کۆنگرەی ١٠یەمی پەیەدە لە شاری حەسەکە دەستی پێکرد

کۆنگرەی ١٠یەمی پەیەدە لە شاری حەسەکە، کە لە ٢١ ساڵەی دامەزراندنی ئەو حزبە دەستیپێکرد، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، واتە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ کۆنگرەی دەیەمی پارتی یەکێتی دیموکراتی - پەیەدە بە دروشمی "پێکەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەهێزکردنی ئیدارەی خۆسەر و بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک" لە هۆڵی سەردم لە شاری حەسەکە دەستیپێکرد.

 

لە هۆڵی کۆنگرەدا پانکارت کە لەسەر نووسرا بوو "رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان وەڵامی چارەسەری سیاسیی ململانێی سوریا و یەکڕیزی خاکەکەیە"، "پارتەکەمان حزبی شەهیدان و ڕەنجە" درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین "، "شەهیدەکان سەرکردەی ڕۆحیمانن و هێمای ژیانی هەتاهەتایی مانن"، "فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ئەرکی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراسییە" و "لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، هەموو تاکێک دەبێت بە خؤڕاگێرێک  و هەر دەنگێک لە مەیدانی ئازادیدا دەبێتە چەک" کرانەوە.  هەر وەها وێنەی شیلان کۆبانێ، زەکەریا، جوان، فواد و جەمیل کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆمەڵکوژییەکدا گیانیان لەدەستدا، هەڵواسران.

 

لە هەموو ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، حەلەب، دیمەشق و ئەوروپا٧٠٠ نوێنەری پارتی ، هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەڤین سوێد و حسێن عوسمان، هاوسەرۆکانی تەڤ – دەم، ڕەمزییە محەمەد و عەبدولسەلام مەحمود، هاوسەرۆکی مەسەدە لەیلا قارەمان، نوێنەری دامودەزگاکانی ژنان، سەربازی، شێخەکانی عەشیرەتە عەرەبییەکان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی کورد، عەرەبی و سوریاش بەشدارییان کرد.

 

کۆنگرە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی خەباتی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد، دواتر هاوسەرۆکی پەیەدە ئاسیا عەبدوڵا دەستی بە قسەکردن کرد.

 

بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ڕێکخەری کۆنگرە، بە ناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و کۆنگرەی ستار وتار دەدرێن. نامەی پیرۆزبایی دەخوێندرێتەوە و فیلمێک لەسەر چالاکییەکانی پارتەکە نمایش دەکرێت.

 

لە بەرنامەی کۆنگرەدا سوپاس و پێزانین پێشکەش بە کەسوکاری شەهیدان دەکرێت و ڕاپۆرتی ئەنجوومەنەکانی پارتەکە و دیدگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەخوێندرێتەوە.

 

هەروەها پەیڕەوی پارتەکە به گوێرەی پێشنیاز و بۆچوونەکان دەگۆڕدرێت. پاشان مەجلیسی گشتیی پارتەکە و هاوسەرۆکایەتی نوێ هەڵدەبژێردرێن.

 

شایانی بیرهێنانەوەیە کە پەیەدە یەکەمین کۆنگرەی خۆی بە بەشداری ١٨٥ نوێنەر لە مانگی ئەیلولی ٢٠٠٣ لە چیاکانی کوردستان بەست. لە کۆنگرەکەدا دامەزراندنی پەیەدە ڕاگەیەندرا.

 

کۆنگرەکە بە وتارەکەی ئاسیا عەبدوڵا هاوسەرۆکی پەیەدە بەردەوامە.