"گۆڕانکاری و چالاکییەکانی وڵاتێک بەندە بە چالاکی گەنجەکانییەوە"
سەرەڕای مەترسییەکانی کۆچکردنی گەنجان ئامارەکانی کۆچکردن ڕوو لە زیادبوونە، بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە لە نێوان ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٤دا، ٧٥٠ هەزار و ٤٩٨ هاوڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_کارەساتە سروشتییەکان وەک زریان و لافاو تێکچوونی سروشتی وڵاتێک و کۆچکردنی هاوڵاتیان بۆ ناوچەیەکیی دیکە و ناسەقامگیری و نائاسایشی، هۆکاری سیاسیی، خراپی ئابووری و نەبوونی هەلی کار هۆکارەکانی زیادبوونی کۆچی گەنجانن.
لە کوردستان و بەتایبەت لە باشووری کوردستان جیاواز لە هۆکارە سروشتییەکان، هاوڵاتیان بەهۆی ناسەقامگیری و دۆخی سیاسی و خراپی ئابوورییەوە کۆچ دەکەن، ئەمەش بە تایبەت لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە کۆچکردنی گەنج و خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون بوو، لە ڕێگەی کۆچی نایاساییەوە بەردەوام هەواڵی نقومبوونی کەشتیەکانی کۆچبەران بڵاودەبێتەوە، بەشێکی زۆر لە کۆچبەران و ئەو کەسانەی گیان لەدەست دەدەن لە کاتی گەشتەکاندا، گەنجانن.
بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، کە دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ساڵی ٢٠٢٤ کۆچکردن بەم ئامارە بووە؛
-ساڵی ٢٠١٥
١٨٦٤٢٢ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٢٥ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
٧ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-ساڵی ٢٠١٦
١٦٠٧١٧ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٨٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
٥٤ کۆچبەر بێ سەروشوێننن
-ساڵی ٢٠١٧
٩٢٦٩١ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٢٩ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
٦٧ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-ساڵی ٢٠١٨
٦٩٢٠٣ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٥٤ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
٢٥ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-ساڵی ٢٠١٩
٥٣٢٤٠ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٤٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
١٠ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-ساڵی ٢٠٢٠
٣٤٠٠٠هاوڵاتی کۆچیان کردووە
١٨ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
١٧ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-ساڵی ٢٠٢١
٥٣٠٠٠ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٤٦ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
٤٧ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-ساڵی ٢٠٢٢
٧١٢٢٥ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
١٧ کۆچبەر گیانیا لەدەستداوە
٧ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-ساڵی ٢٠٢٣
١٩٥٠٠ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
٢ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
-چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤
١٠٥٠٠ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٢٢ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
١٢ کۆچبەر بێ سەروشوێنن
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە دەزگای لوتکە وەرمان گرتووە، لەنێوان ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٤، ٧٥٠ هەزار و ٤٩٨ هاوڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەرەڕای مەترسی ڕێگای کۆچ و نقومبوون لە دەریا و گیان لەدەستدانیان کۆچیان کردووە.
"قەیرانە ئابوورییەکان هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی گەنجانی باشووری کوردستانە"
ناز ئاراس، بەڕێوەبەری کەمپەینی بە تواناکردنی گەنجان، باس لە کۆچی بە لێشاوی گەنجان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەکات، کە هۆکارەکەی بۆ خراپی بارودۆخی ئابووری و نەبوونی هەلی کار و ناسەقامگیری سیاسیی دەگەڕێتەوە، دەشڵێت: هۆکاری سروشتی و مرۆییمان هەیە، بەڵام نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و خراپی بارودۆخی ئابووری گەنجانیان بەرەو کۆچ ناردووە، خراپی سەقامگیری و نەبوونی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان، دەستەبەر نەکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەنجان، هەبوونی چەندین هۆکاری دیکەی خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان ڕێژەی کۆچی بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان زیادکردووە.
"گەنجان لە باشووری کوردستاندا هەلی کاریان بۆ ڕێک ناکەوێت و کۆچ ئەنجام دەدەن"
ناز ئاراس، باسی لەوەشکرد، گەنجان و چینی خوێندەوار لە دوای تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕانامەیەک هەلی کاریان لەلایەن حکومەتەوە بۆ ناڕەخسێت، هەروەها ماوەی چەندی ساڵە دامەزراندن لەلایەن حکومەتەوە ڕاگیراوە، بۆیە گەنجان بۆ دەست گەیشتنیان بە کارێک پەنا دەبەنەبەر کۆچکردن، بێ هیوابوونی گەنجانیش هۆکاری تەواونەکردنی خوێندنی گەنجانە.
ناز ئاراس تیشکی خستەسەر ڕێگاکانی کۆچکردن، کە گەنجان بە هیوای ژیانێکی باشتر کۆچ دەکەن، بەڵام بێ ئاگان لەوەی لەو ڕێگەیەدا ڕووبەڕووی مەترسی و ئاستەنگی دەبنەوە، "ئێمە لە چەندین سیمیناردا باس لەو بڕە پارەیە دەکەین دابینی دەکەن بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی دیکە، لەکاتێکدا هەر بەو بڕە پارەیە دەتوانن کارێک لە وڵاتەکەی خۆیان بنیاد بنێن و ببنە خاوەنکاری خۆیان.
"گەنجان پێویستیان بە هەبوونی هەلی کار و دامەزراندن هەیە بۆ مانەوەیان لە وڵاتەکەیاندا"
ناز ئاراس، بەڕێوەبەری کەمپەینی بە تواناکردنی گەنجان، ئاماژەی بەوەدا، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی کەمپەینێکەوە ڕێگری لە کۆچی گەنجان دەگرن، گەنجان هان دەدەن بۆ مانەوەیان لە وڵاتەکەیاندا، لەو بارەیەوە وتی: لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی کەمپەینی "مەڕۆ چاکی بکە" هەوڵدەدەین گەنج لە وڵاتەکەدا بهێڵینەوە، تا ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان نەخەنە مەترسییەوە و کۆچی نایاسایی بکەن، هەروەها گەنجان بە جێگرەوەی کۆچکردنیان ئاشنا دەکەین، ڕێگاکانی کارکردن و دروستکردنی هەلی کار و کاری پیشەی بۆ گەنجان نیشان دەدەین.
ناز ئاراس دەشڵێت: گەنجەکانمان تەنها ئەو کەسانە دەبینن کە بە سەلامەت گەیشتوونەتە وڵاتانی دەرەوە، بەڵام چەندین چیرۆکی کارەساتبارمان هەیە لەڕێگەی گەیشتندا کەشتییەکانیان نقوم دەبن یان بەشێک لە خێزانەکان لە یەکدی دادەبڕێن، گەنجەکان پێش ئەوەی بڕیاری ڕۆیشتن بدەن، پێویستە بیر لە داهاتوو و کارەساتەکانی بکەنەوە.
"هۆشیار کردنەوەی گەنجان لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەکانەوە گرنگە"
ناز ئاراس، باس لە خراپی لایەنە مرۆیەکانی کۆچکردن دەکات، چونکە گۆڕانکاری و تواناکانی کارکردن و کار و چالاکییەکانی وڵاتێک بەندە بە چالاکی گەنجانەوە، کۆمەڵگەیەک گەنجی تێدا نەبێت لە ڕووی بەرەوپێشبرنی مرۆیی و تەواوی سێکتەرەکانی ژیانکردنەوە ڕووبەڕووی زیان دەبێتەوە، دەڵێت: بۆ مانەوەی گەنجان لە وڵاتەکەیاندا پێویستیان بە جێگرەوە هەیە، ڕەخساندنی هەلی کار ڕێگە خۆشکەرە بۆ مانەوەی گەنجان.
لە کۆتاییدا وتی: پێویستە گەنجانمان ئاگادار بکەینەوە لەو زیانانەی لە کاتی کۆچکردندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە ڕێگەی سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە ئاگاداریان بکەینەوە، هەروەها لەپاش هۆشیارکردنەوەیان پێویستە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنین و بتوانن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کارێک ئەنجام بدەن، دەشبێت پەرە بە توانا پیشەی و زانستییەکانی گەنجان بدرێت.