"ڕێگە نادەین داعش لە ژێر پەردەی دەوڵەتی تورکیادا بگەڕێتەوە ناوچەکەمان"

شەمسە یوسف کە کوڕەکەی لەلایەن داعشەوە کوژرا، باسی لەوەکرد، دڕندەیی داعشیان ئەزموون کردووە، بۆیە رێگە بە داگیرکاریی تورکیایا نادەن.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- مەنبج یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرترین دڕندەیی چەتەکانی داعشی لێکەوتەوە، شەمسە یوسف کە کوڕەکەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژرا، وتی: ئێمە شەڕێکی نوێ لە ناوچەکە قبوڵ ناکەین، ڕێگە نادەین داعش لە ژێر پەردەی دەوڵەتی تورکیایادا بگەڕێتەوە و ستەممان لێبکات، دەمانەوێت ژیانمان وەک ئێستا بەردەوام بێت.

 

شەمسە یوسف تەمەن ٧٨ ساڵە و لە شاری مەنبج دەژی، ئەزموونێکی پڕ لە ئازاری لە کاتی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی داعشدا هەیە، کوڕەکەی لەلایەن داعشەوە کوژرا و لە زاری خۆیەوە باس لە سەختییەکانی ژیانی دەکات:

 

"ئەو کاتەی داعش کۆمەڵکوژی دڕندانەی بەسەر تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ئەنجامدەدا، ماڵەکەمانیان دزی، هەرچی هاتە دەستیان دابەشیان کرد، سلێمان محەمەدی کوڕیشم کە باوکی دوو منداڵە، دەستبەسەر کرا. ئەو کاتە کوڕەکەم تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو. لەبەر ئەوەی لە سوپای ئازاددا بوو، بردیان، بە زیاتر لە بیست ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان، شەو بوو دەرفەتیان نەدا کوڕەکەم جلوبەرگ بپۆشێت و بە قۆناغە تفەنگەکانیان لێیان دەدا".

 

دوای ئەوەی هێرش دەکەنە سەر ماڵی سلێمان محەمەد، دەستگیری دەکەن و دەیخەنە زیندانەوە. شەمسە یوسف لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەستگیرکردنەکەی و ئەو دۆخەی تێیدابوو نادادپەروەرانە و ناڕەوا بوو، ئێسکی کوڕەکەم شکابوو، لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجەدا دووچاری دەیان نەخۆشی بووەوە، ١٠ مانگ لەژێر ئەشکەنجەدا بوو، من نەمتوانی قسەی لەگەڵ بکەم چونکە کاتێک دەچوومە سەردانی، دەگریام و یەکسەر دەریاندەکردمە دەرەوە، کوڕەکەمیان لە زیندانێکەوە برد بۆ زیندانێکی تر و دوای ١٠ مانگ کوشتیان، چوار ڕۆژیش لە کۆڵاندا هەڵیانواسی، نەیانهێشت کەس لە جەستەی نزیک بێتەوە".

 

"دەیتوانی هەڵبێت بەڵام بیری لە براکەی کردەوە"

شەمسە لە باسەکانیدا وەک ئەوەی تازە بەسەریدا هاتبێت، پەژارە دایدەگرت، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جارێک هاوپەیمانان چەند زیندانێکیان بۆردومان کرد و کوڕەکەم دەیتوانی هەڵبێت، بەڵام چونکە دەترسا لەبری ئەو براکەی دەستگیر بکرێت، هەڵنەهات و مایەوە.

 

شەمسە یوسف سەبارەت بەو دڕندەییەی کە داعش بەسەر خەڵکیدا هێناوە، وتی: نە مردووەکان، نە زیندووەکان، نە ئەو ژنانەی کە زۆرترین ئازاریان چەشتووە، رزگاریان نەبوو، لە ناوچەکەمان ماڵێک هەبوو بۆ سەربازانی بە پارە، ئەو ژنانەی کە بەزۆر هاوسەرگیریان لەگەڵ چەتەکانی داعش پێکرابوو، دوای مردنی تیرۆریستانی داعش راستەوخۆ ناچاربوون هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی دیکە بکەن و تووشی ئەشکەنجە دەکران.

 

"دوای ئازارێکی قووڵ هەست بە ئازادی دەکەین، ڕێگە بە تورکیا نادەین"

شەمسە یوسف سەبارەت بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر مەنبج و تل رەفعەت وتی: رێگە بە شەڕی زیاتر نادەین و رێگەش نادەین داعش لە ژێر پەردەی دەوڵەتی تورکیایادا بگەڕێتەوە، ئێمە ئێستا ئازادین، دوای ئەوەی هەناسەی ئازادیمان هەڵمژی، زیندوو بووینەتەوە، دەوڵەتی تورکیا ئێستا دەیەوێت ساڵانی ئازار و کۆمەڵکوژییەکانمان بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەمە تەنها بۆ من نییە بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی مەنبجە.