دوای ڕوخاندنی ناوچەکە بووەتە شوێنی خراپەکاری و دزی

ژنان دژی وێرانکردنی گەڕەکەکانی سەن و بەنن لە سوری ئامەد، نیگەرانن لەوەی ناوچەکە بووەتە شوێنی دزی و دەستدرێژی و دەشڵێن ئەگەر ماڵەکانیان کاول بکرێت ژیانیان چۆن بەردەوام بکەن.

مەدینە مەمەدئۆغڵو

 

ئامەد-  ناوچەکانی سەن و بەن کە دەکەوێتە سنوری گەڕەکی شەهیدلیک لە ناوچەی یەنیشەهری سوری ئامەد لە باکوری کوردستان، پارساڵ لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوەی سوری ئامەددا، چۆڵکرا، کاری نۆژەنکردنەوە لەسەر دیوارە مێژووییەکانی سور لە ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن لیستی کەلەپووری جیهانیی یوونسکۆوە دەستیپێکرد، بەو ناوەوە سەدان خانووی کە دەکەوتە سوورەوە وێران کران و خەڵکەکەی ئاوارەکران، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ خانووە تێکنەچووەکانی ناوچەکە هەڵوەشێندرێن،

 

دانیشتووانی ئەو خانووانەی کە هەتا ئێستا ماون باس لەوەدەکەن لەبەر دزی و دەستدرێژی هیچ ئارامییەک لە ناوچەکەدا نەماوە و دوای تێکدانی ناوچەکەش پەیوەندی کۆمەڵایەتی کەمبووەتەوە، دزیکردن ٣-٤ قات زیادیکردووە و لە خانووە چۆڵەکاندا ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ڕێژەکەشی هەر لە بەرزبوونەوەدایە.

 

"هیچ ئاسەوارێکی ژیانی پێشوومان نەماوە"

سورەیا ئوسڵو، ماوەی ٤٠ ساڵە لە بەن و سەن دەژی، ئاماژەی بەوەدا دوای هەڵوەشاندنی ناوچەکە ناوێرن لە ئێواراندا بچنە دەرەوە، وتیشی: "ئەم شوێنە پێش ئەوەی لەناوببرێت قەرەباڵغ بوو، دزی هەبوو بەڵام بە ڕێژەی ئێستا نەبوو، ئێستا ناوێرین هیچ لەبەردەم ماڵەکانماندا بەجێبهێڵین، ئێستا شتی خراپتر لە گەڕەکەکە ڕوودەدات. لە جیاتی ماڵەکەمان با شتێکمان پێبدەین تا ئارامیمان هەبێت، لە کوێ بمێنینەوە ئەگەر ماڵەکانمان وێران بکرێت؟ هەموو شتێک پێشتر باشتر بوو، ئێمە دراوسێمان هەبوو و یەکمان خۆشدەویست، بەڵام ئێستا هەموو شتێک تاڵانکراوە، هەموو شتێک لەناوچووە، هەموو ماڵەکان چۆڵکران و کەسی تێدا نەماوە ناوچەکە".

 

"بەهۆی دزەوە ناتوانین لە ماڵەکانمان دوورکەوینەوە"

حەوا ئوسڵو، ژنێکی دیکەی دانیشتووی گەڕەکی سەن و بەنە، باسی لەوەکرد لە گەڕەکەکەیان ئارامی نەماوە، "ئەگەر خانووەکانمان تێکنەدەن باشە، ئەگەر تێکی بدەن ئێمە بچینە کوێوە، دوای ئەوەی ئەو خانووانە تێکدراون ئێمە زیاتر دەمانەوێت لێرە نەمێنینەوە چونکە دز و ئالودەبوونی ماددە هۆشبەرەکان زۆربوون، ئێمە ناتوانین دەرگای ماڵەکانمان دابخەین و بچن بۆ شوێنێک بەهۆی دزییەوە، پێشتر ژیانمان باش بوو و لە گەڕەکەکەدا پەیوەندیمان هەبوو، بەو وێرانکارییە هەرکەسێک چووەتە شوێنێک، ئەگەر خانووەکانی ئێمەش خراپ نەکەن باشە، بەڵام ئەگەر تێکیبدەن چی بکەین، دەبێت خانوویەکمان پێبدەن تا ئارامیمان هەبێت".

 

"با لەبری وێرانکردنی ماڵەکانمان، نۆژەنی بکەنەوە"

نەزاهەت ئوسڵو، ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت لەجیاتی وێرانکردن بۆمان نۆژەن بکەنەوە، دەشڵێت: بە وێرانکردنی ئەو خانووانە ئێمە بێ لانە ماینەوە، با خانووەکانمان لێنەستێنن و دەرمان نەکە، من هیچ شتێکم نییە ئەگەر خانووەکەشم لێبستێنن من بچم بۆ کوێ، پێشتر کە دەچوینە دەرەوە پڕ بوو لە خەڵک، بەڵام ئیستا کە سەیری دەرەوە دەکەم شتی خەڵک دەدزرێت، دروسێکانمان چۆڵیان کرد و دەرگای ماڵەکانیان دزرا، با چارەسەرێک بۆ ژیانی ئێمە بدۆزنەوە و خانووەکانمان بۆ نۆژەن بکەنەوە.

 


ت.پ