هێرشەکانی تورکیا خوێندنی منداڵانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگرتووە

ساڵانە هێرش و داگیرکارییەکان بۆسەر خاکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان زیاد دەکات، یەکێک لە قوربانییەکان منداڵانن کە مافی خوێندنیان لێدەسەندرێتەوە، هاوڵاتیانی باشووریش پاڵپشتی خۆیان بۆ مافی منداڵانی ڕۆژئاوا دەردەبڕن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان زیان بەر خاکی کوردستان و هاوڵاتییان دەکەوێت، دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیدا ناوەندەکانی خوێندن، شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتی، ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و سوتەمەنی و گوندەکان دەکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، هاوڵاتیان گیان و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و کاریگەری ڕاستەوخۆش لەسەر منداڵان دروستدەکات.

 

لە جیهاندا خوێندن و هەبوونی ژیانێکی ئارام مافی هەموو تاکێکە بە گشتی و منداڵان بە تایبەت، بەڵام لە خاکی کوردستاندا و تاکی کورد ئەم مافە سەندراوەتەوە، منداڵان گیانیان کەتووەتە مەترسییەوە بەهۆی کۆمەڵکوژیەکانەوە، مافە سەرەتاییەکانیان لێ زەوتکراوە، بەتایبەت منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان-باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە بەهۆی تۆپبارانکردنەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگیراون، جێێ ئاماژەیە ژنانی باشووری کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و جەختدەکەنەوە کە نابێت منداڵان لە خوێندن داببڕێن.

 

"منداڵان نابێت لە خوێندن بێبەش بکرێن"

سەبریە ئەحمەد، مامۆستایەکە و دەربارەی مەترسی لەسەر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگریکردن لە خوێندنیان ڕوونیکردەوە، جیهان لە هەر بارودۆخێکدا بێت، نابێت کۆمەڵێک ماف هەیە پێشێل بکرێت بەتایبەت بەرامبەر بە منداڵان، کە مافی سەرەکییان خوێندنە، لە هەر بارودۆخێکدا بێت پێویستە بخوێنن.

ئاماژەی بەوەکرد، "کاتێک منداڵان ناخوێنن یاخود هێرش و داگیرکارییان لەسەرە، بێگومان کاریگەری خراپ لەسەر ئەو منداڵانە دروستدەکات و لە ژیانی داهاتوودا ڕەنگ دەداتەوە و کاریگەری خراپی لەسەر دەروونیشیان دەبێت، وتی: گرنگە وەک هاوڵاتیانی باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێم دەستی هاوکاریان بۆ درێژ بکەین و پاڵپشتیان بکەین، شوێنی گونجاویان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندن و ژیانیان بدەن.

 

لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد منداڵان بێ هۆکار هێرشیان دەکرێتەسەر، هۆکارەکەشی بوونی داگیرکاری بەردەوامی وڵاتانی داگیرکەرە دژی کورد و کوردستان، کە هەمیشە لە هەوڵی داگیرکردنی خاکی کوردستاندان.

 

"داگیرکاران ڕێگری لە خوێندەواری منداڵانی کورد دەگرن"

نیگار جەلال گرنگی خوێندنی بۆ منداڵان خستەڕوو و ڕوونیکردەوە کە سەرەکیترین ماف بۆ منداڵان دەستەبەرکردنی خوێندنە، کاتێک منداڵ لە خوێندن و فێربوون زەوت بکرێت، واتە بونیادی ئەو منداڵە لاواز دەبێت، وتی: لە ناوچە کوردییەکاندا بەهۆی هێرش و داگیرکارییە بەردەوامەکانەوە هەمیشە منداڵان مەترسیان لەسەر بووە، بەهۆی ئەوەی داگیرکار هێرشەکانی بەردەوام دەکات و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، بۆیە منداڵان لە بوونی ترس و دڵەڕاوکێ ناتوانن بخوێنن، نەک تەنها لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانەوە منداڵان بێبەشکراون لە خوێندن، چونکە هەمیشە کورد لەژێر فشاری داگیرکردندا بووە و هەوڵی چەوساندنەوەی دراوە.

 

هاوڵاتیان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن پاڵپشتی منداڵانی ڕۆژئاوا بکەن

پەروین حسێن ئاماژەی بەوەکرد، هەموو شتێک لە کوردستاندا لە ژێر مەترسیدایە، یەکێک لەوانە خوێندن و فێربوونە، کە داگیرکاری و دوژمنان هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی تاکی کورد بە گشتی و لە نێویاندا منداڵان نەخوێنن و هۆشیار نەبنەوە، وتیشی: ئەرکی وڵاتانی جیهانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بێنە دەنگ لەسەر مافی منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەوەی دەبینرێت بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە گرنگی بە داهاتووی ئەو منداڵانە نادەن.

 

نەجات ئەحمەدیش بۆی گرنگە منداڵان بخوێنن و هێرش و داگیرکاری نەکرێتە سەر ئەو ناوچانە، بۆ ئەوەی منداڵان بێبەش نەبن لە خوێندن و فێربوون، وتی: منداڵان مافی خوێندن و فێربوونیان هەیە، بەهۆی ئەوەی گەلی کورد هەمیشە چاوی دوژمنانی لەسەر بووە، بۆیە داگیرکاری و چەوساندنەوە و مافخورانی تاکەکانی بەشێکە لە مێژووی ئەو گەلە.