بەشە ناوخۆیی کچان؛ ڕێسای توند و نەبوونی ئاسانکاری پێویست

مایدە.ک، خوێندکاری قۆناغی یەکەم، سەبارەت بە دۆخی بەشە ناوخۆییەکان دەڵێت: جگە لە بارودۆخی نەگونجاوی ژینگە و پێکهاتەی بەشە ناوخۆییەکان و نەبوونی پێداویستی، سنووردارکردن بۆ کچان زیاترە وەک لە کوڕان.

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- بۆ زۆرێک لە خوێندکاران، بەشە ناوخۆیی یەکەم ئەزموونی سەربەخۆبوون و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانە، ساڵانە هەزاران خوێندکاری دەرەوەی ئێران لە زانکۆکانی سەرتاسەری ئێران، یان لە شارە جیاوازەکان وەردەگیرێن، کە پێویستیان بە شوێنێکی گونجاو بۆ نیشتەجێبوون هەبێت، چونکە دابینکردنی پەناگەیەکی سەلامەت و تەندروست هەنگاوی یەکەمە بۆ گەشەسەندنی ئەکادیمی و دەروونی خوێندکاران، بەڵام ژینگە و پیکهاتەی بەشە ناوخۆییەکان نەیتوانیوە باری سەر شانی خوێندکاران ئاسان بکات و سەرەڕای نەبوونی پێداویستییەکان، سەختی بۆ خوێندکارانیش لەلایەن چاودێرەکانەوە دروست دەکرێت.

 

"نەبوونی ئاسانکاری و خزمەتگوزاری گونجاو کاریگەری لەسەر ئاستی خوێندنی خوێندکار دەبێت"

مایدە ک.، خوێندکاری قۆناغی یەکەمە و تەمەن ٢٣ ساڵە، چەند ساڵێکە لە بەشەناوخۆییەکی خوێندکاردا دەژی، لە بارەی خۆیەوە وتی: ئەوەی لەبیرمە هەستی تەنیایی و بوون بوو دوور لە خێزانەکەم، چونکە یەکەمجار بوو کە بە تەنیا لە تاران بمێنمەوە، لە کاتێکدا لێرە هیچ هاوڕێ و ناسیاوێکم نەبوو، تەنانەت بۆ ماوەیەک هەستم بە خەمۆکی دەکرد، هەرچەندە زۆر هەوڵمدابوو بگەمە ئەم زانکۆ و ئەم شارە، هەندێکجار هاتە پێش چاوم کە دەستبەرداری هەموو شتێک بم و بگەڕێمەوە بۆ شار، هەموو خوێندکارەکانی ئێرەش هەمان هەستیان هەیە، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە ساڵانی یەکەمدا.

 

دەشڵێت: بەشە ناوخۆییەکان شوێنێکی نوێیە بۆ خوێندکاران، شوێنێکە کە لە ژینگەی فەرمی زانکۆ و خوێندکاران بەشێوەیەکی کاتی دابڕاوە، بە واتایەکی تر دەبێتە ماڵی دووەمی قوتابیەکان، بۆیە پاراستنی تەندروستی دەروونی و ئارامی قوتابی لەم شوێنە نوێیەدا زۆر گرنگە، لە لایەکی تریشەوە ڕەزامەندی لە ژینگە نوێیەکە هاوتەریبە لەگەڵ بەدیهێنانی خواست و پێداویستییەکانی خوێندکار، کاتێک ئاسانکاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت، خوێندکارەکان وردە وردە لە شوێنی نوێی ژیانی خۆی ڕادێت و هەست بە وابەستەیی دەکات، دواتر لە ڕووی دەروونییەوە هەست بە باشتربوون دەکات، کە کاریگەری لەسەر مانەوەی ئاستی خوێندنی هەیە.

 

سەبارەت بە بارودۆخی قوتابیان لە بەشە ناوخۆییەکان، مایدە دەڵێت: یەکەم شت کە وەک کچێک لە بەشە ناوخۆییەکان تێبینی دەکەیت ئەوەیە کە بەشەناوخۆییەکان چەندە قەرەباڵغن، هەندێک بینای بەشە ناوخۆییەکان زیاتر شانەکانی زیندانی بیری کەسێک دەخاتەوە کە تازە دێتە ناویەوە، وەک ئەوە وایە لەناو قەرەباڵغی زیندانییە کۆنەکاندا گیر بخوات، چونکە لە هەموو کەسێک دەترسێت و هەموو شتێک بۆی تازەیە، مرۆڤ ساڵانێک لەگەڵ کەسێکدا دەژی و ناتوانێت بە ڕادەی پێویست متمانەی پێ بکەیت، بەڵام لێرەدا دەبێت لە ژوورێکدا بخەون، لە ژوورێکی بچووکدا کە تاکە شوێنی کەسی لەسەر جێگاکەت بێت، تەنانەت بۆ خوێندکارانیش حەمام و تەوالێت نییە، نەبوونی پێداویستییەکان و زۆری خوێندکاران ڕێگری لە پاکوخاوێنی بەشە ناوخۆییەکان دەکات.

 

"ئازادی جلوبەرگ لە ناوچەی بەرفراوانی بەشە ناوخۆییەکەدا نییە"

لە درێژەی قسەکانیدا مایدە دەڵێت: بۆ من ئێستا بەشە ناوخۆیی ماڵەکەی تری منە، ماڵێکە کە مافی ئەوەم هەیە وەک کەسێکی ئاسایی بژیم، چونکە جیایە لە ژینگەی فەرمی زانکۆ، بەڵام ژیانی ئاسایی بەشە ناوخۆییەکانیش وەک سیستمێکی کارگێڕی لێهاتووە، کە بەردەوام لەلایەن پاسەوانە تایبەتەکانی لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریدان، دەبێت بێدەنگ بێت، لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا دەبێت لە بەشە ناوخۆییەکەدا بیت، لە کاتژمێرێکی دیاریکراویشدا دەبێت ژاوەژاو نەمێنێت، ئەو یاسایانەی لێرەدا هەن لە سەرەتاوە بێزارکەر دەردەکەون چونکە سنووردارکردنەکان بۆ کچان زۆر زیاترن لە کوڕان، وەک گەڕانەوە بۆ بەشە ناوخۆیی لە هەمان کاتدا، یان نەبوونی مافی دەرچوون لە هەر کاتژمێرێکدا، سەردانکردنی چاودێر و سەرپەرشتیارەکان بۆ بەشە ناوخۆییەکان بێزارکەرە. زانکۆ هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە کە ئەگەر ئەندامێکی خێزانەکەمان هات بۆ سەردانمان و بیەوێت شەو لەگەڵ منداڵەکەی بەسەر ببات، لە کوێ بێت؟ هیچ شوێنێک بۆ مانەوەی میوانەکان نییە، بۆیە زۆربەی خێزانەکان دەبێت سەردانی منداڵەکانیان بکەن، بۆ چەند کاتژمێرێک بێنە شوێنێک لە دەرەوەی بەشە ناوخۆییەکە و شەوانە بگەڕێنەوە.

 

مایدە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: ماوەیەکە چاودێرییەکان لە پێشووتر کۆنترۆڵ کراوترن، ئەگەر بمەوێت یەکێک لە هاوپۆلەکانم بۆ ژوورەکە بانگهێشت بکەم بۆ ژوورەکە، نابێت کەس هەست بە بوونی بکات، بە پێچەوانەوە ڕێگەی پێنادرێت، کێشە نییە لەناو بیناکەدا هەر شتێک لەبەر بکەین، بەڵام هەر کە چووینە شوێنێکی کراوە و ئازاد، دەبێت پاڵتۆیەک لەبەر بکەین کە سەرپەرشتیاری بەشەناوخۆیی لەسەری ڕازی بێت، ئەمە زۆر بێزارکەرە، چونکە هیچ شوێنێکی ئەم بەشە ناوخۆییە کە ناونیشانی ماڵی دووەمی ئێمەیە، هەست ناکەین کە ماڵی ئێمە بێت.

 

"لەم دۆخەدا ئایندەیەکی ناڕوون هەیە کە هیچ ئومێدێکی نییە"

مایدە ک. باسی لەوەشکرد، تەنانەت هیچ کات بەسەربردنێکیش پلانی بۆ دانەنراوە بۆ ئەوەی لە ڕووی دەروونییەوە ئاسودە بین، ئێستا زۆربەی خوێندکارەکان لەگەڵ خوێندندا ناچارن کارێکی نیوەکاتی بدۆزنەوە، لە کاتێکدا دۆخەکە بۆ کوڕان ئاسانترە، یەکێک لە کێشە سەرەتاییەکان سەبارەت بە ژوورەکانە، کە کاتێک دەگەینە قۆناغەکانی کۆتایی خوێندن، ناچارین زیاتر لە ناو زانکۆ بمێنینەوە تا کار لەسەر پڕۆژەکانمان بکەین، کتێبخانەکەش دەکەوێتە دەرەوەی ئەم بینایە و لە ناو زانکۆ دایە، هەر کەسێک بیەوێت شەوانە بخوێنێت دۆخەکە بۆی قورسترە. ژوورەکەمان شەش قەرەوێڵەی هەیە هەر وەک خوێندکاری بەکالۆریۆس، لەم ژینگە قەرەباڵغەدا، لەم ژینگە و هەلومەرجەدا خوێندنمان قورسە، داهاتوویەکی ناڕوونمان هەیە.

 

لە کۆتاییدا مایدە دەڵێت: ئێمە لە ڕێگەی ئەنجومەنی سەندیکاوە بە دوای کێشەکانی بەشە ناوخۆییەکەدا ڕۆیشتین، بەڵام بەداخەوە داواکارییەکانمان لەبەرچاو ناگیرێت، پێداویستییەکانی بەشە ناوخۆییەکان لەڕادەبەدەر سنووردارن و یاساکان هێشتا پتەون، تەنانەت هەندێکجار بە نووسینی داواکاری زۆر و دووبارەکردنەوەی داواکارییەکانمان لە کۆبوونەوە بچووکەکانی خوێندکاردا ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو دۆخەی کە هەیە، دروستدەبێت، دەمەوێت بڵێم لەناو ئەو هەموو تاریکییەدا هەمیشە تیشکێکی هیوا دەبینین، تەنانەت ئەگەر هەلومەرجەکە بە پێی خواستی خۆمان نەڕوات و لە تاریکییەکی ڕەهادا گیربووین، ئەوە ئێمەین کە ئەرکمان لەسەر شانە کە بتوانین ڕێگا بۆ خۆمان و هەموو کچەکان بکەینەوە، هەموو شتێک سەختی خۆی هەیە، ئامانجی ئێمە، شایانی هەموو ئەو سەختییەیە و دەبێت سەرەڕای هەموو سەختییەکان بەردەوام بین لە گەیشتن پێی.