"ژنان دەتوانن کاریگەرییەکی باشیان لە سیستمی حکومڕانیدا هەبێت"

ئامینە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگە و ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانە، باسی لە سەرکەوتن و کاری ژنان کرد، کە دەتوانن گۆرانکاری بکەن و کاریگەرییان لەسەر سیستمی حکومرانی هەیە.

سلێمانی

 

ئامینە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگە و ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانە، تا ئێستا ١١٥ خەڵاتی لە بوارە جیاوازەکاندا وەرگرتووە، وەکو ژنێک لە هەموو بوارەکان و بە تایبەتی بواری ژینگەدا کاری کردووە، خاوەنی ٦ خەڵاتی نێودەوڵەتییە لەسەر ئاستی جیهان و خاوەنی سی خەڵاتی دکتۆرای فەخرییە.

 

ئامینە ئەحمەد، باسی لە خەڵاتکردنی ژنان لە پای کارەکانیان کرد، کە ژنان دەتوانن ڕۆڵی کاریگەرییان لەسەر بوارە جیاوازەکانی ژنان هەبێت و بە شایستەی خەڵات و پێزانین دادەنرێن.

 

"ژنان دەتوانن کاریگەرییەکی باشیان لە سیستمی حکومرانیدا هەبێت"

ئامینە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، کە لە ئێستادا ژنان لە کێبڕکێیەکی گەورەدان چۆن وڵاتەکەیان بەرەو پێش ببەن و بە سەختی کار دەکەن بە بێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بکەنەوە، وتیشی: من وەکو ژنێک هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە قەرزای مێژوو نەبم و توانیومە ئەرشیفێکی باش و بەهێزم هەبێت، ژنان دەتوانن ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن، بە مەرجێک سیستمی حکومڕانی لە بار بێت بۆیان یان هاوکاریان بێت، بەهۆی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی هەیە ژنان نەیانتوانیوە بە پێی پێویست هێزی خۆیان پیشان بدەن، ژنان ئەمڕۆ لە سیستمی حکومڕانیدا لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە.

 

"ژنانی کورد مێژوویان نەخشاندووە"

ئامینە ئەحمەد ڕوونی کردەوە، ژنانی کورد توانیویانە پێشەنگ بن و نەبن بە پاشکۆی دەسەڵات و ئەو ژنانەش لە کۆمەڵگەدا دیارن و کارێکیان کردووە لەبەرەی گەلدا بوون، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر سەیری ژنانی جیهانیش بکەین، دەبینین ژنانی کورد لە هەموو کەس زیاتر کار و خەباتیان کردووە، کەس وەکو ژنی کورد مێژووی نە نەخشاندووە، لە ساڵی حەفتاکانەوە کە هاتوومەتە ناو سایسەتەوە وەکو ژنێک چەندین کاری گرنگم کردووە، بۆیە لە سەردەمەکانی پیشوودا خەبات بە بێ ژن نەکراوە، دەبینین ئەو ژنانەی خوەنی باشترین خەڵاتن ماندوبوونێکی زۆریان چەشتووە لەو پیناەوەدا.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "کەسانی ئەدەب دۆست و ڕوناکبیر و ئەوانەی خەڵات دەبەخشن بە ژنان، ماندووبوونی ژنان دەبینن، هەرچەندە بەشێک لە ژنان بیردەخرێنەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە و بەشێکی ژنان ڕەنج و ماندوبوونیان پشتگوێ خراوە، بەداخەوە ئێستا زۆربەی ئەو پەرتوکانەی دەیخوێنێنەوە بە پیاواندا هەڵدەدەن، لە کاتێکدا باسی ژنان ناکەن کە ئەوان بۆ ئازادی چەندین کاری قورس و مەترسیداریان کردووە، چونکە دەسەڵات بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری کار دەکات.

 

"دەبێت وەکو ژن درێژە بە خەباتی کۆمەڵگەی مەدەنی بدەین"

ئامینە ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، من خۆشحاڵم کە دەبینم هەندێک ژن لە پەڕاوەکانی مێژوودا باس کراون، بەڵام هەندێک شت هەیە نابێت ژن قبوڵی بکات و دەبێت دریژە بە خەباتی کۆمەڵگای مەدەنی بدەین، ئێمە شۆڕشی کۆمەڵایەتیمان بەرپا کردووە و دەبێت بە ئامانەتەوە بەرەو پێشەوەی ببەین، چونکە دەبینین تا ئێستاش ژن کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان بەردەوامە، هەرچەندە کۆمەڵگە پێشکەوتووە، بەڵام پێویستمان بە ڕۆشنبیری زیاترە.

 

وتیشی: ژنان بە توانا و ئیرادەیان دەتوانن خەڵاتی باش بەدەست بهێنن و بەدەستیشیان هێناوە، من وەکو ژنێک کاتێک زۆر ماندوو دەبم لە کارکردن بۆ کۆمەڵگەکەم ئاسودە دەبم، ئەو داگیرکارییەی لەسەرمانە کە چۆن ژینگەکەمانی لەناوبردووە، هەوڵمداوە ئەو دەنگە بگەیەنم بە ئەوروپا.

 

لە کۆتاییدا ئامینە ئەحمەد باسی لەو خەڵاتانە کرد کە وەریگرتووە و وتی: لە بواری خزمەتکردن بە دۆزی ژن چەندین خەڵاتم وەرگرتووە، چوار خەڵاتم لە کۆریای باشوور لەسەر ئاستی ئابوری و ژینگە وەرگرتووە، لە بواری ڕێکخراوەیی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری چەندین خەڵاتی ترم بەدەستهێناوە، لە ئەم ساڵیشدا ژنان بە ڕیژەیەکی باش توانیویانە خەڵات لە بوارە جیاوازەکاندا وەربگرن.