"هەبوونی نەوت هیچ سودێکی بۆ هاوڵاتی نییە، لە جەژنیشدا دۆخی ئابوری خراپە"

کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕدا، وایکردووە هاوڵاتییانی لە ناوچەی گەرمیانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، نەتوانن وەک پێویست ئامادەکاریی بۆ جەژن بکەن.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- سبەینێ لە هەرێمی کوردستان جەژنی قوربان بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی باشووری کوردستانەوە، هاوڵاتییان ناتوانن وەک پێویست ئامادەکاریی بۆ پیرۆزکردنی جەژن بکەن.

ھاوژین نیعمەت مولود، ڕێنماییکاری دەروونییە و باس لەوە دەکات، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە هاوڵاتییان توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی جەژنیان نییە و دەڵێت: ھەموومان لە دۆخی ئێستا کوردستان بەئاگاین، بەتایبەت بەرزبوونەوە نرخی شتومەکەکان، کە وایکردووە، هاوڵاتییان توانای کڕێنی پێداویستییەکانی جەژنیان نەبێت، چونکە بژێویی زۆر کەس لەسەر مووچە بەندە، بەڵام ئەو مووچەیە زۆر کات بەشی ئەو خێزانە ناکات، بۆیە بەپێی پێویست ناتوانن پێویستییەکانیان بکڕن، ئەوەش وایکردووە کاڵبوونەوەیەک هەبێت لە پیرۆزکردنی بۆنە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان.

 

بەڕای هاوژین، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و چاودێریینەکردنی نرخەکان لە بازاڕ، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان هەیە و دەڵێت: ھەنێک خاوەن دوکان بەپێی کرێی شوێنەکەیان، نرخ لەسەر کاڵاکان دادەنێن، لەکاتێکدا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنیک تر نرخ جیاوازە.

 

داواش لە دەسەڵاتداران و حکومەت دەکات و دەڵێت: هیچ نەبێت ڕۆژێک خۆتان بخەنە شوێنی دایکی نەخۆش و باوکی پەککەوتە، کە ڕۆژانە سەر شەقامەکان خاوێن دەکەنەوە لە بەرامبەر بڕێک پارەی کەم، کە بەشی بژێویی ناکات، ھیچ نەبێت لە بۆنەکاندا دڵیان خۆش بکەن وەکو جەژنانەیەک بڕێک دیاری بکرێت بۆیان، وەکو چۆن حکومەتی عێراقی ھەموو ساڵێک جەژنانە بە ھاونیشتمانییانی دەبەخشێت، چونکە چەندین ماڵ ھەیە توانای ئەوەی نییە جلوبەرگ و تەنانەت گوشت و چکلێتی جەژن بکڕێت.

چرۆ عومەر عەلی، پارێزەر و چالاکوانی مەدەنییە و بەهەمان شێوەی هاوژین نەبوونی مووچە بە هۆکاری خراپیی دۆخی ئابووری خەڵک دەزانێت، کە هاوڵاتییان نەتوانن پێداویستییەکانی جەژنیان دابین بکەن، چونکە بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان مووچەخۆرن، دەشڵێت: ئەگەر خەڵک تاڕادەیەکیش توانایان هەبێت بەشێک لە پێداویستییەکانیان دابین بکەن، ئەوە وەک پێویست نییە و ناتوانن ئەوەی پێویستییانە بەدەستی بهێنن.

 

پێشی وایە: هەبوونی نەوتی زۆر و داهاتی زۆر هیچ سوودێکی نییە بۆ خەڵک، چونکە حکومەت و دەسەڵاتدار هەمووی بۆ سوودی خۆیان و بنەماڵەکانیان قۆرخکراوە، بەهیچ شێوەیەک بیر لە گوزەرانی خەڵک ناکرێتەوە.

 

شۆخان ئەحمەدیش هاوڵاتییەکە و وەک خۆی دەڵێت، خۆی و هاوژینەکەی هیچیان مووچەخۆری حکومەت نین، بەڵکو خاوەن پیشەی خۆیانن، ئەوەش وایکردووە باری داراییان لەباربێت و بتوانن پێداویستییەکانیان بۆ جەژن دابین بکەن.

 

بە بڕوای شۆخان: بەرزبوونی نرخی دۆلار پاساوێکە بۆ گرانکردنی شتومەک لە بازاڕەکاندا، بۆیە پێویستە چاودێریی بازاڕ بكرێت لەلایەن حكومەتەوە، بە تایبەت لەم دوخی قەیرانەدا، حکومەت خەمی گیرفانی خۆیەتی نەک من و تۆ، نرخی نەوتیش چەن بەرز بێت تەنیا بۆ خۆش گوزەرانی منداڵەکانی خۆیانە.