریی نەرێنی زۆریان لەسەر گەشەی هزری و کۆمەڵایەتیی منداڵان هەیە. ئەم خولانە زۆرجار لەلایەن گروپە ئایینییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن بە ئامانجی پێشخستنی ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستانە و دژە ژن و دژە دیموکراسی، بەڵام هەرچەندە دەسەڵات و شەرعیەتی ئەم گروپانە کەمی کردووە، هێشتاش توانای دروستکردنی کەسانێکیان هەیە کە هەڵوێستی توندڕەویان هەبێت، کە کاریگەریی تێکدەرانەی لەسەر منداڵان بەتایبەت کچانی گەنج هەیە.

 

فریشتە م.، ناوی خوازراوی مامۆستایەکە و سەبارەت بە کردنەوەی ئەو خولانە باسی لە لێکەوتەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.

 

چۆن وانەکانی ئایینی هاوینە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچن و ئامانجی سەرەکی ئەو خولانە چین؟

وانە ئاینییەکان کە بریتین لە وانەکانی قورئانی و بەرنامەی دیکەی هاوشێوەی، بەزۆری لە وەرزی بەهار و هاویندا دەکرێنەوە، بە تایبەتی دوای داخستنی قوتابخانەکان، ئەم خولانە زیاتر ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە لە چینی ناوەڕاست و چینە لاوازەکانی دارایین، چونکە خولەکان بە خۆڕایین و هانی دایک و باوک دەدات بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵی منداڵەکانیان بە بەشداریکردن لەم خولانەدا، لەم خولانەدا منداڵان بە بیرۆکەی ئایینی پەروەردە دەکەن، کە دەتوانێت کاریگەری زۆر جددی لەسەریان هەبێت، بە تایبەتی لەسەر ژنانی گەنج.

 

چۆن خولی هاوینە ئاینییەکان هانی منداڵان دەدەن زوو هاوسەرگیری بکەن؟

هەندێک لەو خولانە هانی منداڵان دەدەن زوو هاوسەرگیری بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندنیان ڕابگرن و دەرفەتی گەشەکردنی کەسی و پیشەیی خۆیان سنووردار بکەن، مەترسی هەرە جددی بۆ منداڵان و گەنجانیش زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵانە، نزیکەی هەموو حاڵەتەکانی هاوسەرگیری منداڵان ژنانی گەنج دەگرێتەوە، بۆیە بەڕێوەبەرانی ئەم خولانە ئەو گەنجانە دەکەنە ئامانج کە لە هەستیارترین کاتەکانی ژیانیاندان، بۆ ڕێگایەک کە ئامادە نین بۆی، ئەوەش کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانیان دەبێت.

 

چۆن بەشداریکردن لە خولی هاوینە ئاینییەکان ڕێگری دەکات لە درێژەدان بە خوێندنی کچان؟

لەم خولانەدا چەند شێوازێک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی منداڵان بەتایبەت کچانی گەنج نەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، ئەوانیش، یەکەم، زۆربەی گروپە ئاینییە توندڕەوەکان دژی خوێندنی کچانن، بە تایبەتی خوێندنی دوای ئامادەیی و چوونە زانکۆ، دووەم، لەو حاڵەتانەی کە هاوسەرگیری منداڵان ڕوودەدات، بەردەوامبوون لە خوێندن بە کردەوە دەبێتە مەحاڵ، بۆیە ئەم خولانە کە دەبنە هۆی هاوسەرگیری منداڵان یان ڕاستەوخۆ دژی خوێندنی زیاتر بن، ئەنجامی کۆتایی وازهێنانە لە خوێندنی ژنانی گەنج، من بۆخۆم دەیان حاڵەتم دەزانم کە دوای بەشداریکردنیان لە خولە قورئانییەکان و هاوشێوەکانیدا، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بیری ئایینی و چارشێو و نیقابیان بەکارهێناوە، ئەم کچانە لە ژێر کاریگەری ڕیکلامەکانی ئەو کەسەی کە ئەم خولانەی ڕێکخستووە، ڕازی بوون بە زوو هاوسەرگیری پێشوەختە و لە زۆرێک لەو حاڵەتانەدا، دوای ئەوەی بەرگەی چەند ساڵێک پێکەوە ژیانیان گرتووە، ناچاربوون جیاببنەوە، هەروەها وانەکان پرسەکانی وەک حیجابی زۆرەملێ، فرەژنی، ڕۆڵی ژنی ماڵەوە و پەروەردەکردنی منداڵ بە تەنیا و گوێڕایەڵی پیاوان و حکومەت دەخاتە بەرباس، ئەم گوتارانەش بیری دژی ژن و دژی ئازادین و ژنان لە ژیانی سەربەخۆ بێبەش دەکات.

 

چینە ئایینییەکان چۆن منداڵان بە ئایدۆلۆژیای نادیموکراسی و کۆنەپەرستانە ئاشنا دەکەن و بەو ئاراستەیە دەیانبەن؟

لەم خولانەدا منداڵان زیاتر بەرەوڕووی بەرەوپێشبردنی توندڕەوی ئایینی دەبرێن و بەبێ چاودێرییەکی دروست ئەو بیرکردنەوانە لە مێشکیاندا دەچێنرێن، ئەمەش ڕەنگە جیهانێکی ترسناک بۆیان دروست بکات، کە تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە خێزانەکاندا، کە لە کاتی گەنجیدا بە شێوازی ڕادیکاڵ مامەڵە لەگەڵ خێزان و کەسانی دەوروبەریان دەکەن و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا هەڕەشەی کوشتنیش دەکەن، هەموو ئەمانەش هۆکارەکەی پەروەردەی توندوتیژانەیە، کە لەلایەن ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، لەوانەش ڕێکخراوی تەبلیغی ئیسلامییە، کە یەکێکە لەو دامەزراوانەی سەر بە بەسیج و سوپای پاسدارانە، ئەو چینانە ڕێکدەخات و هەوڵدەدات ئەو منداڵانە بۆ ناو ڕێکخراوەکانی بەسیج و سوپای پاسداران ڕابکێشێت، لە لایەکی ترەوە گروپە ناحکومییەکانیش ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە ئایینی زۆرینەی کۆمەڵگە ئیسلامی سوننەیە، گروپە سەلەفیەکان و برایەتیەکان و تەنانەت گروپە ئاینیەکانی تریش بەشدارن لە ئەنجامدانی ئەو وانانە، بۆ نموونە لە ڕابردوودا یەکێک لە هاوڕێکانم بەشداری لە یەکێک لەو وانانە دەکرد کە گروپی ئیخوانی ڕێکیان دەخست و داگیرکردنی عەفرین ڕێک لە هەمان کاتدا ڕووی دەدا کە خولەکە بەردەوام بوو، لە کاتی گفتوگۆکەدا، ئەو مامۆستایەی کە خولەکەی بەڕێوە برد، بەرگری لە ئەردۆغان و داگیرکردنی عەفرین کرد، ئەمە نموونەیەکی ڕوونە لە ئامانجی ئەو چینانەی کە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەرەوپێش دەچن.

 

چ ستراتیژیەتێک پێشنیار دەکەیت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییە نەرێنییەکانی چینە ئاینییەکان؟

هەنگاو هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی چین و توێژە ئاینییەکان، ئەوانیش هاندانی منداڵان بۆ بەشداریکردن لە پۆلەکانی وەرزش و زانستدا دەتوانێت دەرفەت بۆ چالاکییە بنیاتنەر و بەسوودەکان بڕەخسێنێت، هەروەها ئاگادارکردنەوە و پەروەردەکردنی دایک و باوکان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم خولانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی منداڵان لەم بەرنامانەدا، جگە لەوەش پاڵپشتیکردن لە بەرنامە ڕۆشنبیری و هونەریەکان متمانە بەخۆبوون و داهێنەری منداڵان بەهێز دەکات و وەک بەدیلێکی گونجاو بۆ چینە ئاینییەکان پێشنیار دەکرێت، لە کۆتاییدا، هەماهەنگی هەوڵەکانی خێزان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دروستکردنی کەشێکی تەندروست و پەروەردەکردن بۆ منداڵان زۆر گرنگە، لە پێناو ڕێگریکردن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو چینانە و دەستەبەرکردنی گەشەسەندنی هزری و کۆمەڵایەتی منداڵان.