نافەرمانی مەدەنی ژنان بۆ پۆشینی حیجاب لە میترۆکانی تاراندا

لە شەقام و شوێنە گشتییەکان، بە میترۆی تارانیشەوە، هەموو پڕۆژەکانی جیاکاریی ڕەگەزی و "حیجابی ناچاری حکومەت" شکستیان هێناوە.

عاتفە مەعروفی

 

تاران- سەرەڕای هەموو هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، گوشارەکان و یاسا کۆنەپەرستانەکان و هەڕەشەی تۆمارکردنی وێنە بە کامێرای چاودێری، ژنان چیتر حیجابی ناچاری لەبەر ناکەن و کۆمەڵگە کەوتۆتە ژێر کاریگەری ڕاپەڕینی جەماوەریی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەها کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستانە ڕەد دەکەنەوە

 

حیجابی ناچاری لە ئێراندا لە ڕووی پێکهاتە و کولتوورییەوە لەسەر بنەمای لێکدانەوەکانی چەمکە ئایینییەکان سەپێنراوە، هێمای هەڵاواردنی جێندەرییە و پابەندنەبوون پێیەوە، دژایەتییەکی ئاشکرایە بۆ ڕژێمی ئیسلامی، "حیجابی ناچاری" کە ژنان لە کۆمەڵگەدا سنووردار و پەراوێز دەخات، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون، تێکدانی ناسنامە، خۆدەربڕینی ژنان، لاوازکردنی ماف و گوێڕایەڵییەکانیان، هەروەها ڕەنگە "حیجابی ناچاری" ژنان لە بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە گرنگەکاندا دوور بخاتەوە و سنوورداریان بکات.

 

ژنانی تاران دژی حیجابی ناچاری هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن

 مەهسا، ژنێکی گەنجی دانیشتووی تارانە و خوێندکارە، لە بارەی حیجابی ناچاری و بارودۆخی کۆمەڵایەتی وتی: دوای ئەوەی ژینا بە دەستی گەشتی ئیرشاد کوژرا و ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرتاسەری ئێراندا بڵاوبووەوە، ژنانی دیکەش لە شەقامەکاندا، میترۆ و کافێکان حیجابی ناچارییان لەبەر نەدەکرد، ئەمەش سەرەڕای زیادکردنی هیزی تایبەت، ژنان بەبێ لەچک و حیجابی ناچاری لەبەردەم هێزەکاندا تێدەپەڕین و ئەگەر ئەو هێزانە ژنێکیان بگرتایە، دەستبەجێ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەستی پیدەکرد، ئێستا زۆربەی ئەو ژنانە لە شوێنە گشتیەکاندا بەبێ حیجابی ناچاری دەردەکەون و چیتر حیجابی ناچاری ڕەچاو ناکەن.

 

غەزالە، ژنێکی گەنجە و کارمەندی کۆمپانیایەکی تایبەتە، ئاماژە بە گوللەبارانکردنی لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەریدا دەڵێت: لە کۆمپانیاکەماندا هیچ کام لە کارمەندە ژنەکان حیجابی ناچاری لەبەر ناکەین، لە سەردەمێکدا کە هەموو ڕۆژێک لە شوێنی جیاجیا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژ بە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەچوو، یەکێک لەو ڕۆژانەی کە لە کارەکەمەوە دەگەڕامەوە ماڵەوە، لە میترۆدا دەستمان کرد بە وتنەوەی دروشم، کاتێک لە میترۆکە دابەزین، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێم گەیشتنە ناو میترۆکە و پێش ئەوەی داببەزین، تەقەیان لێکردین و فیشەکێک بەر سەرم کەوت.

 

عەسەل، ژنێکی گەنجە و ژمێریاری چێشتخانەیەکە، دەڵێت: زۆربەی ئەو ژنانەی دێنە چێشتخانەکە حیجابیان لەبەر نییە، ئێستا ئیدارەی شوێنەکە فشاری خستووەتە سەر خاوەن چێشتخانەکان، ئێستا بەبێ دیاریکردنی کات، سەردانی چێشتخانەکان دەکەن و کامێراکان دەپشکنن، ئەگەر ژنان بەبێ حیجاب سەردان بکەن، چێشتخانەکە دادەخرێت و مۆریان لەسەر دەدەن، بەڵام خاوەنی چێشتخانەکە نەچووە ژێر فەرمانەکە و بە کارمەندەکانی وت هەر کەسێکیان هەڵوێست بەرامبەر نەپۆشینی حیجاب دەرببڕیت و ڕێگەی پێنەدەن بچێتە چێشتخانەکە، ئەوکات هەموو کڕیارەکان شوێنەکە بەجێدەهێڵن، جارێکیان کە لە شوێنەکانەوە دەهاتن بۆ کۆنترۆڵ، دەیانگوت یان بەرتیل بدەن یان ئێمە چێشتخانەکە مۆر دەکەین، ئەوانیش دوای ئەوەی بە نهێنی پارەیان لە خاوەن چێشتخانەکە وەرگرتووە، ڕۆیشتن.