"ڕووداوەکانی ناو کامپی هۆل بە نهێنی دەمێننەوە"

ئاوارەکانی عێراق لە کامپی هۆل باسیان لە دۆخی کامپەکە و ئەو ڕووداوانە کرد کە لە کامپەکەدا ڕوودەدەن، داوایان لە حکومەتی عێراق کرد بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەیان.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- قۆناغی دوومەی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە دەستیپێکرد، بەردەوامە. لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکان ٢٧ ئەندامی چەتەکانی داعشیان دەستگیرکرد و ٤ تونێلیان دۆزیەوە کە شانەکان بۆ شاردنەوە دروستیان کردبوو و لەناویان برد.

 

ژنانی ئاوارەی عێراقی بە ناوەکانی فاتیمە جاسم، ئامینە حەمەد و سوعاد خەلیل کە لە کامپەکەدا دەژین، سەبارەت بە دۆخی کامپەکە و ئەو مەترسیانەی هەن، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

 

"لێرە ڕووداوێکی زۆر ڕوودەدات"

فاتیمە جاسم، خەڵکی پارێزگای ئەنبارە لە عێراق، کۆچی خۆیان لە عێراقەوە بۆ سوریا بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، "ئەگەر حەقیقەتتان دەوێت، ئارامی لە کامپەکەدا نییە. لێرەدا چەندین ڕووداو ڕوودەدەن، لە کوشتنەوە تا دەگاتە دەستگیرکردن و سەربڕین. لە شەڕی نێوان عێراق و ئەمریکادا لە ساڵی ١٩٩١ قاچم لەسەر مین دانا و برینداربووم، تا ئێستا ناتوانم لەسەر قاچم بوەستم و سێ پەنجەم نەماوە، دواتر ناچار بووین بێینە کامپەکە، بەڵام ئێستا دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم بە زووترین کات".

 

"هەموو شتێک بە نهێنی ڕوودەدات"

ئامینە حەمەد خەڵکی پارێزگای ئەنبارە لە عێراق، لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شارەکە ئاوارەبوون و ڕوویان لە کامپی هۆل کردووە، لە کامپەکەدا ڕووبەڕووی زۆر شت بووەتەوە، لەبارەی دۆخی کامپەکەوە وتی: ئێمە وەك ئاوارەی شەڕ و زوڵم هاتووین بۆ كامپەكە، وتمان دوای یەك دوو رۆژ دۆخی ناوچەكەمان باشتر دەبێت و دەگەڕێینەوە. بەڵام دواجار ناچاربووین لە کامپەکە بمێنینەوە، ئایا لە کامپدا ئاسوودەی هەیە؟ ڕۆژانە هەزار جار دەمرین و زیندوو دەبینەوە، بە چاوی خۆمان کەسمان نەبینی کوژرابێت، بەڵام هەموو کەس لە کامپەکە باسی دەکەن. ئێستا دەمانەوێت بڕۆینەوە بۆ وڵاتەکەمان و ئەو ژیانەی ماومانە لەوێ بەسەری ببەین، زۆر شتی ترسناک لێرە ڕوودەدەن و هەموو شتێکیش شاراوەن.