ژنانی قامیشلۆ داوای باشترکردنی دۆخی ژیانیان دەکەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنانی شاری قامیشلۆ داوای کۆمەڵێک چاکسازییان کرد کە خزمەت بە ناوچەکە بکەن، بەو هیوایەن شارەوانی نوێ کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی خەڵک بکەن کە پێشنیازیان کردووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/06/20240627-20240627-almadt-jpg05aba0-image-jpg687c05-image.jpg)
شیرین محەمەد
قامیشلۆ- هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە مانگی ئابی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ خەڵکی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانییەوە، چونکە بە بەشێکی جەوهەری دادەنرێت لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵک و کارکردن بۆ پێشخستنی هەرێم.
جودی ئیبراهیم، دەڵێت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، هیوادارم ئەنجامێک بەدەستبهێنین کە خزمەت بە خەڵک بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی بکات، پێویستە شارەوانی بەرنامەیەکی ستراتیژیش دابڕێژێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا بەمەبەستی گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەمان، پاراستنی سروشت و شارستانیەتی شارەکە پەیڕەوی بکات، بە پێویستی دەزانێت گرنگی بە قیرتاوکردنی ڕێگاکان بدەن کە لە گوند و شارۆچکەکانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە شار.
ڕوونیشیکردەوە، پێویستە شارەوانی پڕۆژەی تایبەت بۆ گەنجان دروستبکات، وەک کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری لەنێوان گەڕەکەکان و سەنتەری وەرزشی و گەشەپێدان بۆ تواناکانی گەنجان، جگە لە خولی ڕاهێنان بۆ گەشەپێدانی خود، هەروەها خولی پاک و خاوێنی بۆ منداڵان لە قوتابخانەکان و خێزانەکان لە کۆمۆنەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆلیدەکان ئەو دوکەڵانەی لێیەوە سەرهەڵدەدەن دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن وەک شێرپەنجە، تەنگەنەفەسی و نەخۆشیەکانی تر بۆیە پێویستە چارەسەربکرێت.
"پێویستە سزا بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە سەرپێچی ژینگەیی دەکەن"
بە پێویستی زانی شارەوانی یاسای سەرپێچیەکان بۆ هەر کەسێک دابنێت کە ژینگە پیس دەکات و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە ئەو کارە دەکەن، دەبێت شارەوانیش هەموو مانگێک لەگەڵ خەڵک کۆببێتەوە بۆ گوێگرتن بۆ داواکاری و گلەیی و پێشنیارەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام و ئەمەش پەیوەندییەک لە نێوان شارەوانیدا دروست دەکات.
جەختیشی لەوە کردەوە کۆمپانیاکان یان پسپۆڕان لە ڕیسایکلکردنی پاشماوەدا کار بکەن، وتی: داواکارین کە باخچە لە نێوان گەڕەکەکاندا دروست بکرێت بۆ ئەوەی تایبەت بێت بە خێزان و منداڵان بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانیان، هیوادارە خەڵک و هەموو دامەزراوەکانی ئێستا لەبەردەم ماڵەکان و شوێنە گشتیەکاندا دار بچێنن و گرنگییان پێبدەن بەهۆی ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە لە ئەنجامی دوکەڵی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکانەوە دروست دەبن.
"هیوادارین شارەوانی کارەکانی جێبەجێ بکات"
لەیلا عومەر دەڵێت: هیوادارین شارەوانی بە تەواوی کاری خۆی بکات، داواکارین شارەوانی ڕێگاکان قیرتاو بکات، ئەمە جگە لە دانانی ڕووناکی لەسەر هەموو ڕێگا گشتییەکان و نێوان گەڕەکەکان، و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ڕۆژانە و دوورخستنەوەیان، چونکە دەبێتە هۆی دەردانی بۆن کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی مێرووەکان و لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان.
پەروین محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، گرنگیدان بە باخچە گشتییەکان و شوێنە گشتییەکان کارێکی پێویستە، هیوادارین شارەوانی ڕووپۆشی ڕووەکی زیاد بکات بە مەبەستی بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان سرووشتی ناوچەکە و کەشوهەوا.
وەسمیە خەلەف، ڕوونی کردەوە، پێویستە شارەوانی دەرمان بداتە خەڵک بۆ مێرووەکان بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، وتی: ئێمە زۆر بەدەستیانەوە دەناڵێنین و ترسمان هەیە بۆ منداڵەکانمان بەهۆی مێرووەکانەوە ژەهراوی ببن، داوا لە خاوەن فرۆشگاکان دەکەم بە ئامانجەوە هاوکاری شارەوانی بکەن لە گەیشتن بە بیرکردنەوەیەکی شارستانی و ژینگەدۆست.