منداڵان بەهۆی کارکردنەوە بازرگانیان پێوە دەکرێت و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

ئاوارەبوون و جەنگ یەکێکە لەو هۆکارانەی منداڵ ناچار بە کارکردن دەکات، هەژاری دۆخی خێزانەکان قورس دەکات و بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان منداڵ دەست بە کارکردن دەکات، لەکاتی کاریشدا زۆرترین منداڵ توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و لایەنی پەیوەندیدار خۆی بەرپرس نابینێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ئاوارەیی، جەنگ، هەژاری و قەیرانەکان منداڵانی ناچار بە کارکردن کردووە، سەرەڕای نەبوونی توانا و یاسایی نەبوونی کارکردنی منداڵ، کارکردنی منداڵ لە وەرزێکەوە بووەتە هەمیشەیی، جاران منداڵان تەنها وەرزی هاوینان و کاتی پشووی قوتابخانەدا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە جیهاندا دەستبەرداری خوێندن دەبن و کاردەکەن، هەندێکیان بەهۆی هەژاری و هەندێکیان بەهۆی ئاوارەیی و جەنگ لە وڵاتەکەیاندا کاردەکەن، لە بەرامبەردا بەشێکی دیکەیان لە ژێر فشاری خێزانەکانیاندان و دەستبەرداری خوێندن بوون لەپێناو کاردا.
 

کارکردنی منداڵ دوورکەوتنەوەیەتی لە ژیانی منداڵێتی و چوونە ژیانی زەحمەتییە، ئەو منداڵەی کاردەکات ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی دەبێتەوە و کاردەکاتە سەر لایەنی دەروونی، زۆربەی ئەو منداڵانەی لەناو بازاڕەکانی شاری سلێمانیدا کار دەکەن منداڵانی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان، سووریا و خوارووی عێراقن، کە لە کامپەکاندا ژیان دەکەن، بەهۆی قورسی ژیان و دابینەکردنی پێداویستییەکان و بوونی شەڕ و ئاوارەیی وایکردووە دەستبکەن بە کارکردن و لە جیهانی منداڵێتیان بێنە دەرەوە.

 

٢١٨ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا کاردەکەن

لە جیهاندا ٢١٨ ملیۆن منداڵ لە تەمەنی ٥-١٧ ساڵیدا کاردەکەن، کە ١٥٢ ملیۆنیان کرێکارن، نزیکەی ٧٣ ملیۆنیان لە کاری مەترسیدار دەکەن، ٨٨ ملیۆنیان کوڕن و ٦٤ ملیۆنیان کچن.

 

بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوى یونسێف، ٧.٣٪ی هەموو منداڵانى ئەو خێزانانەى لەناو عێراقدا ئاوارە بوون، ٤-١٢ کاتژمێر کار دەکەن و تەمەنیان لەنێوان ٥-١٧ ساڵدایە، ئەمەش چەندین ڕووداوى نەخوازراوى لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت لە دوای دروستبوونی داعش لە ٢٠١٥ تا ٢٠١٩، دوو هەزار و ١١٤ منداڵ ڕووبەرووی هێرش و پێشێلكاری بوونەتەوە، وەک، كوشتن و لێدان، شێواندنی ڕوخسار و دەستدرێژی سێكسی.

 

١٢ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵانە، لە ساڵی ٢٠٠٢دا لەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ILO دەستنیشانکراوە، ئەو ڕێکخراوە ئاماژە بەوە دەکات ساڵانە نزیکەی ٢٢ هەزار منداڵ لە کاتی کارکردندا گیان لەدەستدەدەن.

 

"هێرش و داگیرکارییەکان، هۆکارە بۆ ئاوارەبوون و خراپبوونی دۆخی ژیانی منداڵان"

ئەڤین سوێد، نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی دۆخی منداڵانی ئاوارە و دۆخی منداڵانی ناو کەمپەکان بۆ نوژنها دوا: لە هەموو هێرش و داگیرکردنێکدا دوو بەش لەناو کۆمەڵگەدا زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، ئەویش ژنان و منداڵانن، ئەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی کە کردیانە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و عەفرین بە هۆیەوە چەندین خێزان ئاوارەبوون و لە خاکی خۆیان هەڵکەندران و ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان و کامپەکان، ئەمەش وایکرد ژیانی منداڵان بەرەو سەختی بچێت و دوور بکەونەوە لە خوێندن و فێربوون و ژیانی ناو خاکی خویان، ئەو ژیانەی بۆیان دابینکراوە لە ناو کامپەکاندا پێداویستی ئەوان پڕ ناکاتەوە و بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی ئەوان.

 

"هەرێمی کوردستان لە قەیرانی ئابوری و سیاسیدایە بۆیە دۆخی منداڵان بەو ئاستە گەیشتووە"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەڤین سوێد ئاماژەی بەوەدا، دۆخی ئاوارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆیە گەیشتووەتە ئەو ئاستە چونکە هەرێمی کوردستانیش بۆ خۆی لە ئاستێکی خراپدایە و ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابوری و سیاسی بووەتەوە کە کاریکردووەتە سەر ژیانی کۆمەڵگا بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی.

 

"لەناو کامپەکاندا هەوڵدان هەیە بۆ فێربوون و باشترکردنی دۆخی ئەو منداڵانە بەڵام ئەو هەوڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیدەن بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتیەکان، چونکە ئەو خێزانانە لە سفرەوە دەستیان بە ژیان کردووە و دابینکردنی ئەو کەمە پێداویستیە بەس نییە."

 

باسی لەوەشکرد وەک نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری باشوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەک تەنها لە ناو کامپەکاندا هەوڵی چارەسەریان داوە، بەڵکو لەناو شارەکانیش هەوڵیانداوە بۆ زیاتر پێشکەوتنی پەروەردە، چونکە منداڵ لە هەرکوێ بن داهاتوون، بۆیە پێویستە هەوڵ بۆ چارەسەری دۆخی ئەو منداڵانە بدرێت.

 

"منداڵان لە کاتی کارکردندا هەڵدەخەڵەتێندرێن و بازرگانیان پێوە دەکرێت"

بەدریە ئیسماعیل، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دەربارەی کارکردنی منداڵان وتی: منداڵ هەستیارترین قۆناغی تەمەنی مرۆڤێکە بۆیە پێویستە مافەکانی بۆ دەستەبەر بکرێت و ژیانێکی گونجاو و ژینگەیەکی تەندروستی بۆ دابینبکرێت، لە هیچ یاسا و دینێکیشدا نەهاتووە کە منداڵ لە ژینگەی خۆی بهێندرێتە دەرەوە و کاری پێ بکرێت.

 

"لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵان هەن لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و کامپەکان بە تایبەت کار دەکەن و ڕووبەڕووی دەستدرێژی و خراپەکاری دەبنەوە بە جۆرێک لە یەکێک لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان زیاد لە ٢٥٠ منداڵ هەڵخەڵەتێندراون لەلایەن بازرگانان و دەسەڵاتدارانەوە و گورچیلەیان لێکڕدراوە بە بیانووی بڕە پارەیەکی زۆر".

 

بەدریە ئیسماعیل وەک بڕیاردەر لە لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد خودی خۆی منداڵی دواندووە کە بەرامبەر گورچیلەی بەڵێنی چل هەزار دولاریان پێداوە، بەڵام  تەنها ٤٠٠ هەزاریان پێدراوە.

 

"لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکان بەڵام منداڵان و خێزانەکان بەشێکیان ئالودەی کارکردن بوون"

لە هەرێمی کوردستان جگەلە منداڵانی ناو کامپەکان، بەڵکو منداڵانی خێزانە هەژارەکانی هەرێمیش کاردەکەن و ڕۆژانە لەلایەن خەڵکی گشتی و خاوەن کارەوە ڕووبەڕووی سەختی ژیان و توندوتیژی دەبنەوە، ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بەوەدا وەک لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوەیان لەو خاوەنکارانەش کردووە کە زوڵمیان لە منداڵان کردووە و یاداشتی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، پەیوەندییان بەو ڕێکخراوانەوە کردووە لە کامپەکاندا کاردەکەن، بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئەو منداڵانەیان داوە.

 

بەدریە ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک لە پێداویستییەکان پڕکراونەتەوە، بەڵام هەندێک خێزان هەن ئالودەی کارکردن بوون بە منداڵان و منداڵان خۆشیان حەزیان بۆ کارکردن و پارە دروستبووە بۆیە وازی لێناهێنن.

 

"بەڕێوەبردنی کامپەکان لە دەسەڵاتی کەرتی تایبەتدایە و حکومەتیش خۆی بە بەرپرس نازانێت"

بەدریە ئیسماعیل پێیوایە کارکردنی منداڵان بەوشێوە بەربڵاوە دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتی تاوان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، دەربارەی ئەرکی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار وتی: "ئەو خێزانانەی لە کامپەکاندان زیاتر سەر بە کەرتی تایبەتن، سەرەڕای ئەوە حکومەت نەیتوانیوە ببێتە لایەنێکی فشار بۆسەر کەرتە تایبەتەکان، وەک پێویست نەیتوانیوە بەدەم گرفتی کامپەکانەوە بچێت، هەرچەندە دەڵێن کە کەموکورتییەکان پڕکراونەتەوە بەڵام تا ئێستا کەموکورتی زۆر هەن و پێویستیان بە چارەسەری هەیە".