گەنجێک بەوپەڕی توانایەوە هەوڵ دەدات بۆ بونیادنانی داهاتووی

ڕۆزا وەک گەنجێک لەگەڵ خوێندنەکەی دەستی کردووە بە کاری وەرگێڕان، بە جۆرێک ئێستا وەک سەرپەرشتیاری بەشی کچانە لە ماڵپەڕی کورد سەبتایتڵ بە خۆبەخشانە کار دەکات و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە پەرە بە تواناکانی بدات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕۆزا هیدایەتی ٢١ ساڵ، گەنجێکی بە توانای شاری سلێمانییە، خوێندکاری قۆناغی چوارەمە لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی بەشی ئینگلیزی زانکۆی سلێمانی، ئامانجێکی لە ژیانیدا داناوە و لەپێناویدا هەوڵدەدات، دوای دروستبوونی خولیا و حەزی بۆ وەرگێڕانی زنجیرە و فیلمە بیانییەکان، لە یەکێک لە ماڵپەرەکانی فیلم بە ناوی "کورد سەبتایتڵ" دەستدەکات بە کارکردن و ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە، سەرکەوتنە یەک لەدوایەکەکانی وایکرد ڕۆزا ماوەی ساڵ و نیوێکە بووەتە سەرپەرشتیاری بەشی کچان لەو ماڵپەڕەدا.

 

ماڵپەڕی کورد سەبتایتڵ لە ساڵی ٢٠١٦وە دامەزراوە و ڕۆزا لە ساڵی ٢٠٢٠وە دەستیبەکاری وەرگێڕان کردووە، لەبارەی کار و چالاکییەکانی ماڵپەڕەکەیاندا ڕۆزا باسی لەوەکرد، ماڵەپەڕەکەیان ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی بینەران و ئەو کەسانەیە کە خولیایان فیلم و زنجیرە بیانییەکانە، هەربۆیە لەم ڕێگەیەوە دەتوانن بە زمانی کوردی بینەر و گوێبیستی ببن.

 

"جگە لە خولیای خۆی، فێربوونی زمان و ئەزموونی کاری وەرگێڕان ئامانجی ڕۆزایە"

ڕۆزا لەسەر چۆنییەتی دەستپێکردنی بە کاری وەرگێڕان وتی: خوێندنەکەم و خولیام بۆ باشترکردنی زمانی ئینگلیزی وایکرد هەوڵبدەم بۆ کاری وەرگێڕان"، دەستپێکردنی بە کاری وەرگێڕانی ڕۆزا لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە ژیان بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەستا و تەواوی هاوڵاتیان کەرەنتینە بوون، ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و لە سەردەمی کەرەنتینە ڕۆژانە لە بری بەفیڕۆدان، کاتەکانی بە وەرگێڕان بەسەردەبرد و پێیوابووە دەتوانێت سود لەو کاتانە وەربگرێت و ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە.

 

"ستافی کچان لە ماڵپەڕی کورد سەبتایتڵ ٨٠ ئەندامن"

ماڵپەڕی کورد سەبتایتڵ بە شێوەی ئۆنڵاین کار دەکات، ماڵپەڕەکە لە چەندین بەش پێکدێت وەک، تەکنیک، دیزاینەر، بۆڵیۆد، فارسی، ئەنیمەیشن، کۆری و هتد، کە هەریەکێک لەم بەشانە سەرپەرشتیاری تایبەتی خۆی هەیە لەگەڵ ئەوەشدا ستافی کوڕان و کچان بە جیا سەرپەرشتیاریان هەیە، ستافی کچان لە ٨٠ ئەندام و کوڕان لە ٣٠ ئەندام پێکدێن.

 

ڕۆزا باسی لەوەکرد، زیاتر ئەو کەسانەی خوازیاری وەرگێڕانن کچانن و دەیانەوێت کاربکەن، ئەندامەکان تەنها لە شاری سلێمانییەوە لەگەڵیان بەشدار نین، بەڵکو لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان ئەندامیان هەیە، "لەگەڵ ئەوەی ماڵپەڕەکە خۆبەخشانە کاردەکات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامی تێدایە و بە خۆبەخشانە ڕۆژانە کاتی خۆیان تەرخان کردووە، تەنها لەبەرئەوەی خولیایان بۆ کارەکە هەیە، بۆیە بە ئۆنڵاینیش کاردەکەن، چونکە هیچ پاڵپشتیەکی داراییان نییە تا بتوانن شوێنێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت".

 

فیلم و زنجیرەی تورکی لەگەڵ ئەو فیلمانەی نەگونجاون وەرگێڕانیان بۆ ئەنجام نادەن

ڕۆزا هیدایەت ئاماژەی بە فیلمەکانی ماڵپەڕەکەدا و وتی: هەموو جۆرە فیلمێک وەرگێڕانی بۆ دەکرێت لە ماڵپەڕی کورد سەبتایتڵ بەڵام ئەو فلیم و زنجیرانە نا کە لەگەڵ دابونەریت و کۆمەڵگەی کوردیدا ناگونجێت بۆ ئەوەی دڵی بینەر ڕازی بکەین.

 

لە ماڵپەڕەکەدا فیلم و دراما تورکییەکان وەرگێڕانی بۆناکرێت، بایکۆتکردنی دراما تورکییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ و هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆزا وەک سەرپەرشتیارێک ڕوونیکردەوە و وتی: کاتێک نیشتیمانمان لەلایەن تورکیاوە لەناودەبرێت و داگیردەکرێت، ناکرێت ئێمە گرنگی بدەین بە هونەری ئەوان و لە کۆمەڵگەی خۆماندا بڵاویبکەینەوە.

 

ڕۆژانە کارەکانیان چۆن دەکەن؟

هەرکاتێک فیلمێکی نوێ دێت هەوڵدەدەن لە هەمان ڕۆژدا وەرگێڕی بۆ دابینبکەن بە تایبەت ئەو وەرگێڕەرانەی دەتوانن بە ماوەیەکی کەم زۆرترین وەرگێڕان بکەن، ڕۆزا خودی خۆی زیاتر خولیای وەرگێڕانی فیلمە ئەکشن و کۆمیدییەکانە.

 

مەرجی سەرەکیان بۆ بوون بە ئەندام لە ماڵپەڕەکە باشبوونی زمانی ئینگلیزی و عەرەبییە، هەروەها دەبێت خولیای کارەکەی هەبێت، چونکە کارەکە خۆبەخشییە دەبێت خولیات بۆی هەبێت، هۆکاری ئەوەی تا ئێستا فیلمە کوردییەکانیان وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانەکانی دیکە، ڕۆزا وتی: "هەموو فیلمێک پێویستە فایلی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام فیلمە کوردییەکان نیانە و کاتێکی زۆری دەوێت، ئەگەر لە داهاتوودا دەرفەتێکی وا بێتە بەردەستمان خۆشحاڵ دەبین".

 

"دەبێت گەنجەکانمان هەوڵ بدەن خۆیان فێری ئەزموونی نوێ بکەن"

ئەو وەرگێڕە دەڵێت کات کە دەڕوات ناگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە گەنجان درک بەوە بکەن کاتەکانیان بەفیڕۆ نەدەن و هەوڵبدەن لە ژیانیاندا فێری ئەزموونی نوێ بن و خۆیان بە شتانێکی لاوەکییەوە سەرقاڵ نەکەن، باسی لەوەشکرد ئەگەر حکومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیدار پاڵپشتی گەنجان بکەن بە تایبەتی ئەو گەنجانەی خۆبەخشانە کار دەکەن، بێگوومان دەتوانن هاوکارییەکی باشیان بن وایان لێبکەن زیاتر هەوڵبدەن، بەڵام ئەوەی جێگای باسە هیچ کەس و لایەنێک دەستی گەنجان ناگرێت و پشتگوێخراون.

 

"سەرەڕای ئەوەش گەنجان لە هەوڵەکانی خۆیان نەوەستاون و پاڵپشتی نەکردنی حکومەت نەبووە هۆی ساردبوونەوەیان لە هەوڵەکانیان، بەڵکو بە توانایەکەوە هەوڵ دەدەن بۆی لە ژیانیاندا ئەزموونی نوێ تاقی بکەنەوە و بگەنە ئامانجەکانیان".