لە ورمێ زمانی کوردی لە ڕێبەری گەشتوگوزاردا بوونی نییە

لە ورمێ ڕێبەری گەشتیاری بە ٧ زمان بوونی هەیە، دانیشتووانی شاری ورمێ ناڕەزایەتیان بەرامبەر نەبوونی زمانی کوردی لەناو ڕێبەرەکەدا هەیە و وتیان: ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی دوژمنایەتی و لەناوبردنی زمانی کوردی.

یارا ئەحمەدی

 

ورمێ- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی خەڵک بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گەشتوگوزاری میراتی فەرهەنگی پارێزگای ورمێ، کە یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین گەشتیار ڕووی تێدەکات، ڕێبەری گەشتوگوزاری بە زمانەکانی فارسی، تورکی، ئازەری، ئینگلیزی، چینی، هیندی، عەرەبی ناساند، بەڵام بە هۆی نەبوونی زمانی کوردی لەناو لیستەکەدا کاردانەوە دروستبوو.

 

"بەدوای وەرگێڕی کوردی زماندا دەگەڕێن"

ڕویا م.، کە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری ورمێ وەک وەرگێڕ کاردەکات، وتی: زۆر کەس کە دێنە ناوچەکە ئەم شارەیان پێ باشترە، چونکە شوێنی یەکەمە، زۆرێک لەو کەسانەی کە گەشت دەکەن بەهۆی جوگرافیا و زانینی زمانەکەوە ئەم شوێنەیان پێ باشترە، ئەو کەسانەی زۆرترین دێنە ئێرە کوردانی باشوور و باکوورن، زۆرێک لەو گەشتیارانە بۆ مەبەستی پزیشکی، کار یان گەشتیاری دێن و بەدوای ئەو وەرگێڕانەدا دەگەڕێن کە کوردی بزانن.

 

"بوونی زمانی کوردی وایکردووە کە وەبەرهێنەری زیاتر بێنە ئێرە"

سەمیرە شەریف، کە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە ورمێ کاردەکات، دەڵێت: ژمارەی کورد لەنێو کارمەندانی نەخۆشخانەکەدا بەرزە، پێویستە ئەوە بزانرێت کە شاری ورمێ یەکێک لە ناوەندە گرنگە گەشتیارییەکان.

 

کۆسار ڕەحیمی هەناردەکاری خۆراکە و زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکات، وتی: زۆر دڵخۆشم چونکە هەردوولا بە زمانی کوردی قسە دەکەن، دەکرێت بڵێین کوردبوون کاریگەرترین فاکتەری ئاشتەواییە، بەڕای من بوونی زمانی کوردی لەم شارەدا بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە سەرمایەدار و بازرگانەکان بێنە ئەم ناوچەیە.

 

"زمانی کوردی کاریگەرترین زمانە لە بواری گەشتیاریدا"

لەیلا م.، چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لەوەکرد، لە ورمێ نەخۆش هەن کە لە ناوچەی کوردستانەوە دێن و هەموویان بە کوردی قسە دەکەن، وتیشی: تەنانەت هەندێک لە پزیشکەکان لەگەڵ دەرمانخانەکاندا هاوڕان و هەندێک لە نەخۆشخانەکان نەخۆش دەنێرن بۆ ئەو دەرمانخانانەی کە لەگەڵیاندا ڕێککەوتوون، لەناو دانیشتووانی ورمێدا کوردانی تەمەن ناوەڕاست هەن کە زمانی فارسی نازانن، نەبوونی زمانی کوردی لە پێشەکیدا دەرئەنجامی گۆشەگیریی کولتوورییە، ئەمە لە دوژمنایەتی بەرامبەر زمانی کوردی زیاتر نییە، ساڵانێکە زمانی کوردی لەژێر هەڕەشەی دوژمناندایە، بەڵام بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕێت هەرگیز نەیانتوانی نکۆڵی لێبکەن و زمانی کوردی ئێستا یەکێکە لە زمانە کاریگەرەکانی ئەم شارە و لە بازاڕی گەشتیاریدا بەکاردێت.