"ژنان لە وڵاتانی دەرەوە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی درێژەپێدەدەن"

لەپێناو ئازادی و بەدەستهێنانی دیموکراسیدا، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جیهانەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە، زەینەب بایەزیدی دەڵێت: گەلی کورد هەرگیز لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەبووە چونکە یاساکانی دژە دیموکراسیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- شۆڕشی ژینا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" جیهانی گرتووەتەوە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پشتبەستن بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە بەرخۆدان بۆ گەیشتن بە ئازادی درێژە بە شۆڕش دەدەن، دژی ئەو چەوساندنەوەیەی ماوەی چەندین ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرابەر بە گەل و ژنان دەکرێت.

 

زەینەب بایەزیدی، چالاکوان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، دەربارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوونیکردەوە، ئەو دۆخەی لەوێدا هەیە دۆخێکی تازە نییە، ژنان لە پاش قۆرخکردنی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەوڵدان و تێکۆشانیان هەیە و بەردەوامیان پێداوە، وتیشی: لە سەرەتای دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران گەلی کورد بەتایبەت ژنان، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار بووەتەوە و  توندوتیژی بەرامبەر کراوە و خراوەتە زیندانەوە، بۆیە گەلی کورد بە گشتی و ژنی کورد بە تایبەت هیچ کات لەگەڵ حکومڕانی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە، چونکە یاساکانی تەواو دژی دیموکراسییە.

 

"شۆڕشی ڕۆژهەڵات بۆیە جیاوازە چونکە بە پێشەنگایەتی ژنان ئەنجامدراوە"

زەینەب بایەزیدی دەڵێت: ژنان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ئاینەوە وەک ئامانج دەبینرێت و چەوسێندراوەتەوە، بەڵام هەرچەند ئەشکەنجە و چەوساندنەوە بۆ ژنان هەبووە، ژنان زیاتر خەبات و تێکۆشانیان کردووە، هەروەها شۆڕشی ژینا ئەمینیش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەشێک بووە لە درێژەپێدەری ئەو شۆڕشانە، بەڵام ئەوەی جیایکردووەتەوە، ئەوەیە، بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، پرسی ژن کەتووەتە پێش پرسی نەتەوەیی، شۆڕشی ژینا ئەمینی لە کوردستانەوە بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هەڵقوڵا، هەروەها بە خەباتی زیاتر لە ٤٠ ساڵەی ژنانی کورد ئەم شۆڕشە ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە تا ئێستاش بە چەدنین ڕەنگی جیاواز بەردەوامە.

 

دەربارەی ئەو هاوڵاتیانەی بە ناچاری خاکی خۆیان جێهێشتووە و لە وڵاتانی دەرەوە دەژین، زەینەب دەڵێت: تەواوی گەلی کورد و گەلی چەوساوەی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دەرەوە خەبات و تێکۆشان دەکەن بۆ ئازادی و دیموکراسی، دروشمی ئازادیخوازی و دیموکراسی دەڵێنەوە.

 

"ژنان لە تەواوی دنیا خاوەن یەک کێشەن بۆیە دەتوانن شۆڕش ئەنجام بدەن"

زەینەب بایەزیدی باسی لەو هۆکارانە کرد وایکردووە ژنانی کورد لەژێر دەستی دەوڵەتانی داگیرکەری وەک تورکیا و ئێران، دەنگ هەڵبڕن و تێکۆشان بکەن، یەکێکیان بوونی ئەو توندوتیژیانەی سەریانە، وتیشی: ژنان لە تەواوی دنیا خاوەن یەک کێشەوگرفتن، بۆیە تەواوی ژنان لە دۆخی ژنانی کورد تێدەگەن، ئەمەش وایکردووە ژنی کورد ببێتە دەنگی ئازادی و دیموکراسی.

 

دەربارەی کاریگەری شۆڕشی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، "بێگومان ئەم شۆڕشە شوێنی خۆی دەگرێت و هەنگاونانە بەرەو ئازادبوونی ژنان، چونکە ژنان تەنها لە ژێر فشاری دەوڵەتانی داگیرکەر نین، بەڵکو لە کۆمەڵگەدا و لە ژێر فشاری خێزانەکانیشیاندان و دەچەوسێندرێنەوە، کێشەی ژنان یەک کێشەیە، بۆیە ژنان لە تەواوی دنیا دەتوانن یەکبگرن و خاوەن شۆڕش و تێکۆشانی خۆیان بن".