نیاز جاف: بە شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، چەندین ناگیهانی دیکە دێتە بوون

لەپێناو کپکردنی دەنگی ئازادی ژن دوژمنان ناگیهان ئاکارسەلیان تیرۆرکردن، بەڵام درکیان بەوەنەکرد بە شەهیدکردنی چەندین ناگیهانی دیکە شوێن ڕێبازەکەی دەکەون.

سلێمانی

 

ژنانی کورد هاوخەمی خۆیان بۆ شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دەردەبڕن، بەشداری مەراسیمی پرسەکەیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، توندوتیژی بۆ هەموو ژنان لە جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام بۆ ژنانی کورد توندوتیژییەکان زیاترن تا دەگاتە تیرۆرکردن و شەهیدکردنیان بە دەستی دوژمنانێک کە بە ڕووی فکری ئازادی ژندا وەستاونەتەوە و لە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" سڵدەکەنەوە.

 

ئەم ترسە لە ئازادی ژن هۆکارە بۆ تیرۆرکردنی ژنان بە گشتی و ژنانی ئازادیخواز بەتایبەت، ناگیهان ئاکارسەل یەکێک بوو لە درێژەپێدەری تێکۆشانەکانی ژنان هەر بۆیە بە دەستی دوژمنان تیرۆرکرا.

 

"شەهید زیلان هەوڵی بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی دەدا"

نیاز جاف، لێپرسراوی یەکەمی ڕێکخراوی نێرگزی خانمانی کورد لە ئەڵمانیا، باسی لەوەکرد، توندوتیژی و کوشتن لە هەموو جیهاندا بۆ ژنان بوونی هەیە، بەڵام بۆ ژنانی کوردستان سێ هێندەیە، بە جۆرێک تا ئێستا لە هەرکوێ بن دەچەوسێندرێنەوە، بەهۆی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و بوونی نەریتێکی کۆنەپەرستییەوەیە، دووژمنانی کورد و ژنانی کورد وایانکردووە نەک تەنها لەژێر دەستی پیاوسالاریدا بین، بەڵکو لە ژێردەستی نەتەوەسالاری و ئاینسالاریدا بین.

 

هەروەها وتیشی: بۆیە پێویستە ژنان خەبات بکەن بۆ خەباتی "ژن ژیان ئازادی"، خودی شەهید ناگیهانیش یەکێک بوو لەو ژنانەی درێژەی بەو خەباتە دەدا، هەمیشە هەوڵی دەدا ئاشتی لە نێوان مرۆڤایەتی و ژناندا بونیاد بنێت و ژن بەرەوپێشبەرێت.

 

"یەک ناگیهان شەهید بکرێت، چەندینی دیکە دروست دەبێت"

نیاز جاف جەختیکردەوە، بە تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل ژنان ورە و هێزیان ناڕووخێت، شەهید ناگیهان یەکەم شەهید و کۆتا شەهیدمان نابێت، چونکە کاتێک خەبات دەکرێت بۆ ئازادی ژن بێگومان پێویستی بە گیانفیدایش هەیە، وتی: پێویسە دایکان هەست بە گرنگی فێرکردنی خەبات و تێکۆشانەکانی ژنان بۆ منداڵەکانیان بکەن، تا نەوەی دواڕۆژ هۆشیار بێت و خەبات بکات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی.

 

بە ئەرکی سەرشانی هەموو ژنانی دەزانێت، کە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن لە ڕێی ڕێبازەکەی ناگیهان ئاکارسەلەوە، بە جۆرێک خەباتەکانی شەهید زیلان بگاتە کۆنفڕانسە جیهانییەکان، وتیشی: بە شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، چەندین ناگیهانی دیکە دروستدەبێت.