لە خاکی بریندارەوە چیرۆکی دوو هاوژینی بەرگریکاری خاک و کەرامەتی وڵاتەکەیان

ڕیم و خەبات دوو هاوژینن، لە هەمان کاتدا بوونە دوو بەرگریکاری خاک و کەرامەتی وڵاتەکەیان تا نەوەی نوێ کە چاویان هەڵهێنا وڵاتێکی پارێزراویان هەبێت.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢دا ڕووناکی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵکرا و بە تێپەڕینی کات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بڵاوبووەوە، لەم شۆڕشەدا چەندین ئەزموون هەن شایەنی باسکردن و نووسین و ناسینن، کاتێک مرۆڤ دەچێتە شارۆچکەی زرگان و گوندەکانی و سەیری منداڵان، ژنان و بەساڵاچووان دەکات چەندین چیرۆکی هیوا و چاوەڕوانی و ئەو جەنگەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ئەو تێکۆشانەی بۆ ژیانێکی بێ جەنگ دەیکەن، دەبینێت.

 

یەکێک لەو چیرۆکانە ڕیم جەوهەر، بەڕێوەبەری ئاسایشی ژنی زرگان و شەڕڤانی قەسەدە خەبات زرگانە، کە دوو هاوژین و دوو پارێزوانی خاکن، بەهۆی فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا و فڕۆکەی کەشی سیها و ئیها، بە ئەستەم توانیمان ئەو دوو هاوژینە ببینین و چیرۆکەکەیان باس بکەین.

 

"چونکە هاۆژینەکەم شەڕڤان بوو، بە گەرمی پێشوازی لە بڕیاری بەشداریکردم بۆ ڕیزەکانی ئاسایشی کرد"

 ڕیم جەوهەر کە ماوەی ٦ ساڵە بەڕێوەبەری ئاسایشی ژنانە لە زرگان، باسی لە ئەرک و ژیانی خۆی کرد و وتی: پاراستنی گەل و خاک و وڵاتەکەم بووەتە هۆی ئەوەی بەشداری هێزە ئەمنییەکان بم، بەتایبەتی بۆ ناحیەی زرگان چونکە هەموو کەس دەزانێت لێرە چی ڕوودەدات، دوای ئەوەی بیرم لە بەشداریکردن لە کاری ئاسایش کردەوە، لەگەڵ هاوژینەکەمدا گفتوگۆم کرد و نزیکەی شەش ساڵە دەستم بەکارکردووە، هاوکات لەگەڵ بنەماڵەکەم دانیشتم و بڕیاری چوونە ناو ئاسایشم ڕەت نەکرایەوە و بە گەرمی پێشوازیم لێکرا، چونکە هاوژینەکەم شەڕڤانە، ئەو دەزانێت کاری سەربازی چۆنە و لێی تێدەگات، بۆیە ڕێگر نەبوو لە بەردەمم و لە بەشە جیاوازەکانەوە بۆ پاراستنی گەلەکەمان دەستمان بە تێکۆشان کرد.

 

ڕیم و خەبات منداڵێکی چوار ساڵیان هەیە، باس لەوەدەکەن کاتێک تۆپباران دەبێت منداڵەکەیان دەترسێت، بەڵام هیچ جیاوازییەک لە نێوان منداڵەکەی ئەمان و منداڵانی دیکەدا نییە، ڕیم وتی: دایکم ئاگاداری منداڵەکەم دەبێت، چونکە دەرفەت نییە من هەموو جارێک بچمەوە ماڵ و ئاگاداری بم بۆیە ئەو هاوکاریم ئەکات، کاتێک تەقینەوەکان ڕوودەدەن من لە سەلامەتی منداڵەکەم دەترسم بەڵام هیچ جیاوازییەک لەنێوان منداڵەکەم و منداڵانی گەلەکەماندا نییە، کە هەموویان منداڵمانن، ئێمە لە دۆخی لە ناکاو و هێرش و بۆردومانەکاندا ٢٤ کاتژمێر لەگەڵ هاوڕێکانماندا ڕووبەڕووی هەر هێرش و بۆردومانێک دەبینەوە، هەمیشە بیری کچەکەم دەکەم، بەڵام هەر کاتێک بتوانم بیبینم، ناتوانم هاوڕێکانم بە تەنیا جێبهێڵم، چونکە وڵات گرنگترە لە منداڵ و خێزان.

 

خەبات زرگان، شەڕڤانێکی قەسەدە و هاوژینی ڕیم جەوهەرە، دەربارەی دۆخی زرگان دەڵێت: هێرشەکانی ئێستای دەوڵەتی تورک بیرۆکەی عوسمانی نوێ زیندوو دەکاتەوە، دەیانەوێت جارێکی تر خاکەکەمان داگیر بکەن و لێرە بوونی خۆیان بپارێزن، بەڵام ئێمە ڕێگە بە ئەوان نادەین، چونکە ئێمە لێرەین، هەرگیز ڕێگە نادەین خاکەکەمان ستەمی لێبکرێت، ئێمە دژی هێرش و پێشێلکارییەکانی ئەوانین بەرامبەر بە خاک و گەلەکەمان وەک بەربەستێکین، دۆخی سەرێکانی دیارە کە خەڵکەکەی ڕووبەڕووی چ پێشێلکاری و تاوانێک دەبنەوە، ئەردۆغان ناتوانێت وەک جاران بیربکاتەوە و سیاسەتەکانی لە دژی ئێمە جێبەجێ بکات، ناتوانێت هەمان شت بێت. هەتا لێرەبین ڕێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر خاک و ژنان و منداڵەکانمان.

 

خەبات زرگان ئاماژەی بەوەدا هاوژینەکەی وەک هاوڕێیەتی، لە ژیانی ئەویش دەترسێت، بەڵام دەزانێت چۆن خۆی بپارێزێت، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتێک بۆردومان دەوەستێت، ئێمە دێین و لێیان دەپرسین کاتێک ئەو نابینم، لەسەر ئامێری پەیوەندییەکەوە بانگی دەکەم و پرسیار لە دۆخی تەندروستی ئەو دەکەم، کاتێک دەرفەتیش هەبێت دێم و هاوژینەکەم و هاوڕێکانیشی دەبینم، ئێمە ناتوانین ڕێگری لە ژنان بکەین، با شوێنی خۆیان لەناو هێزە سەربازی و ئەمنییەکاندا بگرن، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە.