"لێلا میدیا" دەنگی هەموو ژنانی تونسە

پلاتفۆرمی لێلا میدیا لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دامەزراوە و وەک دەنگی هەموو ژنانی تونس کاردەکات، بە مەبەستی چالاکبوون و توانای سەلماندنی خۆیان.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- مافەکانی ژنان و پراکتیکەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەرامبەریان هەمیشە هزری ژنانی سەرقاڵ کردووە، تا بە دەنگی بەرز پشتیوانی لە ژنان بکەن، ئەم هاوارە چەندین شێوەی گرتەبەر و پلاتفۆرمی "لێلا میدیا- Lella Media" دامەزرا بۆ ئەوەی بتوانن ببنە دەنگی ژنان.

 

وشەی “لێلا” بە زمانی ئەمازیغ بە واتای “مەدام” یان “خانم” دێت، کە پلاتفۆرم لێلا میدیا ناوی فێمینیستی خۆی لێ وەرگرتووە، پرسی ڕۆژنامەوانی لەسەر دیجیتاڵ دابین دەکات کە بە تایبەتی ئاراستەی ژنانی ناوچەکان کراوە بۆ ئەوەی ببێتە دەنگیان.

 

جازیە نوومە، ڕۆژنامەنووس لە دورگەی جربە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تونس، دامەزرێنەری پلاتفۆرمی میدیایی لێلا میدیایە، سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو پلاتفۆرمە وتی: دامەزراندنی ئەم پلاتفۆرمە کاتێکی زۆری خایاند و بیرکردنەوەی زۆری دەویست، بە بڕە پارەیەکی کەم توانیم ئەم پلاتفۆرمە بخەمە ناو خەڵک، ئەوە هاندەرێکی زۆر گەورە بوو لە سەرەتای دەستپێکردنمدا و شانازی پێوە دەکەم، هەروەک چۆن شانازی بە خۆم و هەموو ژنێکەوە دەکەم کە بیرۆکەی پڕۆژەی هەیە و باوەڕی بە تواناکانی هەیە.

 

سەبارەت بە بڵاوکراوەکانیان وتی: یەکەم زنجیرە کە پێشکەشم کرد، بە ناونیشانی "وازی لێبهێنە بۆخۆت" بوو، کە باسی لە چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو ژنانەی دەکرد لەو بوارانەی لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراون، ئەڵقەی یەکەم لەگەڵ ڕاهێنەرێکی ئەسپسوازی بوو کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و دواتر لەگەڵ ژنێکی ئاسنگەر بەشێکم دروستکرد، سەرکەوتنی ئەو دوو ئەڵقەیە بە پاڵنەرێکی بەهێز دادەنرێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکەم.

 

جازیە نوومە دووپاتی کردەوە کە ئەم دەستپێکانە پاڵپشتییەکی زۆر بوو بۆ درێژەدان بە کارەکەی و وتیشی: لام گرنگە کە پلاتفۆڕمەکە گرنگی بە هەموو ئەو پرسانە بدات کە پەیوەندییان بە ژنانی تونسییەوە هەیە لە ناوچە جیاوازەکان، لە باشووری تونسەوە تا باکووری دوور، چونکە بەڕاستی دەمەوێت بەربەستەکان بشکێنم و کار بۆ بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا بکەم، ، کاتێکیش دەچیتە ناو لاپەڕەی فەرمی پلاتفۆرمەکە، بۆت دەردەکەوێت کە زۆربەی بەشداربووان و شوێنکەوتووانی لە بواری ڕۆژنامەوانین، ئەمەش دڵخۆشم دەکات.

 

سەبارەت بەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، دەڵێت سەرەتا ڕەخنەی ناڕەوای گەورەی بەرکەوتووە و هەڵمەتی چەواشەکاری ئەنجامدراوە، تەنها لەبەر ئەوەی ژن بووە و خاوەنی پڕۆژەیەکی ڕۆژنامەوانی بووە، بەتایبەتی کە یەکەم ژن بووە لە پارێزگای مەدنین کە بابەتی میدیایی تەنیا پەیوەندیداری بە ژنان بەرهەم هێناوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، جازیە نوومە داوای لە هەموو ژنێک کرد کە خۆی بەو پرەنسیپ و بیرۆکە و خەونانە ببەستێتەوە کە دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، چونکە سەرەتاکان هەمیشە قورسن و وتیشی: هەندێکجار بە چەندین قۆناغی بێزاریدا تێدەپەڕم، کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن کەسێک بدۆزمەوە باوەڕ بە بیرۆکەکانم بکات، بەڵام خواستم بۆ دروستکردنی دەزگایەکی میدیایی کە دەنگی ژنان بگەیەنێت و میدیایەکی ئامانجدار بێت، زۆرە.