غەززە، هێرشەکانی ئەم دواییە ڕێگری لە پەناگە بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی دەکات

لە ماوەی هێرشەکانی ئەم دواییەدا بۆ سەر کەرتی غەززە لە فەلەستین، خانوویەک کە سێ ژنی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدابوو، وێرانکرا، بەوهۆیەوە لە بوونی پەناگە بێبەش بوون.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- دوای ئەوەی تەنها پێنج خولەکیان پێدرا بۆ چۆڵکردنی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ماڵێکیان وێران کرد، کە سێ ژنی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدابوو، ئەمەش بارودۆخی تەندروستی و خزمەتگوزارییانی خراپتر کرد.

 

لە دوایین هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە لە پێنج ڕۆژی دوای هێرشەکان کە لە ٩ی ئایار دەستیپێکرد، نەجاح نەبهان، دایکی سێ کچی خاوەن پێداویستی تایبەت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نەناسراوی پێگەیشت لە شەوی هێرشەکەدام کە ناچاربوو ماڵەکەی لەماوەی ٥ خولەکدا چۆڵ بکات، وتی: "دوای ئەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم پێگەیشت، بەپەلە چوومە سەر شەقام بۆ ئەوەی داوای یارمەتی لە دراوسێکان بکەم، هاوارم دەکرد، من بە تەنها لێرەم، فڕۆکە جەنگییەکان ماڵەکەم بۆردومان دەکەن، ژمارەیەک خەڵک بەپەلە هاوکارییان کردم بۆ ئەوەی کچەکانم دەرباز بکەن، چەند ساتێک دوای ئەوەی بەجێمان هێشت، بۆردومانی ماڵەکەم کرا و ئاگرەکە دەستی بە زیادبوون کرد.

 

دەرمانەکانیان لە ماڵەوە لە بیرچووە

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە کێشەکان کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەوەیە، لە ماڵەوە دەرمانی یەکێک لە کچەکانی بیرچووە کە بەهۆی زیادبوونی کارەبای مێشکەوە دەناڵێنێت، وتیشی: پێش هێرشەکان دەرمانەکەم کڕیبوو، بە بڕی پێویست لە دەرمانخانەکاندا بەردەست نییە، بۆیە بڕێکی زۆر لەو دەرمانە دەکڕم، چونکە ئەگەر کچەکەی ئەم دەرمانە بەکارنەهێنێت، ئەوا بۆ ماوەی دە ڕۆژ هۆشی لەدەستدەدات، هەروەها چەندین ئامێر و کورسیم لەبیرکردووە کە کچەکانم بە تەواوی پشتیان پێ دەبەستن لە کاتی جووڵەکانیاندا.

 

نەجاح نەبهان داوای لە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار کرد خانووە ٧ نهۆمییەکەی دووبارە بونیاد بنێنەوە کە ٤٥ کەسی تێدا دەژی، لەنێویاندا ئایات، کچە ٢٩ ساڵانەکەی، کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و حەنینی تەمەن ١٦ ساڵ کە توانای جوڵەی نییە، ئەریج کە تەمەنی ١٨ ساڵە، بەهۆی زیادبوونی کارەبای مێشکەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ برا ٣٨ ساڵانەکەیان کە ئەویش خاوەن پێداویستی تایبەتە.

 

لە لایەکی دیکەوە، حەنین نەبهان، کە تەمەنی ١٦ ساڵە، خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەربارەی ئەو تاوانەی کە بووە هۆکاری وێرانکردنی ماڵەکەیان و خۆی و خێزانەکەی بێ پەناگە مانەوە، ئاماژەی بەوەکرد، هەموو بیرەوەرییەکانی و دەرمان و کورسیەکەی لەدەستداوە، کە وەک هاوڕێی ئەو بوون، تا ئەمڕۆ خەون بەوە دەبینێت هێشتا لە ماڵەکەیدا دەژی، بەڵام کاتێک بەئاگا دێتەوە، ئەو تووشی شۆک دەبێت بەو ڕاستییەی کە ماڵەکە وێران بووە و ژیان و ئازارەکانی خراپتر دەبن.

 

هێرشی سەر غەززە کۆتایی نایەت و پاڵپشتی دەروونی پێویستە

مەحاسن نەبهان، یەکێک لە خزمەکانی ئەم خێزانە و دانیشتووی خانووەکەیە، وێرانکردنی خانووەکە شۆکێکە بۆ خۆی و هەموو دانیشتوانەکەی، دەبارەی ئەوەی ڕوویداوە کاتی پێویست نەبوو بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە وەربگرن یان تەنانەت تێبگەن چی ڕوویداوە یان بەڵگەنامە فەرمییەکان وەربگرن کە لە ماڵەکەدا بوون، هەروەها یەکێک لە خوشکەکانی کچە دوو ساڵانەکەی لەناو ماڵەکەدا لەبیرکردووە پێی وابووە باوکی لەگەڵ خۆی بردوویەتیە دەرەوە، بەڵام کەسێک بە شێوەیەکی موعجیزەیی لەوێ دەریکردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە دۆخی سەختی هاوڵاتیان لە فەلەستین کۆتایی نایەت، چونکە ئیسرائیل لە هەموو کاتێکدا هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە دووبارە دەکاتەوە، وتیشی: کاتێک لەدەستدانی خانووەکە لەگەڵ نەخۆشی و هەژاری تێکەڵ دەبێت، هەموو شتێک سەخت و مەحاڵە، بەتایبەتی کاتێک خێزانەکە پشت بەو یارمەتییانە دەبەستێت کە لەلایەن هەندێک دامەزراوە یان خەڵکەوە دابین دەکرێن.

 

لەم بارەیەوە، ڕەوان نەجار، دەرووناس ڕایگەیاند کە ئەم خێزانە تووشی کێشەی دەروونی دەبن، بەتایبەتی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ ئەوەی بتوانن زاڵبن بەسەر شۆکی وێرانکردنی ماڵەکەیان و لەدەستدانی بەشێکی زۆری تایبەتمەندییان بەهۆی بارودۆخی تەندروستییانەوە، پێویستیان بە خزمەتگوزاری چڕ هەیە لە بواری پاڵپشتی دەروونیدا، کە دەبێت بە درێژایی ساڵ بەردەست بێت، دابینکردنی چارەسەر و نیشتەجێبوون لە ئێستادا یەکێکە لە گرنگترین پێداویستییەکان کە پێویستە بۆ ئەم خێزانە دابین بکرێت.

 

چەندین جار کەسانی خاوەن پیداویستی تایبەت کراونەتە ئامانج

جەمیلە عەلیوە، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە بواری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئاماژەی بەوەکرد بە ئامانج گرتنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت یەکەم جار نییە، لە ساڵی ٢٠١٤، کۆمەڵەی "مەبارات فەلەستین" کە خزمەتگوزاری زۆر و جۆراوجۆر بۆ ئەم کەسانە دابین دەکات، بۆمباران کرا، بەهەمان شێوە، لە هێرشەکانی ئایاری ساڵی ڕابردوودا، ماڵی خێزانێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کرایە ئامانج.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، ئیسرائیل پابەند نییە بەو یاسا نێودەوڵەتییانەی کە لەلایەن پەیماننامەکانی جنێف و مافەکانی مرۆڤەوە پەسەندکراون، سەبارەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەرپرسیاریان نەگرتووەتە ئەستۆ، کە کۆتایی بە هەموو ئەو پێشێلکارییانە بهێنن، بۆیە ئیسڕائیل بەردەوامە لە سیاسەتە سیستماتیکییەکانی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جەمیلە عەلیوە ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر چەندین سکاڵای پێشکەش بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ کردووە، بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی لە دژیان ڕوو دەدەن و زۆربەی ئەو دامەزراوانە نەیانتوانیوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی لەناکاودا بکەن.