“بە پێی پێویست شوێن نییە بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمی نووسەر و ڕەخنەی ئەدەبی”

هەرچەندە نووسەری کورد زۆرە و لە هەموو بوارەکاندا دەنووسن، بەڵام شوێنێکی تایبەت نییە تا پێش چاپکردن پێداچوونەوەیەک بە بەرهەمەنیاندا بکرێت.

سلێمانی

 

شەهلا فەیزولا وەکو نووسەرێک هەفتانە لەگەڵ گروپێکی خوێنەر کۆدەبێتەوە و بەیەکەوە ڕەخنەی ئەدەبی و هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمی نووسەران دەکەن، پێی باشە شوێنێکی تایبەت بکرێتەوە بۆ ئەوەی نووسەران خۆیان بەرهەمەکانیان بهێنن و تێڕوانینی خوێنەرەکان و هەڵەی بەرهەمەکانیان ببینن.

 

"گروپی کەم هەیە بۆ تاوتوێ کردنی بەرهەمی نووسەران"

شەهلا فەیزوڵا، ئاماژەی بەوەکرد، نووسەرمان زۆرە، بەڵام نووسەری ژنمان بە پێی پێویست نییە و زیاتر لە بواری شیعر و ڕۆمان و چیرۆکیشدا شارەزاییان هەیە، هەمیشەش ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە بۆچی نووسەری ژنمان کەمترە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پیاوان بەتواناترن، بوڵکو ئەوان کاتیان زیاترە بۆ خوێندنەوە و نووسین، ژنان بە هۆی سەرقاڵی ژیان و ئەو بەرپرسیارێتیەی لە سەر شانیانە کاتیان کەمترە، ئەگینا ژنان زیاتر لە پیاوان وردتر و قوڵتر دەڕوانن لە شتەکان و دەتوانن زۆر شتی باش بنووسن، سەبارەت بەو گروپانەشی کە دەتوانن تاوتوێی بەرهەمی نووسەران بکەن ژمارەیان کەمە، ئێمە پێویستیمان بە گروپی زیاترە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنەوە پەرە پێ بدەین، ئیمە جیاوازی ناکەین لە نێوان بەرهەی نووسەی ژن و پیاو، ئێمە کە گروپێکی خوێنەرمان هەیە ناساندن بۆ بەرهەمی زۆرێک لە نووسەران دەکەین و ڕەخنەی ئەدەبی لێ دەگرین.

 

"ڕەخنەی ئەدەبی بەرهەمی نووسەران باشتر دەکات"

شەهلا فەیزوڵا ڕوونی کردەوە، ئێمە کاتێک کۆدەبینەوە گفتوگۆ لەسەر بەرهەمی نووسەرێک دەکەین ئانجامان بەردەوامبوون و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندنەوەیە، ڕەخنەگرتن یەکێکە لە فلەتەرە باشەکان هەر پەرتووکێکی پێدا بڕوات، بە مەرجێک ڕەخنەکان ئەدەبی بن، ئەو کەسانەشی پەرتووکێک دەخوێننەوە بتوانن شیکردنەوەیەکی باشی بۆ بکەن و تەنها چاویان هەڵەکان نەبینێت، ڕەخنەش ئەوەیە ئامانج و تێڕوانینی نووسەر دەربخات، ئایا شێوازی نووسینەکەی ئامانجی خۆی پێکاوە یان نا، ئەم جۆرە ڕەخنە گرتنە وا لە نووسەر دەکات بەرهەمی دواتری بە شێوازێکی باشتر بڵاوبکاتەوە و شێوازی نووسینی بەرەو پێش بخات، بەڵام ئەگەر ڕەخنەکان ڕوخێنەر بن و ئامانجی شکاندنی نووسەری تێدا بێت لەو کاتەدا ڕەخنە بەهای نامینێت.

 

"بۆ زانینی سوودی دەق دەبێت نووسەر لەگەڵ خوێنەرەکەیدا بەرکەوتنی هەبێت"

شەهلا فەیزوڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی سەرەکی هەر دەقێک ئەوەیە خوێنەر چێژی لێ ببینێت، بۆئەوەی سوود بە خوێنەر بگەیەنێت، بۆیە زۆر دەوترێت ئەو کەسانەی دەخوێننەوە دەگۆڕێن، چونکە ئەزموونی هەموو ئەو کەسانە دەبینن کە لە دەقەکاندا باسیان لێوە دەکرێن، نووسەر ئەگەر بەرکەوتنی لەگەڵ خوێنەری بەرهەمەکەی هەبێت زۆر باشە بۆ ئەوەی بزانێت ئەو دەقەی نووسیویەتی چی بە خوێنەر دەبەخشێت، ئەوەی نووسیویەتی ئایا گەشتووە بە خوێنەر یان نا.

وتیشی: نووسەر خۆی و خوێنەریش ڕەخنگرن، لە باشوری کوردستاندا تا ئێستا شوێنێک نییە بۆ ڕەخنەی ئەدەبی لە دەقی نووسەران، هەرچەندە زۆر پێویستە شوێنێک هەبێت نووسەر پێش ئەوەی بەرهەمێکی بڵاوبکاتەوە و بیگەیەنێت بە دەستی خوێنەرانی بڕواتە ئەو شوێنەوە و هەڵەکانی چاک بکرێتەوە، هەرچەندە لە وڵاتانی تر لە شوێنی چاپکردنی بەرهەمەکاندا لیژنەیەک هەیە و پێداچوونەوە بۆ ئەو بەرهەمانە دەکەن، بەڵام لێرە نووسەر لەسەر گیرفانی خۆی بەرهەمەکانی چاپ دەکات و چاپەمەنیش تەنها ئەرکی چاپکردنەکەی لەسەرە.

 

"لەگەڵ نووسینی بەرهەمەکاندا دەبێت گرنگی بە زمان بدەین"

شەهلا فەیزوڵا باسی لەوەشکرد، من وەکو ژنێک هیوادارم لایەنی ئەدەبی و خوێندنەوە پەرەی پێ بدرێت، پشتیوانی لە نووسەران بکرێت، پێویستە شوێنێکیش هەبێت ژنان تیایدا پەرە بە خوێندنەوەیان بدەن، وە ژنانا دەبێت خۆیان هەوڵ بدەن، چونکە دەزگا و شوێنەکان نایەن بانگی ژنان بکەن بۆ خوێندنەوە و ڕەخنە گرتن، وە ئەگەر بەهرەکانیان پشتگوێ بخەن ناگەن بە ئامانج، بۆ ئەوەی ئەدەب و زمانی کوری دەوڵەمەند بکەین پێویستە نووسەران بە وریایەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ نووسین و زماندا بکەن، بۆئەوەی زمانی کوردی زیندوو بهێڵینەوە لەگەڵ نووسینی بەرهەمەکاندا.