شەرڤین نودەم: سارا ناوی سەرهەڵدانە

شەرڤین نودەم، ئەندامێکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، کە ساکینە جانسزی بینیوە، وتی: سارا ناوی سەرهەڵدانە، تا ئێستاش بە هەوڵەکانی پێشەنگایەتی دەکات بۆ بنیادنانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ژنان لە جیهاندا.

ژیندا ئامارا

 

ناوەندی هەواڵ- ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان، فیدان دۆغان، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پاریس و لەیلا شایلەمەز، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی کورد لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایەن هەواڵگری دەوڵەتی تورکیا-میتەوە تیرۆر کران، ئەمساڵ ١١ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕ دەبێت و هیچ لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە بەرپرسی ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن فەرەنساوە نەکراوەتەوە.

 

"سارا ناوی سەرهەڵدانە"

شەرڤین نودەم، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لە سەرەتای قسەکانیدا، ساکینە جانسز، ئەڤین گۆیی، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزی بەبیرهێنایەوە و وتی: هەر چوار شۆڕشگێڕەکە مێژوویان نووسی، هەریەکەیان بە جوانی و زانستی خۆیان بوونە پێشەنگی شۆڕشی ژنان، کە تا ئەمڕۆش ڕێبازیان بەردەوامە، بێگومان بناغەی ئەم ڕێبازەش هەڤاڵ سارا دایڕشت، هەڤاڵ سارا لە ڕێگەی خەباتی خۆیەوە خۆی لە دواکەوتوویی کۆمەڵگە ڕزگار کرد و لە دژی سیستمێکی فاشیستی وەستایەوە کە دەیەوێت ناسنامەی کوردایەتی نەهێڵێت، دەتوانین بڵێین هەڤاڵ سارا سەرهەڵدانە، لە هەموو ئەو نادادپەروەرییانەی کە لە دژی سروشتی ژن و مرۆڤایەتی دەکرێت، بەم سەرهەڵدانەش هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد بۆ دروستکردنی شتێکی نوێ.

 

"هەرگیز لە دژی نادادپەروەری هەنگاوێک بۆ دواوە مەنێ"

شەرڤین نودەم لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کاتێک سەیری کەسایەتی هەڤاڵ سارا دەکەین، یەکەم شت کە دێتە مێشکم، شانازییە، چونکە هەرگیز لە دژی نادادپەروەری هەنگاوێکی بۆ دواوە نەناوە، هەر کاتێک هەڵەیەک ڕوویدا یان مافی کەسێک پێشێلکرا، یەکسەر هەڤاڵ سارا دەستوەردانی دەکرد، بۆ نمونە لە سەرەتای تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان و کوردستان هەڤاڵ سارا هەمیشە دەیگوت لە سەرەتاوە هیچمان نەبوو، تەنها ئەوەمان دەزانی کە دەبێت شتێکی هەڵە لە دونیادا هەبێت و ئێمە شتێکی ڕاستمان دەوێت، هەر لە بنەماڵەوە تا دەوڵەت هەمووان دژی ئێمە بوون، بەڵام لە ڕاستینەی پارتی و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا ئەم باوەڕە هەیە کە ئێمە گرنگی بە کەموکوڕی نادەین، لە هەر شوێنێک پێویستی هەبێت پێویستە لەوێ بین و بە ئازادی بۆچوونەکانمان دەرببڕین.

 

شەرڤین نودەم باسی لە کەسایەتی ساکینە جانسز کرد و وتی: هەڤاڵ سارا باش دەیزانی چی پێویستە بۆ بنیادنانی شۆڕشی ژنان و کوردستان، لەگەڵ ئەم هزرەدا ژیاوە و بووە بەشێک لە کەسایەتییەکەی، هەمیشە بیری لەوە دەکردەوە کە چ بنەمایەکی دروست بۆ بنیادنان و پەرەپێدانی ئەم شۆڕشە پێویستە، ئەویش بریتی بوو لە بەخشین و وەرگرتن لە هەمووان. هەڤاڵ سارا هیچ سنوورێکی دانەناوە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ژن، منداڵ، گەنج، پیر، لەکاتێکدا سیستم هەمیشە دەیویست ئەو سنوورە دروست بکات، دەتوانین ژنی ئازاد وەک مرۆڤ پێناسە بکەین. بۆ نموونه باس له پێنج ڕێگای له دایکبوونی ژنێکی ئازاد دەکەین، ئەوانیش، نیشتمانپەروەری و بنیادنانی خۆشەویستی و بیرێکی ئازاد، هێزی خەبات و خۆڕێکخستن و ئەخلاق و جوانیناسیی ژیان، هەر پێنج بنەماکەی ژیانێکی ئازاد لە کەسایەتی هەڤاڵ سارادا خوڵقابوو.

 

"لە قسە و کردار و دۆستایەتیەکانیدا هەستی بە ئاگری شۆڕش کرد"

شەرڤین نودەم ئاماژەی بەوەشکرد، دەرفەتی دیداری ساکینە جانسزی بۆ ڕەخساوە و وتی: هەڤاڵ سارا لە زۆر بواردا لە خەباتی ئازادیدا کاری کردووە، لە زیندان بوو، بەڵام هێشتا ئەو خولیایەی بۆ دەستپێکردنی شۆڕش هەبوو، زۆر کەس کاریگەری ئەم دۆخەیان لەسەر بوو، ڕەنگە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا مابێتەوە، بە تایبەت دوای پیلانگێڕییەکەی سەر ڕێبەر ئاپۆ، هەمیشە و زیاتر لە لێگەڕیندا بوو بۆ ئەوەی چۆن وەڵام بداتەوە، چۆن ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی جەستەییەوە ڕزگار بکات، هەڤاڵ سارا وەک ژنێکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و ژنێک کە لە قسە و کردار و دۆستایەتیدا بوو، هەستی بە ئاگری شۆڕش دەکرد.

 

مانیفێستی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان و جیهان

شەرڤین نودەم دەڵێت: ئەو پەرتوکەی هەڤاڵ سارا نووسیویەتی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو"، دەکرێت وەک مانیفێستی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان و جیهان وەربگیرێت و پەرە بە خەبات بدرێت پێی، ئەوی دیکەش بۆ سەیرکردن بوو بۆ بەدیلێک، لە هەمان کاتدا سارا پێناسەیەکی بۆ هەست هەیە کە دەڵێت 'هەستکردن کاری بنیادنانە'.

 

"لە شوێنێک هەڤاڵ سارا هەبێت، چارەسەری هەبوو"

شەرڤین نودەم سەرنجی بۆ هەوڵەکانی ساکینە جانسز ڕاکێشا بۆ بنیادنانی کۆنفیدراڵیزمێکی دیموکراتیکانەی ژنان و خەڵکی جیهان و درێژەی بە قسەکانیدا وتی: هەڤاڵ سارا هەمیشە ئەم شتەی بەرز نرخاندووە، 'لە کوێ دوژمن لاوازیمان ببینێت، دەبێت لەوێ بنیادنان هەبێت و بیگۆڕین بۆ ناوەندی لەناوبردنی سیستمی دوژمنەکەت"، هەڤاڵ سارا بوو بە هێزێکی گەورە بۆ هەڤاڵکانی، هەم لە لایەنی ڕۆحی و هەمووان بینییان کە شوێنی سارا ئەو شوێنەیە کە چارەسەری تێدابوو، ئەمەش هێزێکی بە دەوروبەری دەبەخشی، ئەو تەنیا بە شێوەیەکی کەسی پێشەنگایەتی نەدەکرد، بەڵکو لە هەمان کاتدا سەرقاڵی بنیادنانی ڕێکخراوێک بوو، بۆ زۆر کەس بووە هێزێک کە هەڵوێستیان لە خەباتی ئازادی ژناندا هەبێت، بەم شێوەیە لەناو ژنانی فۆرماسیۆنی جیاوازدا ناسێندرا، بەتایبەتی کاتێک لە نێو ژنانی ئێزدی لە ئەڵمانیا کاری دەکرد، هەوڵێکی زۆریدا بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی ئێزدییەکان، بەتایبەتی بۆ بنیادنانی ڕێکخراوێکی خۆسەر و هاوسەرۆکایەتی، جگە لەوەش بۆ ماوەیەکی زۆر هاوپەیمانییەکی سیاسی بەهێزی لە زۆرێک لە وڵاتانی وەک کەتەلۆنیا و وڵاتی باسک و ئەڵمانیا دروستکرد، بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆنفیدرالیزمێکی دیموکراتیکی ژنان و خەڵکی جیهانی بنیادنابوو.

 

"بۆ شەهیدکردنی هەڤاڵ سارا وەڵامی ڕێبەر ئاپۆ پێشخستنی شۆڕش بوو"

شەرڤین نودەم پێشهاتەکانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان لە پرۆسەی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و دوو هەڤاڵەکەی هەڵسەنگاند و وتی: ئەو پرۆسەیەی کە هەڤاڵ سارا تێیدا کرایە ئامانج، پێشهاتەکانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان بە ڕێکەوت نەبوون، هەڤاڵ سارا و ئەو دوو هەڤاڵەی لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ هاوکاتی هەڵمەتی "یان ئازادی، یان ئازادی" بوو، کە دەستکەوتەکانی گەریلا لە مەیدانی سەربازیدا بەدیهات، هەروەها هەنگاوەکانی شۆڕشی ڕۆژئاواش بیستران، لە ئەنجامی بەرخۆدانی ئەو زیندانیانەی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد و دەوڵەتی تورک ناچار بوو جارێکی تر بچێتە ئیمرالیە، بێگومان ئامانجەکە چارەسەر نەبوو، بەڵام هەنگاوێکی نوێ دەستی پێکردبوو، وەڵامی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی سەند و بە پاراستنی شۆڕش وەڵامی شەهیدبوونی هەڤاڵ سارا درایەوە، ڕێبەر ئاپۆ خۆی وتی: هێرش بۆ سەر هەڤاڵ سارا، هاوکاتی هێرش بۆ سەر من بوو.

 

"ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ و هەڤاڵ سارا لە هەمان مانگدا کرانە ئامانج"

شەرڤین نودەم، ڕایگەیاند کە یەکەم کۆمەڵکوژی لە پاریس تەنها دەستی دەوڵەتی تورکیا نەبوو، بەڵکو گلادیۆ و سی ئای ئەی بووە، هێزە سەرمایەدارەکان هەرگیز ئەو ژنانە قبوڵ ناکەن کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن، وتیشی: بە یەکەم کۆمەڵکوژی لە پاریس و بە ئامانجکردنی هەڤاڵان سێڤێ و پاکیزە و فاتمە، هەروەها دووەم کۆمەڵکوژی پاریس کە ساڵی ڕابردوو لە کەسایەتی هەڤاڵ ئەڤیندا ئەنجامدرا، مێشک و دڵی شۆڕشی ژنان کرایە ئامانج، ئامانجی هێزە تاریکەکانی وەک ئاکەپە و مەهەپە لەناوبردنی هیوای کۆمەڵگەیە بە کوشتنی ژنانی پێشەنگ، دەیانەوێت ئەو پەیامە بۆ ژنان بنێرن کە ئەگەر ئێوە خەبات بکەن ئێمە لەناوتان دەبەین، ڕێبەر ئاپۆ پێشتر لە ساڵی ١٩٩٠دا ڕایگەیاندبوو کە ئەم سیاسەتە سیاسەتی گلادیۆیە و کاتێک سەیری ڕۆژگاری خۆمان دەکەین، ئەم سیستمە تەنها هی ئاکەپە-مەهەپە نییە، درێژەپێدەری سیستمی گلادیۆ و سی ئای ئەیە.

 

"ئەو تۆوەی چاندویەتی سەوز دەبێت"

شەرڤین نودەم ئاماژەی بەوەدا، سیستمی سەرمایەداری لە بە ئامانجکردنی هەڤاڵ سارادا ویستی هەم مێژوو و هەم ئایندەی شۆڕشی ژنان لەناو ببات، لە کۆتاییدا وتیشی: دەبینین ئەمڕۆ نەوەیەکی نوێی ژن هەیە کە وەک هەڤاڵ سارا و ڕوکەن کەسایەتی خۆیان بنیاد دەنێن، دەرکەوتووە کە تا ئێستا هەڤاڵ سارا پێشەنگایەتی بۆ دامەزراندنی کۆنفیدراڵیزمێکی دیموکراتیکی ژنانی جیهان دەکات، چونکە ئەو بەرهەمانەی کە ماونەتەوە و ئەو پەیوەندییە دەرەکییە دۆستانانەی کە دروستی کردووە، هێشتا بەردەوامن، بە تایبەت لە کەمپینی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد"، بەرهەمی ١٠ ساڵی ڕابردووی هەڤاڵ سارا دەبینین، ئەو تۆوانەی کە هەڤاڵ سارا چاندی سەوز بوون، وتەیەکی ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ هەیە کە دەڵێت: دەتوانی گوڵێک ببڕیت بەڵام ناتوانی ڕێگری لە هاتنی بەهار بکەیت"، هەڤاڵ ساراش نوێنەرایەتی ئەمە دەکات، ئەم گوڵە ڕەنگی خۆی بە بەهار بەخشی و ئەم بەهارەش دێت، ئەگەر گوڵەکەش ببڕیت گوڵی نوێ دەکرێتەوە و ئەم شۆڕشە گەشە دەکات.