ماوەی ٧ ساڵە گۆڤاری ژنۆلۆژی بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە

ڕۆژدا یڵدز، ئەندامی دەستەی پەخشی گۆڤاری ژنۆلۆژی ڕایگەیاند توندوتیژی دژی ژنان لە جیهاندا زیادیکردووە، سێکسیزم گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، قەیرانی کۆمەڵایەتی لە هەموو لایەکەوە قوڵتربووەتەوە، بۆیە بە ژنۆلۆژی چارەسەری بۆ کێشەکان دەدۆزینەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڤاری ژنۆلۆژی بە دروشمی "زانست لە تەوەری ژندا گەشە بکات هەنگاوێکە بەرەو کۆمەڵناسی ڕاستەقینە" لە ٨ ئاداری ٢٠١٦دا، بە بابەتی ژن و قەیرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەستی بە پەخش کرد. ژنۆلۆژی بووەتە جێی بایەخ و پەرۆشی خوێنەرانی و بە گرنگیەکی زۆررەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. بابەتەکانی وەک هاوژیانی ئازاد، ئەتیک-ئەستاتیک ( ئەخلاق و جوانناسی) و ئاوڕێک لە سروشتی ژن لەو بابەتانە بوون کە تا ئێستا گرنگی زۆری پێدراوە.

 

"سیستمی بەڕێوەبردن لەپێناو مانەوەی سەرمایەداریدا شێوەی پێدراوە"

ڕۆژدا یڵدز، ئەندامی دەستەی پەخشی ژنۆلۆژی، باسی لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی بابەتەکانی گۆڤاری ژنۆلۆژی کرد کە چۆن لەگەڵ کۆمەڵگە و ژندا یەکانگیر دەبێت، دەربارەی سیستمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ئێستا وتی: "ئەمڕۆ لە ناکۆکییەکانی نێوان چین و توێژەکانەوە بۆ ململانێی ژن و پیاو و قڕکردنی کلتوری و ژینگەیی پەیوەندی بە هەڵە شرۆڤەکردنی زانست و پێکهاتەی ئەو زانستەوەیە کە بەرهەمهێنراوە، سیستەمی ڕۆشنبیری ئێستا بۆ لەسەرپێ مانەوەی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری شێوەی پێدراوە و بەکاردەهێنرێت. چەندین ساڵە ڕەخنە دەکرێت، دوای دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەکان لە قۆناغەکانی  ئەم ١٠٠ بۆ ١٥٠ ساڵەی دواییەدا، نوسەران و توێژەران لە ئەوروپا و ئەمریکا و ناوچە جیاجیاکانی جیهان بە تایبەتی نووسەرانی فێمینیست لە تێکۆشانیاندا لەبەرامبەر ئەو شێوازی بەرهەمهێنانی مەعریفەیەی سیستەم تێکۆشانیان کردووە".

 

"ژنۆلۆژی بۆ چارەسەری کێشەکان هاتە ئاراوە"

ئەندامی دەستەی پەخشی ژنۆلۆژی سەبارەت بە هەبوون و گرنگی ژنۆلۆژی دەڵێت کە پێکهاتە مەعریفییەکان ئەگەر لە ئاست پرسەکانی کۆمەڵگەدا ڕاست مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ئەوە چارەسەر ئامێز نابێت، "وەک ژنۆلۆژی هێشتا باسەکانمان و کارەکانمان لە سەرەتادایە، بەڵام لەو پرۆسەیەدا کە کێشەکانی ئێستا بوونەتە قەیران و چارەسەر نەکراون، ئەڵتەرناتیڤەکان بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگن. قسەیەک هەیە کە دەڵێت 'فەیلەسووفەکان تا ئێستا تەنیا شیکردنەوەیان لەسەر جیهان کردووە، بەڵام نەیانگۆڕیوە'، بابەتی هەڵسەنگاندنی جیهان چونکە بۆ ڕەوتی سیاسی بەجێهێڵراوە، مەعریفە و سیاسەتیش ناگۆڕێت، بۆیە دەبێت لە ڕووی فکری و پراکتیکییەوە بەڕێوەببرێت و هەوڵەکانیشمان لەو پێناوەدایە، بۆیەش ژنۆلۆژی بۆ بەشداریکردن له پرۆسەی چارەسەری کێشەکان هاتە ئاراوە"

 

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوەی ئەوان دەیکەن هزر فڕێدانە مەیدان و تەنیا گفتوگۆ نیە لەسەر بواری تیۆری، سەرەکیترین شت ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسیارە بکەین چۆن گۆڕانکاری ئەنجامبدرێت، وەک ژنۆلۆژیش هەوڵ دەدەن ژیانی ژنان بخەنەڕوو، هەڵسەنگاندن و چارەسەری بدۆزنەوە.

 

ژنۆلۆژی تیشکدەخاتە سەر کێشەکانی کۆمەڵگە

یەکەم ژمارەی گۆڤاری ژنۆلۆژی لەسەر "قەیرانی زانستی کۆمەڵایەتی" بوو، ڕۆژدا یڵدز وتی: لە سەروبەندی پێشوازی لە ٨ی ئاداردا ژمارەیەکمان لەسەر "زایەند-سێکس لە پیرۆزییەوە تا ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدارێتی" چاپکرد، پێمان ناوەتە حەوت ساڵییەوە، ٢٥مین ژمارەی گۆڤارەکەمان چاپکرد، لە ئابووریەوە تا پەروەردە، ئیکۆلۆژی، دیمۆگرافیا و ژیانی یەکسان و هەر زانیارییەکی بونیاتنەر هەبووبێت، خستوومانەتەڕوو، لێرەدا خاڵی بنچینەیی ڕاوەستەکردنە لەسەر پێویستیەکانی ژیان، پێویستی کۆمەڵگە، ژنان و ژیان، لە هەر ژمارەیەکدا جەختلەسەر ئەو کێشە بەرجەستانە دەکەینەوە کە ئەزموون کراون.

 

دەربارەی ژمارەی نوێی گۆڤارەکە وتی: ژمارەی نوێمان لەسەر زایەند-سێکسە هەرچەندە وەک ڕووبەرێکی دەستلێنەدراویش ببینرێت، بەڵام توێژەرانی ژن لە ئەنجامی توێژینەوەکانیاندا ئەو زانیاری و شیکردنەوەیان خستووەتەڕوو لەسەر بوارەکە، کاتێک سەیری داتاکان دەکەیت دەبینین فاشیزم چۆن دەکەوێتە نێوان دوو کەسەوە و چۆن ئەم ژیانە تایبەتە لەنێوانیاندا بە کۆمەڵگەدا بڵاودەکاتەوە، هەروەها دەبینرێت کە چۆن ئەو بابەتەی وەک مەحرەم کۆد دەکرێن و چۆن لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەگۆڕدرێن بۆ قەیرانێکی گەورە لە ئەنجامی سیاسەتێکی تایبەتی لە بواری زایەند. بۆ ژیانێکی باشتر مرۆڤ دەتوانن دامەزراوەی زانست سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە، ئێمە لەو بارەیەوە گفتوگۆکانمان بەڕێوەدەبەین"

 

خوێنەرێکی زۆر لە دەوری ژنۆلۆژی کۆبووەتەوە

ڕۆژدا یڵدز ئەوەشی خستەڕوو، کە ژنان بە ڕێژەیەکی باش دەخوێننەوە و وتیشی: لە ژنانی گەڕەکەوە تا خوێندکارانی زانکۆ، لە ئەکادیمییەکانەوە تا سیاسەتمەداران، خوێنەرێکی زۆر دروستبووە و جاروبار خوێنەرانیان لە دەوری هەندێ بابەت و کۆڕی جیاوازدا کۆدەکەنەوە.

 

"حەوتەمین ساڵمان پیرۆز کرد"

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەندامی دەستەی پەخشی ژنۆلۆژی، ڕۆژدا یڵدز ئاماژەی بەوەدا لە بارودۆخێکدا کە توندوتیژی دژ بە ژن زیادیکردووە، سێکسیزم گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە هەموو بوارەکاندا قەیرانی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە و لە ٨ی ئاداردا جارێکی دیکە یادی ٧ ساڵەی ژنۆلۆژی کرایەوە، "ئێمە جارێکی تر لەگەڵ هەموو ژنانی جیهان هاوار دەکەین کە کات کاتی ئازادی ژنە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە زیاتر خاوەنداری لە ژنۆلۆژی بکەن و بخوێننەوە، داوا لە هەمووان دەکەین کە پێکەوە زانیاری بەرهەم بێنن و پێکەوە پراکتیکی بکەن".

 

سەرچاوە: ئاژانسی ژن نیوز

ت.پ