"ڕێزگرتن لە زمانی دایکی هەر کەسێک ڕێزگرتنە لە مافی هاوبەشی گەلان"

چالاکوانێکی بواری پەروەردە دەڵێ: هەرچەندە ئەمڕۆ بڵاوبوونەوەی کتێب و گۆڤار و کەناڵی تەلەفزیۆنی بە زمانی کوردی دامەزراوە بۆ فێرکردنی کوردی لە ئێراندا دەبینین، بەڵام هەموو ئەو شتانە لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ڕژێم دایە.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندرە- زمان گرنگترین ئامرازە بۆ چارەسەرکردنی هەموو پێداویستییە سۆزداری و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا و ڕەتکردنەوەی مافی خوێندن بە زمانی دایکی دەبێتە هۆی جیاوازیی کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتێکدا، زمانی کوردی تا ئێستاش جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سیاسی و پەروەردەیی وڵاتی ئێراندا نییە، لە کاتێکدا بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڤیکشنەری-مێتا، زمانی کوردی لە ڕیزبەندی هەشتەمی ١٦٨ زمانە زیندووەکەی جیهاندایە.

 

زمان هی تاکێک، ڕێکخراوێک، یان هەر حکومەتێکی دەسەڵاتدار نییە کە بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و هەوڵی لەناوبردنی ببات، بەڵکو زمان مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و بەندێکی پەیماننامەی مرۆڤ باس لە پاراستنی زمانی دایکی دەکات، کە کەس مافی پێشێلکرد و زەوتکردنی نییە، بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا لە کاتی چوونە ناو قوتابخانەکاندا دەبینرێت کە حکومەت سەرەتاییترین مافی هەموو مرۆڤێک پێشێل دەکات، چونکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندن بە زمانی فارسییە و کوردی تیادا ناخوێنرێت.

 

ڕۆژین حوسێن زادە، چالاکوانی پەروەردەی زمانی کوردی لە دیواندەرە باسی لەوەکرد، سەرەڕای ئەو سەدان کێشەیەی کە حکومەت بۆ خەڵکی دروستکردووە، بەڵام خەمی سەرەکی و هەوڵی سەرەکی پەروەردەیە بە زمانی کوردی، وتیشی: تێڕوانینی سەرەتایی منداڵ بۆ ئەم ئەزموونە فێرکارییە ستەمکارە، بۆ هەمیشە کاریگەری لەسەر تەواوی بوونی دەبێت، ئەوەی لە زمانی مامۆستا دەردەچێت و ئەو زمانەی کە پیتە نووسراوەکان لەسەر کاغەزەکە دروستی دەکەن، ئەگەر زمانێکی ئاشنا و زمانی دایکی بێت، هەستێکی ئاسایش بۆ منداڵەکە دەهێنێت، بەڵام زمانێکی بیانی کە هیچ نیشانەیەکی دایک یان خێزانی منداڵەکەی تێدا نەبێت و نیشانە ناڕوونەکان کە تەنها بە هەمان زمانی بیانی دەردەکەون، هەستی ئاسایشی منداڵەکە دەلەرزێنێت و وا دەکات تووشی نائارامی هەمیشەیی ببێت.

 

وتیشی: کاتێک سەردانی یەکێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری دیواندەرەم کرد، تێبینیم کرد کە ئەو منداڵانەی تازە چوونەتە ناو قوتابخانەکە، لە سەرەتای پۆلدا گۆرانی شۆڕشگێڕییان بە زمانی فارسی پێ دەوترێتەوە و مامۆستاش مافی ئەوەی نەبووە وانە بڵێتەوە بە کوردی، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی فێربوونی بنەڕەتی قسەکردن و نووسینی زمانی کوردی لەبیر بکرێت.

 

"سیاسەتە ناوەندگەراییەکان سیستەمی قەدەغەکردنی خوێندنی زمانی دایکن"

ڕۆژین حوسێن زادە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: بیهێنە بەرچاوی خۆت کە منداڵێک لە یەک ڕۆژی خوێندندا چ جۆرە ئەزموونێکی دەبێت، ئەزموونێکی پەروەردەیی باش یان خراپ؟ چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی ئەو منداڵە دەبێت؟ بەڕای من بەرگری لە قەدەغەکردنی منداڵ لە فێربوونی زمانی دایکی، لەبەر ئەوەیە کە ئێمە پێمان وایە فێرکردنی زمانی دایک لە وڵاتێکدا کە دانیشتووانی هەمەچەشنی لە ئێراندا هەیە، دەتوانێت زمانی فارسی لاواز بکات، لە کاتێکدا ئەمە وا نییە و منداڵان دەتوانن بە فرە زمان گەورە بن.

 

ناوبراو ئاماژەی بە گرنگی سیستەمی پەروەردەی فرە زمانی کرد و دەڵێت: ئەگەر فرە زمانەوانی بە شێوەیەکی دروست داڕێژرا و فێر بکرێت، نەک هەر نابێتە هەڕەشە بۆ سەر زمانی فارسی، بەڵکو دەبێتە هۆی هەستکردنێکی زیاتری سەربەخۆیی بەم منداڵانە لە کۆمەڵگەدا و دەوڵەمەندکردنی کولتووری وڵاتەکە، هەرچەندە زمانی فارسی خۆی زمانێکی دەوڵەمەند نییە، چونکە لێشاوێکی گەورەی وشەی زمانە عەرەبی و تورکییەکانی دیکەی تێدایە.

 

"ئێمە مافی وانەوتنەوەمان نییە لە قوتابخانەکانی شار چونکە مۆڵەتمان پێنادەن"

ڕۆژین حوسێن زادە دەڵێت: خوێندنی زمانی کوردی بە نهێنی لە شاری دیواندەرە ئەنجام دەدرێت، ئێمە مافی ئەوەمان نییە لە قوتابخانەکانی ئەو شارە وانە بڵێینەوە چونکە مۆڵەتمان پێنادەن، ئەوەی بینیومانە حکومەتی ئێران هیچ گێڕانەوەیەکی ناوێت جگە لە گێڕانەوەی خۆی لە سیاسەت و مافی مرۆڤ و کۆمەڵگە و مێژوو و ئابووری و کولتوور، دەیەوێت هەموو شتێک لە دەستی خۆیدا بێت.

 

"شەپۆلی دەستگیرکردنی چالاکوانانی زمانی کوردی تەنیا بە تاوانی فێرکردنی کوردی ئەنجام درا"

ڕۆژین حوسێن زادە لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە حوکمی دژ بە زارا محەمەدی وتی: دوایین نموونەی ڕوونی مامەڵەی حکومەت لەگەڵ چالاکانی مافی زمانی دایک، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی زارا محەمەدیی مامۆستای زمانی کوردییە، کە لە دادگای سەرەتاییدا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و شەپۆلەکەی تری دەستگیرکردنی چالاکوانانی زمانی کوردی تەنها بۆ تاوانی پەروەردە بوو، بۆیە دەروازەی ئازادی و پێشکەوتن لە سیستەمی دیکتاتۆری وەک ئێران و تورکیادا ناکرێتەوە، هەتا ئازادکردنی مرۆڤەکان بۆ مافی ژیان و فێربوونی زمانی دایک و زمانی هەر نەتەوەیەکی دیکە پەیڕەو نەکرێت.