چارەسەری ڕووەکی سروشتی دیارترین خزمەتگوزاری کلینیکی "ئاری"یە

سەرەڕای پێشکەوتن لە بواری پزیشکیدا، هێشتا سەنتەر و پسپۆڕان هەن کە پشت بە چارەسەری پزیشکی سروشتی دەبەستن، کلینیکی ئاری یەکێکە لەو ناوەندانەی بە چارەسەری سروشتی چارەسەری نەخۆشی دەکەن.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- کلینیکی ئاری، کە سەر بە ڕێکخراوی ژنانی ئازادە و نزیکەی سێ ساڵە لە ناوچەی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە، کار بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ناوچەکە دەکات و بەشێکی تایبەت بۆ ڕووەکی سروشتی و دەرمانی جێگرەوە لەخۆ دەگرێت.

 

ڕۆنیدا ناسر خەلەف، لە کلینیکی ئاری کار دەکات و باس لە ئەرک و بەشەکانی کلینیکەکە دەکات و دەڵێت: کلینیکی ئاری لە پارێزگای حەسەکە سەر بە ڕێکخراوی ژنانی ئازادە، نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر کارکردن لە کلینیکەکە دەستیپێکرد، دوو بەش لەخۆ دەگرێت: بەشێک بۆ ژنان و منداڵان و ئەوی دیکەیان بۆ پزیشکی سروشتی یان ئەوەی پێی دەوترێت دەرمانی جێگرەوە یان دەرمانی ڕووەکی، نەخۆشەکان لە کاتژمێر ٨:٠٠ بەیانیەوە تا کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ وەردەگیرێن و ئامانج دابینکردنی هاوکارییە بۆ نەخۆشەکان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کلینیکەکە بە درێژایی ساڵ کۆرسی فریاکەوتن و پەرستاری بە بێبەرامبەر پێشکەش دەکات، بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت فێری پەرستاری و فریاکەوتنی سەرەتایی ببن، بڕوانامە بەگوێرەی ئەزموون دەدرێت و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، وتیشی: دەمانەوێت کلینیکەکە لە داهاتوودا فراوان بکەین بۆ ئەوەی بەشەکانی دیکەش لەخۆ بگرێت، بۆ دابینکردنی پشتیوانی بۆ زۆرترین کەس.

 

پزیشکی سروشتی یارمەتی چارەسەری دەدات بەبێ کاریگەری لاوەکی

ئەحلام سەید، پزیشک لە بواری دەرمانی جێگرەوە، ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی دایک و داپیرەیەوە ئەم پیشەیە فێر بووە و هەوڵیداوە زیاتر خۆی گەشە پێبدات، وتی: سەرنج دەخەمە سەر کارەکەم لەسەر پزیشکی سروشتی و چارەسەری ڕووەکی، هەموو نەخۆشییەکانی پێست بە ڕووەک چارەسەر دەکەم، خولی چارەسەری جەستەیی دادەنێین بۆ ئەو نەخۆشانەی کە ئیفلیجییان هەیە، زۆر تێکەڵەی سروشتی هەیە کە خۆم دروستی دەکەم بە تێکەڵکردنی  چەندین جۆری ڕووەک بەبێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی.

 

وتیشی: کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین ژنان ئەو کەسانەن کە دەرمانی سروشتییان داهێناوە، چونکە هەمیشە ڕووەک دەدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکانیان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان، لایەنە ئەرێنییەکانی دەرمانی سروشتی زۆرن و ئامۆژگاری هەمووان دەکەم پشت بە دەرمانی سروشتی و ڕووەکی سروشتی ببەستن، لەبەرئەوەی ڕووەکەکان لە ڕەگەوە چارەسەری نەخۆشییەکە دەکەن و تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕێگری لێ ناکەن، وەک ئازار کێشان و دەرمانە کیمیاییەکان کە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن، چارەسەری سروشتی کاتی دەوێت، بەڵام چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی دڵنیاییە.