"دیدارەکەمان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان وەرچەرخانێکی ڕیشەیی بوو لە ژیانماندا"

بەشێک لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هزر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری هەبوو لەسەریان، چونکە لەسەر بنەمای ڕزگارکردنی ژنان دامەزراوە، ئەو هزرەش هۆکارێک بوو بۆ گۆڕینی ڕەوتی ژیانی ژنان.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- ژنانی کانتۆنی کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە چاویان بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە، دووپاتیان کردەوە کە بینینی ڕێبەر ئۆجالان وەرچەرخانێکی ڕیشەیی بووە لە ژیانیاندا، بۆیە بەردەوام دەبن لەسەر ڕێبازەکەی تا ئەوکاتەی ئەو بە جەستە ئازاد دەبێت.

 

"عەلبلور بە گوند و ماڵی ڕێبەر ئۆجالان ناسراوە"

عائیشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ٧٤ ساڵەی لەدایک بوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، "ئەو گەلانەی باوەڕیان بە هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان بۆیان لەدایکبونێکی جیاواز بوو، چونکە لەگەڵ لەدایکبوونیدا دیموکراسی لەدایکبوو و ڕێگاکە بەرەو ئازادی ژن و کۆمەڵگە ڕۆشت، هەروەها بۆ گەلی کورد لەدایکبونێکی نوێیە، چونکە هیوای یەکخستنی چوار پارچەی کوردستانی پێبەخشین".

 

عائیشە ئەفەندی سەبارەت بە هاتنی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ڕۆژئاوا و گرنگی گوندی عەلبلور بۆ گەلی کورد و خەڵکی کۆبانێ، وتی: کانتۆنی کۆبانێ یەکەم ناوچە بوو کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دوای چوونە ناو سوریا سەردانی کردووە، مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٧٩، لە گوندی عەلبلور مایەوە، هەموو گەلان شوێن و ناوچەیەکیان هەیە کە بەها و مانای هەیە بۆیان، ئێمەش لە کۆبانێ، سێ شوێنمان هەیە کە بەهایەکی زۆریان هەیە و هەستێکی جیاوازمان پێدەبەخشن، وەک گۆڕی شەهید دیجلە و مۆزەخانەی کۆبانێ و ماڵی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە گوندی عەلبلور، ئەو گوندەی کە بە گوند و ماڵی ڕێبەر ئۆجالان ناسراوە.

 

"ڕێبەر ئۆجالان ڕێگەی تێکۆشانی ڕۆشنکردەوە"

عائیشە ئەفەندی ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ڕێبەر ئۆجالان هاتە کۆبانێ، کەس نەیدەناسی، تەنانەت دانیشتوانی ئەو ماڵەش کە لە تەنیشتیانەوە دەمایەوە، ئەو بنەماڵەیە دەیانگوت پێشتر گوێیان لە میوانەکانی بوو کە بانگی ئاپۆیان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی ڕۆیشت، زانیان کە ئەو سەرکردەی بزووتنەوەی ئاپۆچی و ڕێبەری گەلی کوردە، ڕێبەر ئۆجالان شارەکەی بە باشی نەدەناسی، بەڵام سەردانی زۆر خێزانی کرد، دوای جێهێشتنی کۆبانێش چووەتە حەلەب، دیمەشق و لوبنان، بۆیە هەموو خەڵکی کۆبانێ و سوریا دەرفەتی بینینی ئەویان نەبوو، چونکە لە هەموو بۆنەیەکدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کۆبانێ و قامیشلۆ و عەفرین کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی پێکەوە بچن و ڕێبەر ئۆجالان ببینن، بۆ ناسینی ئەو و فیکرەکەی و گوێگرتن لە ڕێنمایەکانی، هزر و کەسایەتی ڕێبەر ئۆجالان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان هەیە، بەو پێیەی ڕێگای بۆ تێکۆشان و بەدەستهێنانی ماف و ئازادی ڕۆشنکردەوە.

 

"ڕێبەر ئۆجالان پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ گەلەکەیدا هەبوو"

واحیدە سەید کە تەمەنی شەستەکانە، دەڵێت: لە ماوەی کارکردنمدا لەم بزوتنەوەیەدا و لەسەر پەروەردەکردنی خەڵک، فێربووم ئەم بزووتنەوەیە سەرکردەیەکی هەیە کە ڕێگای ئازادی و خەباتی ڕۆشنکردووەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک خۆی و ناسنامەی خۆی و مافەکانی خۆی بناسێت، زۆر حەزم دەکرد لە نزیکەوە عەبدوڵا ئۆجالان ببینم تا بزانم چۆن سەرکردایەتی ئەم گەلەی کردووە و لە تاریکی دەریهێناون بۆ ناو ڕووناکی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "چەند جارێک هەوڵمدا سەردانی ڕێبەر ئۆجالان بکەم، بەڵام نەمتوانی چونکە کارەکانی ئەوکاتە بە نهێنی ئەنجام دەدرا و دابوونەریتی کۆنیش ڕێگەیان بەوە نەدەدا، بۆیە خێزانەکەم ڕێگریان لێکردم بچم، بەڵام نەمتوانی دەستبەرداری حەز و پێداگری خۆم بم، تا دەرفەتی گونجاو هاتە پێشەوە، ڕێبەر ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٥ هاتە شاری حەلەب، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و پیاو چوومە سەردانی بۆ ئەوەی بیناسین، کاتێک گوێمان لە هاتنی بوو، پەشۆکا بووین، لە پەنجەرەکانەوە سەیری دەرەوەمان دەکرد بۆ بینینی، پێش ئەوەی بچێتە ژوورەوە کە چاوەڕێی دەکردین، هەموومان هەستاین بۆ ئەوەی تەوقەی لەگەڵ بکەین، دوای ئەوە دەستیکرد بە قسەکردن لەگەڵمان، لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر، من زۆر کاریگەر بووم بە کەسایەتیەکەی، تا ئێستا کە باسی دیدارەکەم لەگەڵیدا دەکەم، هەست بە تێکەڵاوی ترس و دڵەڕاوکێ و خۆشەویستی و متمانە دەکەم".

 

"ڕێبەر ئۆجالان میراتێکی بۆ ژنان بەجێهێشتووە"

واحیدە سەید وتیشی: ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا ڕێبەر ئۆجالان لە کاتی نانخواردندا وتی دەبێت ژنەکان سەرەتا لە سەر مێزەکە دابنیشن، ئەمە وای لێکردم متمانەم بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و خولیای کارکردنم بۆ خۆڕێکخستن و ڕزگارکردن زیاتر بوو.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هاتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ناو سوریا دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی ژنان لە نزیکەوە بیرکردنەوەکەی بناسن و هەوڵبدەن و کاربکەن بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا، لە سایەی ئەوەوە ئەمڕۆ ژنان بوونەتە خاوەنی شۆڕشێک و میراتێک، ڕێبەر ئۆجالان گیانی خۆی بەختکرد لەپێناو گەل و ژناندا، ئێمەی ژنانیش دەبێت خەبات بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بکەین.